31وتار

بابەتێکی زۆر گرنگ: باشووری ​کوردستان ناوچەیەکی بومەلەرزەیییە، چی بکرێت باشە؟

8/15/2026 2:09:00 PM
لوقمان حەوێز

تێبینی: ئەم نووسینە بۆ دروستکردنی دڵەڕاوکێ و ترس نییە، بەڵکو تەنیا بۆ بەخشینی زانیاریی زانستی و هۆشیارکردنەوە و ئامادەکاریی دورمەودایە.

هەروەکو لە نەخشەکەدا دەبینرێت، هێڵی بەیەکگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی (شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس) بە ناو جەرگەی کوردستانی گەورەدا تێدەپەڕێت بەتایبەتی نزیک سنوری باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باکور ، بەداخەوە بەم هۆیەوە کوردستانی باشووریش هاوشێوەی کوردستانی باکوور، ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ڕۆژئاوا هەروەکو گەلێک ناوچەی تری جیهان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکی چالاکی بومەلەرزەیی (زیلزالی)، هێڵە ڕەشەکەی سەر نەخشەکە دیاریکەری هێڵی بەیەکگەیشتنی ئەو پلێتە تەکتۆنییانەیە لە ژێر زەویدا، و زانیارییەکانی ئەم نەخشەیەش پشتیان بە داتاکانی دامەزراوەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریکی USGS بەستووە کە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی جیهانییە.

ئەمە مانای ئەوە نییە کە بەم زووانە بە شێوەیەکی مسۆگەر بومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لەوانەیە چەندین ساڵ یان دەیەی تر سەدا سەد لە ئارادایە. بەتایبەتیش لە دیوی باکوور و خۆرهەڵاتی هێڵی بەیەکگەیشتنەکەوە مەترسییەکە بەهێزترە، لەبەر ئەوە پێویستیمان بە ئامادەکاریی بنەڕەتی هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی و بەهێزکردنی ڕێنماییەکانی دروستکردنی باڵەخانەکان، لەگەڵ پێشخستنی تیمەکانی فریاگوزاری لە ڕووی ئامێر، تەکنەلۆژیا و کادێری ڕاهێنراوەوە.
دیوار و باڵەخانەکان چۆن دروست بکرێن باشە؟

کەڵەکەکردنی بلۆکی کۆنکریتی قورس لەسەر یەکتر تا بەرزیی سێ مەتر و زیاتر مەبەستم دیواری خانووەکانی لای خۆمانە بێ ڕەچاوکردنی هێزەکانی بڕین Shear.Force کە لە کاتی بومەلەرزەدا بە شێوەیەکی ئاسۆیی کار لە باڵەخانەکان دەکات هەڵەیەکی گەورەی ئەندازیارییە، بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ئەمەریکادا تەنانەت دروستکردنی پەرژینی حەوشەش بەو شێوازە قەدەغەیە، لێرەدا دەبێت شیشی ئاسن بە شێوەی ستوونی لە بناغەی دیوارەکەوە تا سەرەوە لە ناو کەلێنەکانی بلۆکدا جێگیر بكرێت و بە چیمەنتۆ پڕبکرێتەوە، تا لە کاتی سەرهەڵدانی هێزی بڕیندا دیوارەکە ڕاستەوخۆ دانەڕمێت.

لە کاتی ڕوودانی بومەلەرزەدا چی ڕوودەدات؟

 لەگەڵ ڕوودانی بومەلەرزەدا زەوی بە خێرایی و بە شێوەیەکی شەپۆلی ئاسۆیی دەلەرزێت و بناغەی باڵەخانەکە دەجووڵێنێت. بەپێی یاسای یەکەمی نیوتن (یاسای Inertia)، بەشەکانی ناوەڕاست و سەرەوەی باڵەخانەکە دەیانەوێت لە باری وەستانی خۆیاندا بمێنێنەوە، لە کاتێکدا بنکە و بناغەی خانوو و باڵەخانەکە بە ئەملاو و ئەولادا دەجوڵێتەوە، ئەم جیاوازییە لە جووڵەدا هێزی بڕین Shear.Force لەنێوان نهۆمەکان و دیوارەکاندا دروست دەکات، ئەگەر دیوار و ڕاگرەکان بەرگریی پێویستیان تێدا نەبێت، ڕاستەوخۆ درز دەبەن و دادەڕمێن.

ڕێکارە پێشنیارکراوەکان بۆ بیناسازی:

 پەیکەری سەرەکی: بەکارهێنانی سستمی پەیکەری ئاسن Steel.Structure یان کۆنکریتی چڕکراو بە شیشی قورس.
دیوارە ناوەکییەکان: بەکارهێنانی دیواری هاوچەرخی سووک (کەم کێش) بۆ ئەوەی باری سەر پەیکەرەکە کەم بێتەوە.
سڵاپی نهۆمەکان: بەکارهێنانی سڵاپی تەنک لەگەڵ تۆڕی ئاسنی BRC و چێنکۆ Metal.Decking، یان سیستمی پیشەسازیی پێشکەوتوو تا کێشی کۆی گشتیی باڵەخانەکە داببەزێت.
باڵەخانە بەرزەکان: ڕەچاوکردنی وردی هێزی بڕین Shear.Force و هێزی پێچخواردن Torque/Torsion لە پایە و دیواری بڕەردا Shear.Walls، تاوەکو باڵەخانەکە توانای نەرمی Ductility و هەڵمژینی وزەی بومەلەرزەی هەبێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن