11وتار

دەنگی پێی سەرۆک دێت!

11/15/2025 9:20:00 PM
د. ئیبراهیم محەمەد


سووننە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ڕاستەوخۆ سەرۆک کۆماریان پێدراو (غازی عەجیل یاوەر) بوو بە سەرۆککۆمای عێراق لە ٢٠٠٤دا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ دا (مام جەلال) وەکو یەکەم کورد بوو بەسەرۆک کۆماری عێراق.

ئەم بەرکەوتەیە لە سەر بنەمای هاوبەشی دەسەڵات و دابەشکاری پێکهاتەیی هاتەبوون و سووننەش سەرۆکی پەرلەمانی بەرکەوت، بەڵام لە خولی دووەمدا سووننەکان داوای ئەوەیان کرد کە پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت بەرکەوتەی ئەوان بێت، لەبەر ئەوەی دووەم گەورەترین پێکهاتەی عێراقن و خولی یەکەمیش بە ڕێکكەوتن کراوە لەگەڵ هاوپەیمانی شیعەکان و کورد کە لە خولی دووەمدا بگەڕێنرێتەوە بۆ سووننە.

لەم بارەیەوە ئەوەی زیاتر پشتگیری سووننەکانی دەرکرد بۆ ئەو داوایە ئەمریکیەکان بوون بە پاڵپشتی هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، چونکە لایەنە سووننەکان هەستیان بە پەراوێزخستن دەکرد و ویسترا لەژێر ئەو ناوەدا پۆستەکە لەکورد وەربگیرێتەوە، بەڵام کورد بەوە ڕازی نەبوو تا ئێستاش هاوکێشەی دابەشکارییەکە بەردەوامە و کورد سەرۆککۆمار و سووننە سەرۆکی پەرلەمان و شیعەش سەرۆکوەزیرانیان بەرکەوتووە.

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ١١/١١/٢٠٢٥ دا ئەو بابەتە سەری هەڵداوەتەوە بە بەهێزی بەتایبەت لەلایەن حزبی تەقەدومی حەلبوسی پاش سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکەدا وهەندێک لەسوونەکانی دەرەوەی حزبەکەی حەلبوسی پشتگیری ئەم داوایە دەکەن.
ئێستا بارودۆخەکە چۆنە؟

بێگومان کورد لەم پرسەدا دژی وەها هەنگاوێک دەوەستێتەوە ڕوون و ڕاشکاوە بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بەدەر لەوەی بەرکەوتەی کوردە، لە هەمان کاتدا لەدەستدانی هاوکێشەی دابەشکاری پۆستەکانی هەرێمیش تێکدەدات و گرفتێکی تر دروست دەبێت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا.

سەبارەت بە شیعەکان بەشێوەیەکی گشتیی دژی ئەم بیرۆکەیەن، بەتایبەت دژی ئەوەن جارێکی تر سوونەیەک نوێنەرایەتی عێراق بکات و لەوەش دەترسن دەوڵەتە سوونییەکان سەرەڕای پرۆتۆکۆلی بوونی پۆستەکە بەکاری بهێنن بۆ سەرلەنوێ گەرانەوەی بەهێزی سوونە بۆ ناوەندە سیاسیە عەرەبی و جیهانیەکانی دژ بەنفوزی شیعەو ئێران و بەرەی موقاوەمە.

دەوڵەتانی ناوچەکە بە تایبەتی سووننەکان، دوای بەشار ئەسەد دەیانەوێت پاڵپشتی سووننەکانی عێراق بکەن بۆ هەنگاوێکی سیاسی گرنگ، بە تایبەتی کە دەبینن ئێران لە هاوکێشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لاوازبووەو بەهەلی دەزانن عێراقیش پێگەی ئێرانی تێدا لاوازبکرێت، پێدەچێت ئەمەیش یەکێک بێت لە هەنگاوەکان.

دەوڵەتانی عەرەبی بەتایبەت ئیمارات و سعودیە و تا ڕادەیەکیش میسر زۆر پێیان خۆشە سووننەکانی عێراق لەو بەستەڵەکە بێنەدەرەوە و لەبەرامبەر نفوزی ئێران بووەستنەوە، ئەمەش وادەکات هەڵوێستی ئەمریکا بەلای کەیسێکی لەوجۆرەوە پشگیری بێت نەک دژایەتی، چونکە ئەو دەوڵەتە عەرەبیانە گرنگن بۆ ئەمریکا وڕەچاوی خواستیان دەکات، ئەگەر بێتو بەجددی لەسەر ئەو پرسە پشتگیری تەواوەتی سوونەکانی عێراق بەتایبەتی حلبوسی تاکۆتایی بەردەوامی هەبێت.
حەلبوسی بوەتە هێزی یەکەمی سووننە و پانتاییەکی جەماوەری لەدەوری پرۆژەیەکی سوونی کۆکردۆتەوە و داواکارییەکی سەر سەختی ئەو پۆستەیە بۆ سوونە وهەرلەئێستاوە بە فەخامەتی سەرۆک بانگی دەکەن!
ئەم بارودۆخە لەچەند هەفتەی ئایندە ڕوونتر دەبێتەوە و لەناوەندەکان گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت.
بەڵام بەدووری نازانم پۆستی سەرۆک کۆمار ببێتە بابەتێک بۆ دەستێوەردانی ووڵاتانی ناوچەکە وکوردیش بەم پەرتەوازەییە و بێ پاڵپشتیە دوور نییە نەیدۆڕێنێ.

لەهەر بارێکدا بێت حەلبوسی براوەیە، بەو پێیەی دەستی بۆ شتێک بردووە ئەگەر سەرکەوتوو بوو، ئەوا بە دۆست و دوژمنی دەڵێت ئەوە هێزی منەو ئاوا بەهێزم بەرامبەرتان، بەپێچەوانەوە ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو ئەوا بەشارعی سوونی دەڵێت هێزە سوونیەکانی تری وەک خەمیس خەنجەر و موسەنا سامەرائی پشتگیری داوای سوونەکان نەبوون ولەبەرەی دژەکانتان بوون کە سوونە وکوردن ، ئەمەش تەسویق دەکا بۆ بەهێزی پێگەی لە ناو سوونەکان ولێدان لەنەیارەکانی.
 حەلبوسی کەسایەتیەکی ئاڵۆزی هەیە دوای لادانی لەسەرۆکی پەرلەمان ودەرکردنی بەهەموو حوکمێک دەبوایە سەرنجامی وەک گارق هاشمی و هاوشێوەکانی یان لە زیندان یان لە تاراوگە ڕای بکردایە، بەڵام لەئێستادا دەنگی پێی بەرەو کۆشکی کۆماری بوەتە دێوەزمە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن