ئەدیبێکی هێمن جێی هێشتین
8/17/2026 12:24:00 PM
مەریوان وریا قانع
مامۆستا حسێن عارف یەکێک لەناوە جوان و
پاکەکانی ناو مێژووی ئەدەبیاتی ئێمەیە. کۆچکردنی یەکجاریی دروستکردنی برینێکە لە یاداوەریی
بەشێکی گەورەی خوێنەرەکانیدا.
ئەوەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە نووسینێکی
منە لە مانگی ٥ ساڵی ٢٠٠٧دا نووسراوە و دواتر لە کتێبی «دڵرەقیی و بێماڵیی»دا
بلاوکراوەتەوە. کتێبی دڵرەقیی و بێماڵیی» لە ساڵی ٢٠١٥دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەمەش دەقی نووسینەکە:
من و حسێن عارف
پیاوێکی ھێمن و ئەدەبێکی ھێمنتر
١- ئەم کورتە نووسینە لەسەر ئەزموونی مامۆستا حسێن عارف بەشدارییەکی سادەی
من بوو لە کۆڕێکدا لە شاری ئەمستردام کە بۆ ڕێزلێنان لەو گیرابوو. نووسینەکە دەربڕینی
وەفادارییەکی سەرەتاییە بۆ ئەرک و کارەکانی کاک حسێن عارف و نەوە ڕۆشنبیرییەکەی ساڵانی
ھەفتا لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا.
٢- ئامادەبووانی بەڕێز، سوپاسێکی تایبەت بۆ داوەتکردنم بۆ بەشداربوون لە
کۆڕی خەڵاتکردنی یەکێک لە نووسەرە گرنگەکانی مێژووی ئەدەبیاتی کوردیی لە نیوەی
دووھەمی سەدەی بیستەمدا، مامۆستا حسێن عارف. خۆم بەبەختەوەر ئەزانم لەم بۆنەیەدا بە
کورتە نووسینێک لەو پەیوندییانە بدوێم کە من وەک نووسەرێکی نەوەی دوای کاک حسێن
عارف, بە کاک حسێن عارفەوە وەک نووسەرێک دەبەستێتەوە و لەھەندێک ڕوانگەی تایبەتەوە
لەو پەیوەندییە بڕوانم، کە بێگومان لە دیدی مندا پەیوەندییەکی گرنگی ناو دونیای ڕۆشنبیریی
ئێمەیە. مەبەستم لەو پەیوەندییە ئەو پەیوەندییە شەخسییانە نییە کە دەشێت لەنێوان
دوو نووسەری سەر بە دوو نەوەی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریدا دروستببێت، چونکە لەم ئاستەدا
پەیوەندییەکان ئەوەندە نەبوون شایانی باسکردن و گێڕانەوە بن، بەڵام پەیوەندیی من بە
کاک حسێن عارفەوە وەک نووسەر، وەک خاوەنی کۆمەڵێک تێکست ونووسین و ڕا و بۆچوونی ئەدەبیی
و نائەدەبیی، وەک جۆرێکی تایبەت لە لە پەیوەندیی و چێژیی ئەدەبیی، وەک پەیوەندییەک
کە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زمان و نووسیندا ئاراستەی دەکات، یان وەک پەیوەندیی بەناوێکی
دیار و گرنگی نەوەیەکی ئەدەبی ناو مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمەوە، پەیوەندییەکی گرنگە و
لەزۆر ڕووەوە بە شایانی باسکردن و گێڕانەوەی دەزانم. ھەر لەم سەرەتایەشەوە دەمەوێت
بڵێم بەبێ دروستبوونی نەوە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکەی کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی، بەبێ
ئەو گۆڕانکارییانەی ئەم نەوەیە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا دروستیانکرد، بەبێ ئەو وزە تازەیەی
بۆ گۆڕانکاریی و داھێنان ھێنایانە ناو دونیای ڕۆشنبیریی ئێمەوە، زەحمەت بوو نەوەکانی
دوای ئەوان و دونیا ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکەی دوای ئەوان لەو شێوەیەدا دروستببێت کە
نەوەی ئێمە دروستیکرد.
٣- کاک حسێن عارف لە دیدی مندا یەکێکە لەو نووسەرە گرنگانەی نیوەی دووھەمی
سەدەی بیستەمی ئەدەبیاتی کوردیی کە ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی لە تازەکردنەوەی زمان و
تازکردنەوەی شێوازی نووسین و تازەکردنەوەی خەیاڵی ئەدەبی ئێمەدا بینیوە. ئەمەش بەڕادەیەکە
دەوێرم بڵێم ئەوەی ئەمڕۆ لە واقیعی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا ئامادەیە, ھەندێک لە
ڕەگ و ڕیشە قووڵەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی نووسین و داھێنانی ئەم پیاوە و ئەو
بزوتنەوە ئەدەبییەی کە کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی لە ساڵی ١٩٧٠ دا ھێنایانەکایەو،
مەبەستم لەو بزوتنەوەیەش ”بزوتنەوەی ڕوانگە"یە. من لە ساڵی ١٩٧٠ دا قوتابی پۆلی
چواری سەرەتایی بووم و لەبەردەمی تەختەڕەشی یەکێک لە قوتابخانە چەپەرەکانی شاری سلێمانیدا
ھەنگاوە سەرەتاییەکانی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە و بیرکردنەوە فێردەبووم، بە شیعر
و چیرۆک و ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژگارە، بە دۆخی کورد و کێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانی دونیای
کورد، ئاشنادەبووم. ئەگەرچی من وەک منداڵێک ئاگام لە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە نەبوو،
ئەوەی دەمناسی تەنھا کۆمەڵێک شیعری قانع و حاجی قادری کۆیی و گۆران بوو، ئەوەی لەسەر
ئەدەبیات فێریدەبووم لە باس و خواسی ناو ئەو وانە سەرەتاییانە تێپەڕینەدەکرد کە لە
قوتابخانەی شێخ سەلام لە وانەی کوردیدا وەرماندەگرت، ئەمە جگە لەو قسە و باسە ئەدەبیانەی
لەماڵی خۆماندا لەنێوان باوکم و مام و کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیرانی ئەو کاتە کە سەردانی
ماڵی ئێمەیان ئەکرد. دەڵێم لەکاتێکدا من وەک منداڵێک بە سەرەتاکانی ئەدەب و نووسین
لە قوتابخانە و ماڵی خۆماندا ئاشنادەبووم، ڕێک لەو کاتەدا کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی
خەریکی دەسکاریکردنێکی قووڵ و ڕیشەیی و تازەکردنەوەی ئەدەبیاتی ئێمەبوون، خەریکی گۆڕان
و داھێنانی شێوازی نوێ زمان و نووسین و داڕشتن بوون و لەھەوڵی بەرجەستەکردنی دیدێکی
تازەدا بوون بۆ تێگەیشتن لە چییەتی ئەدەب و لە ڕۆڵی زمان و پێگەی ھونەر و قورسایی
نووسین و کاریگەرییەکانیان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی کۆمەڵگای ئێمەدا.
ئەوەی کاک حسێن و ھاوڕێکانی لەو ساڵانەدا ئەنجامیاندا، ئەوەی ئەوان دەیاننووسی و بڵاویاندەکردەوە،
چەند ساڵێک دواتر بوو بەو زادە فیکریی و ئەدەبیی و خەیاڵییەی کە نەوەی من لە قووڵکردنەوەی
تێگەیشتنیدا بۆ ئەدەب و نووسین لە نزیکەوە پێیان ئاشنابوو. بڕێکی بەرچاوی ئەو کتێبانەی
من لە ساڵانی ھەفتا و سەرەتای ھەشتادا خوێندمنەوە کتێبەکانی کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی
بوون، ئەو تێکستە ئەدەبیانەبوون کە ئەم نەوەیە لەناو ئەزموونێکی تازەی نووسین و گەڵاڵەکردنی
ھەستێکی ئیستاتیکی تازەدا بەرھەمیاندەھێنا. ئەو تێکستانە یەکێک لەو دەروازە گرنگانە
بوو کە نەوەی من بۆ تێگەیشتن لە خۆی و بۆ تێگەیشتن لەو دونیایەی تیایدا دەژین و بۆ
تێگەیشتن لە ئەدەبیات دەمانکردەوە. نووسینی ئەو نەوە ئەدەبییە بە ئێمە ئامرازێکی فەرھەنگیی
و ئیستاتیکیی گرنگی دەبەخشی بۆئەوەی بزانین لە کام بەشی دونیادا و لەناو کام میلەت
و کام زمان و کام مێژوویی تایبتەدا دەژین و ئەمەش ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی و
گرنگی گەشەکردنی ھۆشیاریی ئەدەبیی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیی و تەنانەت سیاسیمان.
کاک حسێن عارف بۆ من یەکێکە لەو کەسانەی دەست و پەنجە و قەڵەمەکەی لەناو خەیاڵ و
زمان و نووسینی من و لەناو نووسینی بڕێکی زۆری نەوە ئەدەبیی و فیکرییەکەی دوای ئەواندا،
ئامادەیە، ئەو نەوەیەی لە کۆتایی ھەشتاکانەوە چوونە ناو دونیای نووسین و ئەدەبیاتی
کوردییەوە. ئەگەر ھەر نەوەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵێک باوکی ڕەمزیی ھەبێت ئەوا
بێگومان کاک حسێن عارف یەکێکە لەو باوکانەی کە نەوەی ئێمە ماوەیەکی درێژ گوێیلێگرت
و چێژیی ئەدەبیی و ئیستاتیکیی خۆی لەپاڵ چێژیی ئەو و ھۆشیاریی خۆی لەڕێگای تێکستەکانی
ئەوەوە پەروەردەکرد و گەشەپێئەدا، بێگومان بۆ ئەوەی لە ساتێک لە ساتەکەندا ھەریەکێکمان
بتوانین عەوداڵی دۆزینەوەی ڕێگای تایبەتی بیرکردنەوە و دەربڕین و نووسینی تایبەت بەخۆمان
بین و دونیای خۆمان بەوجۆرە ببینین و لێکبدەینەوە کە لەگەڵ تێگەیشتن و خوێندنەوە و
ئەزموونی تایبەتی ھەریەکێکماندا دەگونجێت.
٤-نووسینەکانی کاک حوسێن عارف بۆ من لەو جۆرە نووسینانە بوون کە دەستیان
دەگرتم و دەیانبردمە بەردەمی کۆمەڵێک ڕێگای دیاریکراو، ئەو جۆرە نوسینانەی ماوەیەک
لەگەڵتدا دێن بۆئەوەی لەبەردەمی چەند دووڕیانێکدا ڕاتبگرن و ئازادیی ئەوەت پێببەخشن
خۆت ڕێگای خۆت ھەڵبژێریت و خۆت بڕیاری خۆت بدەیت و خۆت دونیا و سەرچڵییەکانی خۆت
بدۆزیتەوە و بژیت. یەکێک لە ئاکارە سەرەکیی و گرنگەکانی ئەدەبی ئەم پیاوە ئەوەیە کە
خۆیت بەسەردا ناسەپێنێت، یەخەت ناگرێت و بەزۆر داوای خوێندنەوەت لێناکات، ھاوار و
قیڕەقیڕیی تیا نییە و ھەندێکجار ھێندە لەسەرخۆ و ھێواش ئەدوێت پێویستی بەوەیە ھەموو
ھۆشی خۆتی پێببەخشی بۆئەوەی بزانی چی دەڵێت. نووسینی حسێن عارف بە دەنگەدەنگ و
ھاتوھاوارێکی زۆرەوە بەپاڵتا تێناپەڕێت، ھێمن و لەسەرخۆیە بەڵام نووسینێک نییە ڕاگوزەربێت،
خێرا بێت و خێرا بیبینیت و خێرا بڕوات و خێرا لەبیرتبچێتەوە. نووسینی حسێن عارف دێت
و لەپاڵدا دادەنیشێت، بەھێمنی ڕووداو و بەسەرھات و کێشە سەرنجڕاکێشەکانت بۆدەگێڕێتەوە،
کەسایەتییە پڕ پرسیار و گومانکەر و تەنھاکانت پێدەناسێنێت. باسی ئەو شوێن و ئینسان
و ڕووداوەنە دەگێڕێتەوە کە نەک تەنھا باشیان دەناسێت و بە نھێنییە قووڵەکانیان
ئاشنایە، بەڵکو دەشتوانێت سەرنجڕاکێشانە و بە زمانێکی پڕ لە جوڵەی بێئۆقرەوە و بە ڕۆحێکی
ئیستاتیکیی ناسکەوە بیانگێڕێتەوە. ئەزموونی ئەدەبی ئەم پیاوە، لەگەڵ ئەو توانا گەورەیەی
تازەکردنەوەی بابەت و کەس و ڕووداوەکانیدا، لەگەڵ ئەو زمانەدا کە پشوودان ناناسێت،
یەکێکە لە ھێمنترینی ئەزموونە ئەدەبییەکانی پەنجا ساڵی ڕابردووی ئەدەبیاتی ئێمە. چیرۆکەکانی
کاک حسێن عارف وەک خۆی وان، لەسەرخۆن بەڵام پڕن لە نھێنیی و نادیار و جوڵە و ئاسۆی
نەبینراو، ھەریەکێکیش لەمانە پێویستیان بە خوێندنەوەی لەسەرخۆ و ورد و ھەمەلایەن ھەیە
بۆ دۆزینەوەی مانا و دەلالەتە نھێنیی و ئاشکراکانیان. ئەدەبی کاک حسێن عارف ئدەبی
قسەکردنە لەڕێگای چرپەوە، ئەدەبێکە لەدەرەوەی ئەو قیڕەقیڕە نائیستاتیکی و ناھونەرییەوەیە
کە لە بەشێکی بەرچاوی تێکستە ئەدەبییەکانی ئەو ساڵانە و ساڵانی دواتریشەوە ھەڵدەستێت.
ئەدەبێکە لەسەرخۆ و بەدەنگێکی نەرم ئەدوێت، بەڵام شتگەلێکی زۆر و پڕنھێنی و پرسیارکەر
دەڵێت.
٥-کتێبەکانی کاک حوسەین عارف بۆ من ئەو کۆمەڵە کتێبە بوون کە کۆمەکێکی
گەورەیان کردم چێژ و زەوق و خەیاڵی خۆم بە زمانێک گەشە پێبدەم کە زمانی کەشف و دۆزینەوەی
بەردەوامە. زمانێکی ھێمن، بەڵام پڕ جوڵە و نائارامیی. نووسینەکانی ئەم پیاوە وایان
لێکردم بەوە ڕازینەبم لە ڕووکەش و دیوی دەرەوەی تێکستەکاندا بمێنمەوە، لەپشتی ھێمنیی
گێڕانەوە و وێنەکانەوە بەدوای قووڵاییەکی نادیار و ئاڵۆزدا بگەڕێم کە بە ئەدەب ئەو
مانا تایبەتانە دەبەخشن کە لە تێکستە نائەدەبییەکان جیایاندەکاتەوە. ئەدەبی کاک حسێن
عارف لەم ئاسەتدا ھەڵگری خەسڵەتێکی تایبەتە، لەناو مێژوودا مێژووی تر و لەناو جوانیدا
جوانیی تر و لەناو مرۆڤدا مرۆڤی تر پێشنیاردەکات، پەیوەندییەکی فرەلایەنیش لەنێوان
مرۆڤ و ژینگە سروشتیی و ئینسانییەکەیدا پێشنیاردەکات، لەم پەیوەندییەدا نە فرمێسکی
درۆ و نە پێکەنینی درۆ و نە چاوەڕوانی درۆ لەو مۆرڤانەدا نابینین، بەڵام کەسەکان مەترسییەکان
و ھەڕەشەکانی ئەو ژینگەیە تا سەر ئێسقان تاقیدەکەنەوە و ئازایانە بەرەنگاریان دەبنەوە.
چیرۆکی ”گەلە گورگ" شایەتی لەم قسانەی من ئەدات و حیکایەتی دونیایەک دەگەڕێتەوە
نائارام و پڕ ململانێی جیاواز لەنێوان مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا و لەنێوان ئەوان و
سروشتدا. ھەموو ئەم شتانە کە لەئەدەبی ئەم پیاوەدا ئامادەیە، یان لانیکەم من لە خوێندنەوەمدا
بۆ ئەم ئەدەبە دیومە و ئەزموونم کردوە، ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لە دید و ڕوانین و
تێگەیشتنی من بۆ ئەدەبیات و نووسین و بەرپرسیارێتی نووسەر بەشێوەیەکی گشتی. بەبۆچوونی
من نووسەری باش و سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە بەشێک لە ڕۆحی خۆی لەناو ڕۆحی نووسەرەکانی
سەردەمی خۆی و دوای خۆیدا و لەناو ڕۆحی زۆرێک لە خوێنەرەکانیدا بەجێدەھێڵێت، سێبەرێک
لە سێبەرەکانی خۆی دەبەخشێتە سەردەمەکەی خۆی و ھەندێک تارمایشش بەرەو ئایندە و بۆ
مرۆڤەکانی دوای خۆی دەنێرێت، پێموایە کاک حوسێن عارف چ لەبەخشینی بڕێک لە ڕۆحی خۆی
و چ لە بەخشینی ھەندێک لە سێبەرەکانیدا بە نووسەران و خوێنەران و سەردەمەکەی خۆی و
چ لەناردنی بڕێک لە تارماییەکانییشی بۆ ئایندە، پیاوێکی بەخشندەبووە، ئەم پیاوە لە
ساڵەکانی تر و سەردەمەکانی تریشدا دەخوێندرێتەوە و زمانەکەی دەڕوات بۆ ئەو ڕۆژگارانەی
زمانی زۆر نووسەری تری تێدا بزردەبێت.
٦-من ئەمڕۆ لەم ھۆڵە سادەیەدا ئامادەم بۆ ڕێزگرتن لەو پیاوەی کە
ناتوانم مێژووی نووسین و گەشەکردنی چێژ و یارییەکانی خەیاڵم لەدەرەوەی کاریگەرییەکانی
ئەو و ئەو نەوەیەدا ببینم، کە ئەو یەکێکە لە داھێنەر و تازەگەرە گرنگەکانی. بەڵام
بۆ ئەوەی زیاتر و وردتر بدوێم واباشترە زۆر کۆنکریتتر لەخۆم بپرسم من چی لەو پیاوەوە
فێربووم؟ یان گەر بمەوێت بەناوی نەوەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە بدوێم دەکرێت
بپرسم ئێمە چی لەم چیرۆکنووسە ھێمنەوە فێربووین؟ کامانەن ئەو شوێنپەنجانەی ئەو
نووسەرە بەسەر جەستەی نووسین و جەستەی ئەزموون و جەستەی ئەدەبیی ئێمەوە جێیھێشتوون؟
بێگومان من ناتوانم لە بۆنەیەکی لەم بابەتەدا ھەموو ئەو شوێنپێ و شوێنپەنجە و دەنگدانەوانە
بدۆزمەوە و بگێڕمەوە کە کاک حسێن عارف و نەوەی کاک حسێن عارف لەناو من و بڕێکی ڕۆر
لە کەسانی سەر بە نەوەی مندا بەجێیانھێشتوە. دۆزینەوەی ئەم شتانە پێویستیان بە سەفەرێکی
دورودرێژ و قووڵ ھەیە بەناو خەیاڵ و زمان و ڕۆحیەتی ئەدەبیی و فیکریی ئەو نەوەیەدا
کە دوای کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی لە ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیدا پەیدابوون. بەداخەوە
من نەکاتی ئەوەم ھەیە و نە لەوەشدەچێت ئەنجامدانی کارێکی لەو بابەتە مەسەلەیەکی
ئاسان بێت. بەڵام ئەوەی لێی دڵنیام و دەمەوێت لێرەدا وەک وەفایەک بۆ کاک حسێن عارف
باسیبکەم، ئەم چەند خاڵەی
خوارەوەیە:
یەکەم: یەکەمین ڕاستییەک کە من لەم پیاوەوە
فێریبووم ئەوەیە ھەر نەوەیەکی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی دەبێت دەنگ و ڕەنگ و ڕۆح و زمان
و خەیاڵ و چاوەڕوانیی و ئومێد و نوشوستی خۆی ھەبێت و دابھێنێت. ھیچ نەوەیەک نابێت
ئەزموونی نەوەکانی بەر لەخۆی دووبارەبکاتەوە و یان ئەوەی نەوەکانی تر کردوویانە و
گوتویانە بە زمانێکی دیکە بنووسێتەوە. نەوە ئەدەبییەکان مەحکومن بەوەی بەشێوازی جیاواز
و تایبەتی خۆیان دونیای خۆیان بژین و ئەزموونی تایبەتی خۆیان لەگەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە
و زمان و واقیعی خۆیاندا ھەبێت. لە کوێدا نەوە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی میللەتێک
لەیەکچوون لەوێدا ئەو میللەتە لە گۆڕان و تازەبوونەوە و موغامەرەی گەڕان و دۆزینەوە
و داھێنان کەوتوە. ئەمەش تراژیدیایەکی ئەدەبیی و ھونەریی و ڕۆشنبیریی گەورەیە بەسەر
ھەر نەتەوە و میللەت و کۆمەڵگایەکدا بێت. جوانیی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بە جوانیی جیاوازییەکان
و دھاێنانەکانی ناوی دەپێورێت. ئەو کۆمەڵگایەی خەریکی خۆدووبارەکردنەوە بێت کۆمەڵگایەکە
لە ڕۆخی مردندایە، لە قەبرستانێکی بێدەنگەوە نزیکە تا لە ڕووبەرێکی پڕجوڵە و چالاکیی
و داھێنانەوە. یەکەمین ڕاستییەک من لەم چیرۆکنووسە داھێنەرەوە فێریبووم ئەو ھەوڵی
خۆتازەکردنەوە و خۆجیاکردنەوەیەیە کە بە ئینسان و ئەدەب و کۆمەڵگا، مانا و جوانیی
و قووڵایی نوێ دەبەخشێت. کاک حسێن و ھاوڕێکانی ”ڕوانگە"یەکی تازەیان بە دونیای
ئێمە پێشکەشکرد کە بەرھەمی ئەزموون و تێڕامانی خۆیان بوو لە ژیان و سەردەمەکەی خۆیان،
بەمەش نەک تەنھا خۆیان و ئەدەبیاتی سەردەمی خۆیان تازەکردەوە، بەڵکو ئێمەشیان
ناچارکرد بەدوای ڕێگای تر و دەربڕینی تر و زمانی تر و بابەتی تر و سەلیقەی ئەدەبیی
و فیکری و تیوریی تردا بگەڕێین، جیاواز لەوەی ئەوان ھێنایان و دروستیانکرد. ئەوان
کە مێژوویەکی تایبەتیان بۆ تازەکردنەوە دروستکرد و چەند وێستگەیەکی گرنگیشیان لەو
مێژووەدا دامەزراند، ھەموو نەوەکانی دوای خۆیان ناچارکرد وێستگەی تایبەت بە خۆیان
دروستبکەن و نەچنە ژێر چەتری نەوەکانی بەر لە خۆیانەوە. ئەمە یەکەمین وانەیەکی
گرنگیی ئەزموونی ئەم نەوەیە بوو بۆ ئێمە.
دووھەم: شتێکی گرنگی دیکە کە من لەم پیاوەوە
فێریبووم ئازایەتییە لە باوشکردنەوەدا بۆ گۆڕان و تازەبوونەوە، نەترسانە لە تێکشکانی
قاڵبە کۆنەکان و زمانە کۆنەکان و ئیقاعە کۆنەکان، نەسڵەمینەوەیە لە بازدان بەسەر ھەموو
ئەو شتانەدا کە لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا وەک نەگۆڕ و جێگیر و موقەدەس مامەڵەدەکرێن.
نەترسان لەوەی کە بەھۆی ڕاستگۆبوون لەگەڵ خۆتدا دونیای دەرەوەی خۆت بدۆڕێنێت. پێموایە
کاک حسێن عارف و ھاوڕێکانی یەکەم نەوەی ئەدەبیی ناو ئەدەبیاتی ئێمەن کە بەدەم ئەو
قسەیەی مەسیحەوە چووبن کە دەڵێت: ”چ سودێکی ھەیە ھەموو دونیا ببەیتەوە، بەڵام خۆت
بدۆڕێنیت". ھەستدەکەم کاک حوسەین و نەوەی کاک حوسەین بەڕادەیەکی زۆر سڵیان لەوە
نەکردەوە لەپێناوی بردنەوەی خۆیاندا دونیا بدۆڕێنن. لانیکەم ئەم ئامادەگییە لەناو
ژمارەیەکی بەرچاوی داھێنەرەکانی ئەو نەوەیەدا ئامادەبوو. ئەمانە لە ساتەوەختێکدا کەوتنە
تازەکردنەوەی ئامرازەکانی دەربڕین و نووسین و بەرخوردکردن کە دونیای دەرەوە داوای
دووبارەکردنەوەیەکی بێکۆتایی لێدەکردن. لەم پێناوەشدا کەوتنە بەر پەلاماری ھەموو ئەوانەی
لە تازەبوونەوە دەترسان و لە تازەبوونەوە ڕادەکەن. تازەکردنەوە لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدیی
و سونەتیدا، لەناو ڕۆشنبیریی و فەرھەنگێکی داخراو و گەمارۆدراودا بە چەندان موقەدەسیی
جیاواز، سەرچڵییەکی گەورەیە. تەنھا ئەوانەی خەونی گەورە و حەزی گەورە و چاوەڕوانی
گەورەیان ھەیە دەتوانن کاری لەو جۆرە ئەنجامبدەن. ھەموو کردەیەکی تازەگەریی چەندە
پێویستی بە دونیابینیی و زمان و خەیاڵی نوێ ھەیە، ئەوەندەش پێویستی بە بڕێکی زۆر لە
ئازایەتی و وێران و چاوقایمی ھونەریی و ئەدبەیی و سیاسیی ھەیە. ئەوەی من لە کاک حسێن
عارف و نەوەکەیەوە فێریبووم ئەم وێران و ئازایەتییە، لانیکەم تێگەیشتنە لەو خاڵەی
کە ناکرێت تازەگەربین و ترسنۆک، ناکرێت بیر لە گۆڕانی خۆمان و دونیا بکەینەوە، بەڵام
لەناوەوە ترس ژیان و بوونمانی ڕەنگڕێژکردبێت. کاک حسێن عارف و نەوەکەی ئەم وانەیەیان
بەشێوازی جیاواز و لە ساتەوەختی جیاوازدا بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بەجێھێشت.
سێھەم: ئەو وێنەیەی من لەسەر کاک حسێن
عارف و نەوەکەی کاک حسێن عارفم ھەیە، لەپاڵ نووسەربوون و ڕۆشنبیربووندا، وێنەی جەنگاوەرێکی
سەرسەختە. وردتر بدوێم وێنەی نووسەر و ڕۆشنبیرێکی جەنگاوەرە، وێنەی نەوەیەکە دیدێکی
جەنگاوەرانەیان بۆ نووسەر و نووسین و ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی ھەیە. نووسین لای ئەم نەوەیە
پیشەیەکی ئاسایی نییە، لە پاڵ پیشەکانی تردا، وەک لە یەکەمین بانگەوازی بزوتنەوەی
”ڕوانگە"دا ھێمای پێدەکەن: نووسین لای ئەمان ”ڕاپەڕینە لەناو ڕاپەڕیندا".
لای ئەم نەوەیە ووشە ”شۆڕشگێڕە" و ”بەھرەی تازەکردنەوە" پێدراوێکی خودایی
و سروشتی نییە، بەڵکو ”جەنگاوەرێکی ئازا و نەبەرد"ە، مرۆڤبوونە لە دۆخی یاخیبون
و ناڕازیبوون و پرسیارکردنێکی بەردەوامدا. گرێدانی نووسین بە ڕاپەڕین و زمان بە شۆڕش
و بەھرەی تازەکردنەوە بە جەنگەوە ئەو چوارچێوە گرنگەیە کە ئەم نەوەیە بۆ ئەدەبیاتی
ئێمەی دروستدەکەن. لای ئەم نەوەیە نووسین پیشە یان خویەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو،
وەک خۆیان دەڵێن، کردەیەکە دەنگی ”ئازادیی"بەرزدەکاتەوە. گرێدانی نووسین بە ”ڕاپەڕینی
ناو ڕاپەڕین" و بە ”شۆڕش" و ”ئازادیی"ەوە، گرێدانی کەسایەتی نووسەریش
بە کەسایەتی ”جەنگاوەرێکی ئازا و نەبەرد"ەوە لە داھێنانە ھەرە سەرەکیی و ھەرە
گرنگەکانی ئەم نەوە ئەدەبییەی دونیای ئێمەیە. ئەم نووسەرە جەنگاوەرانە ڕوانینێکیان
بۆ ئەدەبیات ھەیە جیاواز لە ڕوانینی نەوەکانی تر و بە ئەدەبیاتیش ئەرکێک دەبەخشن جیاواز
لە ئەرەکانی تر. بۆیە یەکەمین کۆمەڵە پرسیارێک ئەم نەوەیە لە خۆیان کردبێت پرسیارە
دەربارەی چییەتی نووسەر خۆیەتی: نووسەری ئەمڕۆکە کێییە؟ چ جۆرە بوونەوەرێکە؟ ئەرکە
سەرەکییەکانی کامانەیە؟ لە بانگەوازی یەکەمی دروستکردنی بزوتنەوەی ڕوانگەدا ئەم نەوەیە
بەم شێوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگ و سەرەکییانە ئەدەنەوە: ”نووسەر و شاعیری ئەمڕۆ،
شانبەشانی پیشەی نووسین و شیعروتنی کارگێڕیشە.. شۆڕشگێڕیشە...جەنگاوەریشە..".
بەستنەوەی نووسین بە جەنگ و شۆڕشەوە، بە چالاکبوونەوە لەناو دونیادا، ئەو ئاکارە سەرەکییەیە
کە ئەدەبیاتی ئەم نەوەیە لەوانەی پێشخۆیان و تا ڕادەیەکی زۆریش دوای خۆیان جیادەکاتەوە.
ئەوەی ئەو ووشانەی سەرەوە بخوێنێتەوە بۆیدەردەکەوێت ئەم نەوەیە نووسین زۆر بە توندی
بە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە گرێئەدەن، مەسافەیەک لەنێوان نووسین و بیرکردنەوە
لەگەڵ کردەوەی شۆڕشگێڕانە لەناو واقیعدا ناھێڵنەوە. ئەمان نەوەیەکن بە نووسین ڕەھەندێکی
پراکتیکیی و سیاسیی گرنگ دەبەخشن، شۆڕشگێڕبوون لەناو تێکستدا و شۆڕشگێڕبوون لەناو
واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بەیەکەوە گرێئەدەن، شەڕی تێکست لەگەڵ دونیادا و شەڕی
نووسەر لەگەڵ دونیادا وەک یەک شەڕ دەبینن، جیاوازییەک نابینن لەنێوان مرۆڤێک بە وشە
بجەنگێت لەگەڵ مرۆڤێکدا لەناو شۆڕش و پێکدادانە گەورەکاندا ئامادەبێت. زاڵبوونی ئەم
ڕۆحی جەنگاوەربوونە بەسەر تێکست و خەیاڵ و دیدی ئەدەبی ئەم نەوەیەدا، لە ساڵە زەحمەت
و قورسەکانی دوای ھەرەسی شۆڕشی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا، بۆ من و بۆ نەوەی من کارێکی
لەڕادەبەدەر گرنگ بوو. ئەو نووسەرانە تەنھا نووسەری کۆمەڵێک تێکست نەبوون، بەڵکو
نووسەری میلەتێکی بریندار و وێرانکراوبوون، تەنھا کەسانێک نەبوون قووڵایی برینەکانیان
دەبینی، بەڵکو دەیانویست ئەودیوی برینەکانیش ببینن. نووسین خۆی بەشێک بوو لە کردەی
تیمارکردنی برینەکان لەڕێگای خۆتازەکردنەوە و داھێنان و ڕاستگۆبوون لەگەڵ خود و لەگەڵ
دونیادا. بێگومان ئەم ڕوانینە بۆ ئەدەب و بۆ نووسین بە توندی بە مێژووی پڕ لە تراژیدیای
کۆمەڵگای ئێمەوە گرێدراون، ئەم نەوەیە فێری ئەوەیانکردین کە ئێمە ھەرچییەک بکەین و
ھەرچییەک بنووسین، لەوە ڕزگارمان نابێت کە نووسەرانی میلەتێکین ناوی کوردە، بەشێکین
لە کوردبوونێکی بریندار کە پڕە لە خوێن و کۆست و ئومێد و نائومێدیی. ھەموو ئەمانەش
بەسەریەکەوە دروستکەری جۆرێکی تایبەتن لە ئیستاتیکا، کە دەشێت لەگەڵ ئەو نەوەیەدا
و لەپاڵ ئەو نەوەیەدا بە ”ئیستاتیکی جەناگاوەریی" ناویببەین. لەمێژووی کەم میلەتەدا
نووسینی ئەدەبیات ڕیسکێکی بنەڕەتیی و گەورەبووە بو ئەندازەی ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا
ئامادەبووە، ئینسانی ئێمە، بە نووسەرەکانی دونیای ئێمەوە، زۆر بە بەئاسانی ژیانی خۆی
لەپێناوی نووسینی شیعرێک یان خوێندنەوەی کتێبێکدا لەدەستداوە. پەیوەندییەکی بێوێنە
لە ئەدەبیاتی ئێمەدا لەنێوان نووسین و مردندا ھەیە، پێموانییە لە ئەدەبیاتی ھیچ میلەتێکی
تردا ئەم پەیوەندییە لەنێوان مردن و نووسیندا بەڕادەی ئەدەبیاتی ئێمە بەھێز و ھەمەلایەن
بێت. زمان لەم ئەدەبیاتەدا ڕێگەیەک بووە بەرەو مردن، وەکچۆن مردن لەبەردەرگای زۆربەی
ھەرەزۆری تێکستە جەنگاوەرەکاندا ئامادەبوە. بەشێکی سەرەکیی ”ئیستاتیکای جەنگاوەریی"
بە قووڵی بەمردنەوە گرێدراوە.
یەکێک لە ئەرکە ھەرە سەرەکیی و ھەرە
گرنگەکانی نەوە ئەدبییەکەی کاک حسێن عارف ئەوەیە ئەو پەیوەندییە ترسناکەی لەنێوان
نووسین و مردندا ھەیە، بگۆڕن بۆ تەحەداکردنێکی بوێرانە و بەردەوامی ئەو دونیایەی ئەو
ھاوکێشە سەخت و ئەھریمەنییەی دروستکردوە، تەحەدایەک ھەموو مرۆڤێکی سادە و پاک، ھەموو
نووسەرێک بە ویژدانێکی زنیدووەوە بژی، دەگۆڕێت بۆ جەنگاوەرێکی ئەفسانەیی، کە سڵ لەوە
نەکاتەوە ڕۆژانە بە دەستەکانی خۆی لە دەرگاکانی مەرگ بدات. بەخشینی ئەم ڕەھەندە جەنگاوەرییە
بە تێکستەکان جۆرێک ھێز و باوەڕی ناوکیی بە ئێمە ئەبەخشی، بە ”ئێمە" مەبەستم
بەو منداڵانەیە کە لە ساڵانی ھەفتادا ھۆشیاریمان بەڕووی دونیادا دەکرایەوە و لەسەرەتای
ناسینی خۆمان و دونیای دەوروبەرماندا بووین، کە وایدەکرد نووسین خۆی وەک ڕیسکێکی بەردەوام
و گەورە ببینین و لەو دەلاقەیەشەوە مامەڵەی بکەین. ئەم تێکستە جەنگاوەرانە، بەھەر
زمانێک دوابن و باسی ھەر بابەتێکیان کردبێت، ھاریکارمان بوون لە بەرەنگاربوونەوەی
ئەو دونیا سەخت و بێدڵ و کوشندەیەدا کە ئێمە وەک منداڵ و وەک گەنج لەو ڕۆژگارەدا کەوتینەناوییەوە.
ئەو ئەدەبەی ئەم نووسەرانە دەیاننووسی ھێزی مانەوە و چێژوەرگرتن و گەشبینیی و باوەڕبوونی
بە خۆمان و بە دونیا پێدەبەخشین. ئەدەبی ئەو نەوەیە ئەدەبێکی دژەبەعسە بەھەموو ئەو
مانایانەوە کە حیزبی بەعس وەک پرۆژەیەکی ترسناکی تەسلیمبوونی مرۆڤ و تەلسیمبوونی کۆمەڵگا
ھەڵگریەتی.
چوارەم: ھەر ئەم مەسەلەیە بەرە و خاڵی
چوارەمم دەبات کە بریتییە لەو پێناسەیەی کاک حسێن و ھاوڕێکانی بۆ ڕۆژگار و سەردەم
و ساتەوەختی ئامادەگی خۆیان وەک نووسەرێک لەناو دونیادا، دەیکەن. ئەمان وەک ووتم گەر
تازەکردنەوەی ئەدەبیان وەک ”ڕاپەڕین لەناو ڕاپەڕین"دا وێناکردبێت، ئەوا ڕۆژگار
و سەردەمەکەی خۆشیان وەک ڕۆژگار و سەردەمێک وێناکردوە کە پێویستی بە ڕاپەڕین و تازەکردنەوە
و دەسکاریکردنی بەردەوام ھەیە. کاک حسێن ڕۆژگاری خۆی وەک سەردەمێک وێناکردوە کە
”مرۆڤ تیایا دەستەویەخە ڕووبەڕووی ئەو گورگی مردنانە ئەجەنگێت کە ئەیانەوێ ژیانی لێ
بکەنە شانۆیەکی نائومێدی و ورەبەردان و دەستەوسانی، تا وەک ھەر نێچیرێکی لاواز و بەستەزمان
دەم بنێنە لاکی". ئەم وێنەیە بۆ ئەو سەردمەی کە ئەم نەوەیە ھەستدەکەن لەناویدا
دەژین، وێنەیەکە تەواو ئاشنا بە ڕۆحی من و بە ڕۆحی ئەوە نەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەش
کە دوای کاک حوسێن عارف و ھاوڕێکانی ھاتنەکایە. ئەو پێناسەیەی ئەوان بۆ دونیای خۆیان
کردوە وەک دونیایەکی ناشیرین و دژەمرۆڤ و پڕ لە گورگی مردن، کە پێویستی بە بەرەنگاربوونەوە
و بە بەخشینی وزەی بەردەوام ھەیە بە مرۆڤەکانی، بۆ دونیای ئێمەش ھەر ڕاستبوو، گەرچی
شێوازی قسەکردن لەسەر ناشیرینییەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان، لانیکەم لە ئەدەبیات
و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا، تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازبوون. شەڕکردن دژ بە سەدە و ڕۆژگارێک
پڕ لە نائومێدیی یەکێکە لە ئاکارە سەرەکییەکانی نووسین و خەیاڵی ئەدەبی کاک حوسەین
عارف و نەوەی ھەفتاکان و ئەو نەوەیەش کە لە دوای ھەفتاکانەوە دروستدەبێت و من یەکێکم
لە نووسەرەکانی. ئەوەی کە مرۆڤ لە جەنگێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ ئەو دونیایەدا کە
تیایدا دەژی، بەشێکە لەو ڕوانینەی دواتریش لای بەشێکی زۆری نەوە ئەدەبیی و ڕۆشنبیرییەکانی
تری ناو دونیای ئێمەدا بەردەوامی ھەیە.
کاک حسێن و ھاوڕێکانی ھەر لە بانگەوازی
یەکەمی ڕوانگەدا دەربارەی ئەو سەدەیەی تیایدا دەژین دەنووسن: ئەم سەدەیە ”سەدەی ھەڵگێڕانەوە
و یاخیبوونە. بەرامبەر سەراپای مەیدانەکانی ژیان". بینینی سەدەی بیستەم وەک سەدەی
یاخیبوون و قبووڵنەکردنی پێدراوە نائینسانییەکانی ئاکارێکی تری ڕوانینەکانی ئەم نەوە
ئەدەبییەیە. یاخیبوون لێرەدا تەنھا بەرامبەر دەرکەوتێک لە دەرکەوتەکانی ژیان نییە،
بەڵکو بەرامبەر بە ھەموو ژیانە، ” بەرامبەر سەراپای مەیدانەکانی ژیان"، وەک خۆیان
دەنووسن. ئەم نەوەیە پێناسێکی بۆ یاخیبوون ھێنایەکایەوە کە ڕووی لە گۆڕینی سەرتاپای
ژیانە، وەڵامی ئەوان بە دونیایەکی ناشیرینکراو دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی ھەموو ئەو
دونیایەیە. نەوەی منیش تا کۆتایی ھێڵەکە لەگەڵ ئەم پێناسەیەدا بۆ یاخیبوون کۆکە و
تا ئەمڕۆش لەزۆر ڕووەە لەگەڵیدا دەڕوات. ئەم ویست و ئیرادەی گۆڕانە، ئەو ڕۆحی گەشبینییەی
ئەم نەوەیە لەو ڕۆژگارە تاریکەدا دەیانچاند، وزەیەکی زۆری بە بەری ئێمە و بە بەری
ئەو مێژووە سەختەدا دەکرد کە ڕۆژانە بە دونیایەک تاوان و بڕێکی زۆر لە بەربەریەتەوە
لەبەردەمماندا دروستدەبوو، مێژوویەک کە چەندە خوێناویی و پڕ لە ویستی وێرانکاریی و
تەسیلمبوون بوو، ئاواش پڕ لە ویستی یاخیبوون و قبووڵنەکردن و تەسلیمنەبوون بوو. یەکێک
لە داھێنانە گرنگەکانی ئەم نەوەیە ئەوەیە کە بەردەوام پێی لەسەر پێداویستی یاخیبوون
و ھەڵگەڕانەوەی لە دونیا دادەگرت. من کە ئێستا بیر لە ساڵانی دوای ھەرەسی ھەفتا و
پێنج و گەورەبوون و بەھێزبوونی ھەمەلایەنە و ترسناکی بەعس و ساڵە زەحمەتە خوێناوییەکانی
ھەشتاکان دەکەمەوە، زۆر زیاتر لە گرنگی ئەو ھێز و وزە ناوەکییە تێدەگەم کە نووسینی
نەوەکەی کاک حسێن عارف لەو ساڵەنەدا بە کۆمەڵگا و ئینسانی ئێمەی دەبەخشی، وزەیەک
وایدەکرد باوەڕمان بە خۆمان وەک مرۆڤ و بە کۆمەڵگاکەمان وەک کۆمەڵگا، ھەبێت و لەناو
ئەو ھەموو کارەسات و نەھامەتییەدا بتوانین خەون ببینین و چاوەڕوانی دونیایەکی
جوانتر بین.
پێنجەم: یەکێک لەو ڕستانەی کاک حسێن
عارف کە من تا ئێستاش لەبیرم نەچۆتەوە، ڕستەیەک کە بیرم نایەت کەی و لە کوێ و لە چ
بۆنەیەک لە بۆنەکانی ساڵانی ھەفتادا خوێندومەتەوە، ڕاستییەکی ھێجگار گرنگی بۆ
ئاشکراکردم کە دواتر لانیکەم لای من، ڕۆڵێکی گرنگی بینی لەداڕشتنی ئەو پەیوەندیەدا
کە من وەک مرۆڤ بەو ساتەوەختەوە گرێئەدات، کە تیایدا دەژیم. کاک حسێن عارف لە وەڵامی
ئەو کەسانەدا کە کارەکانی ئەو و ھاوڕێکانیانی وەک ”سەرلێشێوان" و ”لاساییکردنەوە"
و ”ئاژاوە" و ”مناڵبازاڕی" و ”گێرەشێوێنی" و ”پیلانی" گەورە،
دەنرخاند، دەڵێت مەرجنییە ”ئەوانەی بە لەش لە ساڵی ١٩٧٠دا دەژین بە عەقڵ و ھۆشیش لەو
ساڵەدا بژین". ئەم ڕستەیە یەکێک لە ڕستە گرنگەکانی ژیانی من بوو بەدرێژایی ساڵانی
ھەفتا، دەروازیەک بوو بەھۆیەوە ھەم لە ڕەخنەی بێمانا و کۆنەپارێز ڕادەمام و ھەم لەو
پەیوەندییەی مرۆڤ بە ڕۆژگار و سەردەمەکەی خۆیەوە گرێئەدات. پێموایە ئەم دەستنیشانکردنە
تایبەتەی پەیوەندیی مرۆڤ بەسەردەمەکەی خۆیەوە یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی تازەگەریی.
تازەگەرەکان ئەو بوونەورانەن کە دەترسن لە سەردەمەکەی خۆیاندا نەژین، دەترسن بە لەش
لە سەدەیەکدابن بەڵام بە ڕۆح و عەقڵ و بیرکردنەوە و خەیاڵ و ڕوانین لە سەدەیەکی
تردا. تازەگەریی مانای ژیان لەناو سەردەمێکدا بەڕۆحی ئەو سەردەمە خۆیەوە، بەتایبەتی
بەڕۆحی ئەو ساتەوەخت و ئەگەرانەوە کە ئەو سەردەمە بە ئایندەوە گرێئەدات. تازەگەریی
مانای گۆڕینی ئەو ئێستایەی نووسەرانی تێدادەژین بۆ کێشەیەکی ئەدەبیی و ئیستاتیکیی
و فیکریی. تازەگەران ئەو کەسانەن کە پێماندەڵێن کە لەسەدەی بیستەمدا ژیان ڕۆحی سەدەی
نۆزدەھەمتان لەبەردانەبێت، کە چونە سەدەی بیست و یەکەمەوە نەکەن بەڕۆحی سەدەی بیستەمەوە
بژین. ئەم وانە گرنگە یەکێکە لەو وانانەی کە من وەک گەنجێکی ساڵانی ھەفتا لەم نووسەرە
گرنگەی ئەو ساڵانەوە فێریبووم.
٧- لە کۆتاییدا من زۆر خۆشحاڵم ئەم ھەلەم بۆ ڕەخسا بتوانم لەنزیکەوە ئەم
قسانە لەڕووی ئەم نووسەرە خۆشەوسیتەدا بکەم، ھیوادارم توانیبێتم بەشێک لەو قەزەی لەسەر
شانمە بەم پیاوە ھێمنەی ببەخشمەوە. ھیوادارم خۆشی تەمەنێکی درێژ و پڕ ھێمنی و پڕ
نووسینی لەپێشەوە مابێت، ھەر خۆشحاڵ و بەختەوەربێت. ڕێزێکی گەورەم بۆی ھەیە