وتار

ژەھرە مەعنەویەکانی گەنده‌ڵی وقاچاخچێتی سنورەکان

11/29/2020 3:56:00 PM 78 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەكر كاروانی


ڕۆژانە زانیاری جۆراو جۆر لەسەرگەندەڵی جۆراو جۆر و لەوانەش قاچاخچێتی سنورەکان بڵاو دەبێتەوە. بێ ئەوەی ھاوڵاتی ھەست بەھیچ بڕیارو ڕێ وشوێنێکی جددی بکات بۆ بەرلێگرتن و ڕاوەستاندنی!! ئەم دۆخەش چەندین لێکەوتەو ئاسەواری خراپی دەرونی وفیکری ومەعنەوی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەش:

١-ھەست بەپوچگەرایی کردنی ھاوڵاتی وخۆلەبەرچاو بچوکبونەوەونامۆبوون لەواقیعی سیاسی ونیشتمانی.

٢-ڕوتبوونەوەی زیاترو زیاتری نوخبەی حوکمڕان لەبەرچاوی ھاوڵاتی لەئەخلاقی حوکمڕانی وقوڵبونەوەی بێمتمانەیی وھەستکردن بەسوکایەتی، بەحوکمی ئەوەی حوکمڕان ودەست ڕۆیشتووەکان، لەدۆخێکدا کەناتوانن موچەبدەن، بەشێکیان بەبەرچاوی بەشەکەی تریانەوە بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ ماڵی گشتی دەکەن ولێپرسراوێتی سیاسی و ئەخلاقی ناگرنەئەستۆ. ھەروەھا لەبەر چاوچنۆکی وبەرژەوەندی کاتی وناڕەواو بئ نرخی ھەندێ کەس وناوەند، گوێیان لەوەنیە پاشماوەی ئابوری ئەم وڵاتەو سەرچاوە خۆماڵیەکانی ژیانی ھاوڵاتیان وئایندەی گەل و وڵات چی بەسەردێت!!

٣-زیاتر گەندەڵبوونی ژیانی حیزبی وداڕزانی، بەحوکمی ئەوەی مانەوە لە ھەندێ حیزبدا، بەوجۆرەی ئاماژەمان پێ کرد، بەشێ لەبەرپرسەکانی بێ ھیچ لێپێچینەوەیەك، خەریکی تاڵانککردنی ماڵی گشتین، جگەلە وێرانبونی زیاتری ویژدان وھەست بەشەرمەزاری دەرونی ، شتێکی تربۆ ئەندام وکادری ئاسایی ناھێڵێتەوە. بەتایبەتیش ئەوانەی ھەست بە قێزەونی وقەبارەی تاوانەکە دەکەن.

٤-زیاتر لاوازبوونی ئینتیمای نیشتیمانی ونەتەوەیی وچەپاندنی ھەستەکە ولێپرسراوێتی لەئەستۆ نەگرتن بەرامبەر چارەنوس و ئایندەی قەوارەی ھەرێم.

٥- قوڵبوونەوەی زیاتری بێ متمانەیی ھاوڵاتی بەرامبەر بە پرۆسە و بەشداری سیاسی وتوانای ھەڵبژاردنەکان لە ڕاستکردنەوەی بارودۆخەکە وبەدیھێنانی چاکسازی وگۆرانکاری پێویست. بەمەش مەترسی پەنگخواردنەوەی ڕق و توڕەیی ودەربڕینی لەشێوەی توندوتیژی سیاسی وکۆمەڵایەتیدا زۆرتر دەبێت. جێگرەوەی ئەویش دەبێتە درێژە کێشانی دۆخی ئێستا بەھەندێ پینەو پەڕۆو جوانکاریەوە؟!
ھەربۆیە ھەموو ئەوانەی بەشدارن لەخوڵقاندنی ئەم دۆخەوگەندەڵی وقاچاخچێتیدا، بەتەواوی مانا خیانەت وتاوان بەرامبەر گەل ووڵاتەکەیان ئەنجام دەدەن. ھەمووئەوانەی خاوەن بڕیاریشن وچاوپۆشی دەکەن ھاوبەشی تاوانەکەن. لەڕاستیشدا ولەڕوانگەی ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد ئەمە تەنھا تاوان نیە بەرامبەر قوت و ژیانی ھاوڵاتیان و ماڵی گشتی،بەڵکو دەستدرێژیە بۆسەر ڕوح وویژدان مێژوو وکەرامەتی خەڵك. بێ ڕێزیە بەرامبەر سەدەیەك لەقوربانی دانی گەلێك و بێباکی بەرامبەر ئایندەی. خزمەتکردنە بەدوژمنانی ئەم گەل وخاکە. خواحەزیش کات ئەم ڕۆژانە تێدە پەرن وئەورۆژە ھەردێ ئەم جۆرە رەفتارانە بۆ خاوەنەکانیان ببێتە مایەی سەر شۆری ھەردوو دنیاوئیرادەی گەل لەڕێی دادگایەکی ئازاو ئازادەوە قسەی خۆی بکات، ئەگەر پێش ئەوە بەخۆیاندا نەچنەوەو دەست لەم ڕەفتارە نائەخلاقیە ھەڵنەگرن ومافی دزراوو خوراوی خەڵك نەگێرنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement