72وتار

بۆچی لە ئەنفال تێنەگەیشتین؟

4/15/2026 2:21:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی





 پێتان سەیر نەبێت کە تاکو ئێستاش ئێمە وەک ئەوەی پێویستە لە ئەنفال تێنەگەیشتبین. چونکە هەر وەک ساڵانی پێشوتریش ئاماژەم پێکردوە، ئێمە کێشەی تێگەشتنمان لە دەوڵەت و نەتەوە و مۆدێلەکانی نەتەوەسازی و پەیوەندی تەکنەلۆژیا بە سیاسەت و مۆدێرنە بە مەرگ و کۆمەڵکوژیەوە هەیە. ئاماژەی ئەم تێنەگەیشتنەشمان لە زۆر شتدا دەردەکەوێت لەوانەش، جۆر و زمان و گوتاری گوزارشدانەوە لە جەوهەر و قوڵایی کارەساتەکە، کارلێکی ئەو لەسەر دوبارە داڕشتنەوەی ناوەوە و بینین و جیهانبینی ئێمە، و سروشتی پەیوەندییەکانمان، ڕەفتارکردن و جۆری ئامادەبونمان لە جیهاندا وەک نەتەوە، یاخود لانیکەم وەک ناسونالیزمێکی کامڵ و هوشیار بەئەرکەکانی. هەورەها جۆری خوێندناوەمان بۆ گۆڕانکارییەکان، ئەوی دی عێراق و جیانەکردنەوەی عێراقی دەوڵەت لە عێراقی سیستم و حکومەت .

 لە ڕاستیشدا تێگەیشتن لە ئەنفال پاشخانێکی مەعریفیی دەوڵەمەند، ئەخلاقمەندییەکی بەرزی سیاسی، گیانێکی نیشتمانپەروەریی قوڵ، ئاسۆ بڵندیی تێڕوانین  بۆ خۆوێناکردن وئامانج دیاری کردن دەخوازێت.بە حوکمی ئەوەی ئەنفال تەنها هەڵقەیەکی نائاسایی دژایەتیکردنی ناسیۆنالیزم  و بزوتنەوەی بەرهەڵستی چەکدار و سەربەرزکردنەوەی کورد نەبو، بەڵکو، مەنزومەیەکی هەمەلایەنەی ئایدیۆلۆژی و بیرۆکراتیی و تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سیاسەتێکی نەتەوەسازی خوێناوی بو دژ بەکورد، لە لوتکەی وەحشیگەریی خۆیدا، یاخود داخپێڕشتنێکی وجودیی دەوڵەت تەوەرانەی هەڵقەیەکی ترسناکی هەست  بە شکستی نەتەوەسازیی عێراقیی بەعسیانە بو، کە نەدەبو لە سایەیدا کورد وەک هێز و خاوەن داوا و بکەر و ناسنامەیەکی جیاواز، بونی بمێنێت. ئەنفال دوا هەڵقە ترسناکەکانی داماڵراو لە هەر بەهاو ئەخلاقێکی ناسۆنالیزمی عەرەبی لە بەرگی بە عەسیزمدا بو، بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخان و پشتێنەی لە خۆگری ناسیۆنالیزمی کوردی و بزوتنەوە چەکدارییەکەی، کە خودی گەلی کورد، ومێژو کەلتور و یادەوەری و بونە ڕەمزی و مەعنەوی و ماددییە کەی بو. حوکمی لەسێدارەدانی میللەتێک و کۆتاییپهێنانی بو، ، جا بە تیاچونی تەواویی فیزیکی، یاخود خستنە دۆخی زەهایمەری مێژویی و سیاسی و کەلتوری و  یادەوەریەوە.

 ئێمە لەم قوڵاییەدا لە ئەنفال تێنەگەیشتین، دەنا بەو جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ عێراق نەدەکرد ، بەغدامان نەدەکرد بە سەکۆی ئابڕوبردنی ناسیۆنالیزمی کوردی، لە پرۆسەی نیشتمان و گەل و دامەزراوەسازییدا،بەم جۆرەی ئێستا دوچاری شکست و قەیران نەدەبوین، دەمانزانی چۆن لە ئەنفال تێبگەین، واتە چۆن مەرجەکانی ئامادەبون لە جیهاندا وەک نەتەوە لە خۆماندا بەدی بێنین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن