پەکەکە.. لە چاوەڕوانی ژانی لەداییکبوونێکی نوێدا؟
7/12/2025 2:10:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
لەسەر بانگهێشتی کەجەکە، لە ئەشکەوتی جاسەنە، بارەگای کاتیی مەلیکی کوردستان، کاتێك لەژێر کاریگەری بۆمباباران و شاڵاوی سەربازیی ئینگلیزدا ناچاربوو، بۆ ماوەیەك سلێمانی بەجێێبهڵێت، شایەتی چەکدانانی گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە بووین. ساتی بەرێوەچوونی مەراسیمەکە، بۆ من تەنها کاتژمێرێك نەبوو، بەڵکو سەدەیەکی تەواو بوو، سەدەی بیستەم و تەواوکەرەکەشی لە سەدەی بیست و یەکەمدا. کە من هاوشێوەی چینییەکان، وەك چۆن سەدەی نۆزەدەهەمیان بە سەدەی سووکایەتیپێکردن بە خۆیان ناوزەد کردووە لەلایەن ئەوروپییەکانەوە، پێم وایە دەبێت ئێمەی کوردیش، سەدەی بیستەم بە سەدەی ئیهانەکردنی خۆمان لەلایەن ناسیۆنالیزمە باڵادەستەکانی ئەو دەوڵەتانەی بەسەریاندا دابەشکراوین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بزانین.
لەو گەشتەی لە خەیاڵی خۆمدا کردم، لە ساتەوەختەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دامەزراندنی قەوارە هاوچەرخەکانی ناوچەکەو لەوانەش کۆماری تورکیای نوێ دەستم پێکرد، بیرم لە هەموو ئەو هۆکارانە دەکردەوە کە کوردیان بەو ئاکامە گەیاند. لە خەیاڵی خۆمدا ڕۆڵی چەپم لە پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا تاووتوێ دەکرد، بەتایبەتیش لە ئەزموونی پەکەکەدا. ئاستی تاقەت پروکێنی زەبروزەنگی دەوڵەتم لەکاتی خۆیدا لە چوارچێوەی پڕۆسەی سڕینەوەی کورد لە بوون و مێژووی کۆماردا دەهێنایە پێش چاوی خۆم، سەرنجم لەوە دەدات کە دۆخی سیاسیش هاوشێوەی مەسەلە فیزیکییەکە بۆشایی قبووڵ ناکات، هەربۆیە لە بەرامبەر سیاسەتی ڕەقی نکوڵیکردنی دەوڵەت لە کورد، پەکەکە بۆشاییەکە بە ڕووە کوردییەکەدا پردەکاتەوە. ڕاستە مەسەلەکە بە تەنها کورد نەبوو بەڵکو بەیەکداچوونی کورد و چەپ بوو، بەڵام پەکەکە لە هەردوو بازنە کوردی و چەپە تورکییەکەدا بۆ کاتی خۆی و پێوەرەکانی ئەو ڕۆژگارە ئیزافەو داهێنان بوو، بێ ئەوەی داهێنان لێرەدا یەکسان بێت بە حوکمدانی ئەخلاقی.
پەکەکە بە هەناسەیەکی مارکسستانەوە هاواری کرد کورد ماوەو زیندووە، ئەگەر تاکو ئێستاش پێتان لەناونەچووبێت، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی لە داهاتوودا لەسایەی دووبارە سەرهەڵبرینەوەی ڕۆڵەکانی و گۆڕینی هەل و مەرجی دنیاوە ئەستەمە. پەکەکە لە ئێستاشدا لەم ڕووەوە لەگەڵ خۆیدا رڕستگۆیە، بەتایبەتیش دوای ئەو ئاڵوگۆڕە گەورە فیکرییەی لە چوارچێوەی خودی چەپدا بەسەر بیرکردنەوەی ڕێبەرەکەیدا هاتووەو وای لێکردووە دەستبەرداری درووشمە نەتەوەییە کۆنەکانی ببێت و پاساوی بوون و ئامانجی خەباتی خۆی لە قۆناغی ڕابردوودا لەوەدا کورت بکاتەوە، کە کورد بمێنێ و دانی پێدابنرێت و لە توانەوە ڕزگاری ببێت. لەئێستاشدا ئەوە هاتۆتەدی تەنها هەندێ بەدەستووریکردن و دەستەبەری و ئازادی زیاتری کاری سیاسی و ئازادییە دیموکراتیەکان دەخوازێت.
لێرەوە، ئێمە نابێت لە دیدی چەمکە نەتەوەییە تەقلیدییەکانی خۆمانەوە بڕوانینە مەسەلەکە، چونکە بیری ئێستای ئۆجالان و پەکەکە مەنزومەیەکی چەمکیی خۆی هەیە، دۆخی تورکیاش بەراورد بە سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، دیسانەوە تایمەتمەندی خۆی هەیە. لێرەشەوە لەسۆنگەی گۆڕانی ئایدۆلۆژیاو ئامانجە سیاسییەکانی پەکەکەو بیرکردنەوەی لە جۆری چارەسەریی، چەکداریی واتایەکی بۆ نامێنێتەوە، خۆ ئەگەر چەکەکە ئامرازی پرۆژەیەکی نەتەوەیی لانی کەم فیدراڵیخوازیش بێت، بەو جۆرەی ئێمە لێی تێگەیشتووین، دیسانەوە زۆر پاساوی نەماوە، چونکە جگە لەوەی ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو هاوسەنگی هێزەکان خستوویانەتەروو، کە توانای بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان و سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر دوژمندا نییە، ناوی پرس و بزاڤەکەشی تێکەڵ بە پرسی تیرۆر کردووە.
بۆیە، ناولێنانی پرۆسەکە بە ناوی (تورکیایەکی بێ تیرۆر) گەرچی بۆ ویژدانی نەتەوەیی ئێمە ئازار بەخشە، بەڵام بۆ واقیعی تورکیا بێ واتا نییە، لەسۆنگەوە جگە لەوەی میکانیزمێکە بۆ کات بەڕێکردن و دەمکوتکردنی ئەو توندڕەوانەی لەسەر پانکردنەوە کەمتری گەریلاکان قبووڵیان نییەو پێیان وایە نابێت لە چوارچێوەی تەفروتوناکردنی پەکەکەدا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەئارادا بێت، لەڕوویەکی ترەوە تورکیایەکی بێ تیرۆر بەکردەوە یەکسانە بە پرسیێکی کوردیی بێ تیرۆر لە تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیشدا.
دیارە شت لەم بارەوە یەکجار زۆرە بۆ وتن، بەحوکمی ئەوەی ئەوەی ڕوودەدات کۆتایی ڕێگە نیە وەك هەندێ تێیگەیشتوون، بەڵکو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە. هەروەك نوێنەری بەدەپەش وتی یەکسانیش نییە بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، بەڵکو دەرگا بەڕووی خەباتیێکی سیاسی مەدەنی بەرهەمدارتردا دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی. ئەوەی ڕوودەدات وادەبینم تێگەیشتنی ڕاست و وردی ئۆجالان و سەرکردایەتی پەکەکەیە بۆ وەزیفەو توانای چەکەکەو گرێدراوی ئەو بەقۆناغە مێژووییەکانەوە، دەرچوونە لە خوولانەوە لە بازنەیەکی داخراوی بێ ئاسۆ و خۆ بەرهەمهێنانەوەدا، بوێری نواندنە لەوەی ئامراز نەبێت بە ئامانج و قاڵبە زهنییە کۆنەکان نەبنە رێگر لە خوێندنەوەی گۆڕاوەکان. بێگوومان هەرگیز ئەمە بە مانای هاورایی من نییە لەسەر تێزی کۆمەڵگەو نەتەوەی دیموکرات و لێکەوتەکانی ئۆجالان لەم ڕووەوە چونکە پێم وایە لەکاتی وەگەرخستنی لەسایەی دەوڵەت نەتەوەدا کورت دەهێنێت. واقیعی سیستمی جیهانی و دەوڵەت نەتەوەکان تاکو ئێستا لەوە بەهێزترن ئەم دیدە تاسەر بتوانێت دەست بە یەکگرتوویی و تۆکمەیی تیۆریی و کارایی خۆیەوە بگرێت و پارێزگاری لێ بکات، پێشم ڕاست نییە لەپارچەکانیتردا بانگەشەی بۆ بکرێت، بەتایبەتیش لەدۆخی سەرەپێچە مێژووییەکاندا، چوونکە دەبێتە مایەی سەرلێشێوان و پەشێوی نێوخۆیی و لێڵی دیدگا و ڕێکنەکەوتن لەسەر بەرنامەیەکی نیشتیمانی هاوبەشی تایبەت بەهەر پارچەیەك، بەحوکمی ئەوەی سرووشتی گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پارچەکانی تردا بەتایبەتیش لە باشور و ڕۆژهەڵاتدا جیاوازە.
واشی دەبینم، دوای چەند ساڵێکی تر لە خودی تورکیاو باکووریشدا شایەتی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەو پێداچوونەوە بە تێزەکەدا دەبین، دوای ئەوەی تاقیکردنەوەی لە دنیای واقیعدا لە قۆناغی مژدەپێدان دەری دەکات و مامەڵەیەکی پراگماتیانە و واقیعیانەتری لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەتیش لە قۆناغی دوای ئۆجالاندا. ئەمە جگەلەوەی لە دەرەوەی ئەو بازنەوە دید و تەوژمی تر سەرهەڵدەدەن و گەشەدەکەن. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا، ئەو گەورەییە بۆ ئۆجالان دەمێنێتەوە کە توانیویەتی عەقڵی کوردی لەو پارچەدا لە چوارچێوەی قاڵببەندێکی مێژوویی ئایدۆلۆژی شێلراو بە زەبر و زەنگی شۆڕشگێرانەی چەپگەرایانەی تەقلیدیی ڕزگار بکات و دەرگای دووبارە خۆ پێناسەکردن و گفتووگۆ و کارلێك لەگەڵ خۆی و جیهان بەڕوویدا بکاتەوە.
ماوەتەوە بڵێم، ئەم پرۆسە لەگەڵ سەرکەوتنیشیدا هەوراز و بەرزونزمی و بێن و بەرەو حەسرەت و هەندێ جار دیمەنی ئازار بەخشیشی تێدا دەبێت، بۆیە با ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، هەوڵدەین دڵسۆزانە مامەڵەبکەین، لەبیری ئەوەدا بین ژانی لەداییکبوونی قۆناغە نوێیەکە کەمتر و بێ مەترسیتر و مژدە بەخشتر بێت.
بەو ئومێدە..