پێدراوەکانی تاکو ئێستای جەنگی ناوچەکە و سرووشت وجۆری گۆرانکارییە پێشبینیکراوەکان
6/17/2025 4:06:00 PM
ئەبوبەكر كاروانی
لەبەر رووناکی تا ئێستای پێدراوەکانی جەنگی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشبینیکردن بۆ کات وجۆری کۆتایی پێهێنانی و ئەوئاکام وگۆرانکاریانەی چاوەرێ دەکرێت لێی بکەونەوە،، دەکرێت سەرنجەکانمان لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەینەوە:
١- جەنگەکە درێژەی دەبێت، تاکۆی ئامانجەکانی ئیسرائیل وبەرژەوەندییەکانی خۆرئاوای هاوپەیمانی دێنە دی، لێرەشەوە هەموو باسکردنێك لەهەوڵدان بۆ وەستاندنی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەچنە خزمەت ئەوئامانجەوە و لەوەزیاتر هیچیتر نین.
٢- کۆتایهێنان بەکۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لەبەر یەکهەڵوەشاندنەوەی بێ هیچ پێش مەرج و بەرامبەرێك، ئەویش، هەروەك پێش جەنگەکە ئاماژەمان پێدابوو، لەرێی رازیبوونی ئێران بەوەو رادەستکردنی، یاخوود بەپێچەوانەوە بەشداریکردنی ئەمریکا لەجەنگەکەدا، بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەوروەوە بە ئیسرائیل ئەنجام نەدراوە.
٣- نزیکبوونەوە لە رۆژەکانی کۆتایی ئەوەی ناونرابوو بە بەرەی بەرەنگاری دژ بەئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکدا بەسەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەسەرجەم ناونیشان وهێزەکانییەوە، لەم چوارچێوەشدا چاوەرێ دەکرێت واقیعی ئێستای عێراق بەهێز یاخود بەمیکانیزمیتر بگۆرێت، نەخشەی سیاسی ونوخبەو پێکهاتەی خاوەن هەژموون وئامرازەکانی دەستی بۆ درووستکردنی بریارو پیادەکردنی سیاسەتەکانی بەوجۆرەی پێشتر لەئارادا بووە، گۆرانی جددیان بەسەردا بێت و بەم جۆرەش بچینە بەردەم قۆناغێکی نوێ وجیاوازەوە.
٤ـ گۆرانی ئیسرائیل بۆ زلهێزی هەرێمایەتی باڵادەست و خاوەن هەژموونی بێ رکابەری راستەقینە لەخۆرهەڵاتی ناوەراستی نوێدا. لەم چوار چێوەشدا دوای ئێران و کۆتایهاتنی وەك زلهێزی ناوچەیی رەنگە تادوو دەیەیترو زیاتر، چاوەرێ دەکرێت سەرەی تورکیا بێت بەمەبەستی لەقاڵبدانی و ملدان بەواقیعی جیۆسیاسی و سەربازی نوێ و بیرنەکردنەوە لەهاوشانی وندیبوونی لەگەڵ تەلئەبیبدا. سرووشتیە لەم نێوەندەشدا بیر لە رووخاندنی هاوپەیمانێتی حوکمرانی ئێستا لەئەنکەرە وەك رێکارێك بۆ گۆرانکاری لەسیاسەتە ناوچەییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێتەوە یاخود کۆت وبەندی زیاتری بخرێتە سەر. تەنانەت پێشبینی دەکەم ئیسرائیل لەداهاتوودا جۆرێك لەگێچەڵ بەمیسریش بگێریت بۆ زیاتر لەقاڵبدان ولاوازکردنی هەندێ لەسەرچاوەکانی هێز تیایدا، هەر لەئێستاشەوە بە جۆرێك لەجۆرەکان پەراوێز خراوە.
٥- کۆتایهێنان بەچارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ مەسەلەی فەلەستین وپاکتاوکردنی مەسەلەکە بەیەکجاری، لەرێی گێرانەوەی سیاسەتی داگیرکردنەوەی راستەوخۆی کەناری خۆرئاواو غەززەو بەفەرمی ناساندنیان وەك بەشێك لەخاکی ئیسرائیل، بۆئەوەی ئامانجەکەی ترامپ بێتە دی کەپێی وابوو قەڵەمرەوی خاکی ئیسرائیل بەرتەسکەو دەبێت فراوان بکرێت وهەنگاونانیش بۆ هێنانەدی خەونی ئیسرائیلی گەورە بەچەند قۆناغ وشێوازێك بەکردەوە دەست پێبکات.
٦- کۆتایهێنان بەواقیعی پێش هێرشی ئیسرائیل بۆسەرتاران سەبارەت بە ناوخۆی ئێران بەهەر بارێکدا بێت، چاوەرێ دەکرێت لەوێش قۆناغێکی نوێ لەژیانی سیاسی ئەووڵاتە دەست پێبکات، سرووشت وسیناریۆکان و کاتی خایەنراوو لەم ورووە بابەتێکی ترە.
٧- چاوەڕێ دەکرێت هەوڵی گۆرانی دەسەڵاتی ئێستای سووریاش بدرێت و تەنها وەك پێویستیەکی بەرێکردنی قۆناغێکی راگووزەر سەیری بکرێت، گەرچی ئامادەبێت پەیوەندیش لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت، بەحوکمی ئەوەی لەرووی ستراتیژەوە، متمانە پێنەکراوەو زەحمەتە بەسازشکردنێکی تەکتیکی وازی لێ بهێنرێت.
ئەوەی دوای خوای گەورە( کەئێمە هیچ ئامرازێکمان بۆ دەستنیشانکردنی ویستی ئەو لەبەردەستدا نییەو وەك بنەماش ئیرادەی لەرێساگەردوونی ومێژوویی وژیانییەکانیدا بەرجەستە دەبێت) ئەوگۆرانانەی دەتوانن لەخێرایی و قەبارەی ئەمئاکام و گۆرانکارییە پێشبینی کراوانە کەم بکەنەوە چەند شتێکە، لەوانەش:
.بوونی بۆمبی ئەتۆمی رانەگەیەنراوی کۆماری ئیسلامی یاخود توانای دەستپێراگەیشتنی لەئێستادا.
.پشتیوانیکردنی جددی وراستەقینەو مەیدانی دەوڵەت و هێزێکی ئەتۆمی یاخود زیاتر لەئێران.
. پەرەسەندنی جەنگەکە بۆ ئاستی جیهانی؟