11وتار

لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر دەربارەی ئافرەت و چەك ورۆڵی لە کۆمەڵگەدا……

1/13/2026 11:54:00 AM
ئەبوبەكر كاروانی


بەداخەوە، کە ئێمەی کورد لە سۆنگەی لاوازییەکانی بیری نەتەوەیی و نەژیانی مێژوویی لە سایەی دەسەڵاتێکی ناوەندی و وەناکۆکی کردنی جیاوازەکان و هۆکاری ترەوە، زۆرجار کارەساتەکانیش کۆمان ناکاتەوە، شەرەکان بەناوخۆیی دەکەینەوە، بەوەش لە ڕەمز بوونی ئازارو مەینەتیەکان و رەونەقی قارەمانییەتیەکان کەم دەکەینەوە.

بۆیە ئەگەر لە دەیان ساڵی رابردوودا هیچ رووداوێك بەقەدەر کارەساتی دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەڵەب کوردی بە دەوری خۆیدا کۆنەکردبێتەوەو گیانی هاوسۆزی نەتەوەیی گڵپە پێ نەسەندبیت،کەچی سەرەڕای ئەوە، هەندێك هەر هەبوون، بەدوو ئاراستەی جیاواز دژ بەم دیمەنە جوانە بجوڵێنەوە، بەشێکیان هەوڵیاندا ئیسلامییەکانی کوردستان بخەنە شوێنی هێزەکانی شەرع و بە نەفرەتیان بکەن، کە ئەمە سەرەرای بوونی هەر ڕەخنەیەك لە هەڵوێستی ئەوان، خزمەتمان ناکات و کۆمەڵگە دابەش دەکات و دەیدات بەگژی یەکترداو دەرژێتە خانەی دەزگا هەواڵگیرییە هەرێمایەتیە دژەکانەوە!

بەدیوەکەی تریشدا، بەداخێکی زۆرەوە، بەشێك لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە لە دیدێکی نانەتەوەیی و لەسۆنگەی جیاوازی ئایدۆلۆژییەوە، کەوتنە هەوڵدان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەوەی روویداوە لە هەموو ئاماژەو ناوەرۆکێکی ئەخلاقی و ستەملێکراوی مێژوویی کوردو ستەمکاریی دوژمنەکانی بەعەلمانی و ئیسلامییەوە.

لەم نێوەندەشدا، هەڵوێستی مەلا مەزهەر خۆراسانی بوو بەناونیشان بۆم شەبەنگە. رەنگە ئەوەش بەهۆی شێوازە کۆمیدی و تەهەکومییە ناسراوەکەی ناوبراوەوەب بێت، کە بە بروای ئێمە پێچەوانەی کەسێتی زانای کوردەو بەراستی نازانین.

مامۆستا مەلا مەزهەر لە میانەی دەربرینی بۆچوونەکانی لەسەر پەلاماردانی دوو گەڕەکەکەو دانیشتوانەکەیان، دوو مەسەلەی وروژاند، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شوێنگەی ژن لە ئیسلامدا هەبوو، وەك ئامرازێك بۆ تانەدان لە کەسێتی و رۆڵی کچە کوردە جەنگاوەرەکان لە رۆژئاوادا، دووەمیشیان تەکفیر کردنی هێزەکانی هەسەدەو یەپەگە بوو، کەئەویش پێشینەیەکی یەکجار خراپ و حساب بۆ نەکراو بوو. کەئەمرۆ ئاماژەیەکی کورت بە یەکەمیان دەکەین و دووەمیشیان هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر، چونکە ئەویش مەسەلەیەکی یەکجار هەستیارو ترسناکەو نابێت بەبێ رەخنە لێگرتن بروات.

ناوبراو باسی لەوەکرد کە لە ئیسلامدا شوێنگەی ژن ماڵەوەیە، نەك چەک هەڵگرتن و شەرکردن، ئیشی ئەوەیە چا بۆ پیاوەکەی تێبکات و پیاوەکەی شەر بکات. ئێمە لێرەدا بەدەر لە هەر واقیێکی ئێستا لەو بارەوە، دەمانەوێت، لە دیدێکی مەنهەجیی ئیسلامییەوە، لەسەر ئەم دیدە بووەستین و رەتیبکەینەوەو پرسیار بخەینە سەر ناوەرۆکی ئیسلامیی بوونی.

بەڵام سەرەتا دەخوازم ئاماژە بەوە بکەم، کە بێ پەردە، دژی ئەو رەوتە فێمێنیستیە دژە خێزانییە توندرەوەم، کە بە چاوی سووك سەیری رۆڵی دایکایەتی و هاوسەرێتی و بنەرەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات، چونکە هەردوو ئەرکەکە لە دیدی ئیسلام و جەوهەری مرۆڤایەتیشەوە پیرۆزن. هەروەها پێم وایە جەنگ لەبنەرەتدا ئەرکێکی پیاوانەیەو رۆڵی ئافرەت لەوروەوە تەواوکارییە.

بەڵام کاتێك قسەکردن لەم دوو ئەرکە بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی تاڵیبانیانەو داخراوو نەریتی دژ بە ژییاننامەی پێغەمبەرو واقیعی مێژوویی کۆمەڵگەی موسوڵمانی کوردەواری و گیانی سەردەم و پێویستیەکانی پاراستنی ماف و کەرامەتی ئافرەتی موسوڵمانی هاوچەرخ، دەبێت هەڵوێستەی لە سەر بکەین و هەڵوێستی روون و راشکاوانەمان دەربارەی هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکی بڵێین، ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکە کەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر، بۆچوون و تێگەیشتنەکەشی بە هەڵە دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە، پێشمان وایە لەرووی مەنهەجی و ئەدەبیشەوە وا راسترە ،کاتێ کاراکتەرە دینی و ئیسلامییەکانی کۆمەڵگە قسە لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە دەکەن، کە هەڵگری تێگەیشتنی جیاوازە، خۆیان نەکەن بە وتەبێژی فەرمی ئیسلام و بە ناوی ئەوەوە قسەنەکەن، بەڵکو بڵێن لە روانگەیەکی ئیسلامییەوە فڵان شت وایە واتە بۆچوونەکەیان بخەنە پاڵ جۆری تێگەیستنی خۆیان بۆ ئیسلام نەك خودی ئیسلام وەکو ئاین.

هەرچی پەیوەندی بە تێگەیشتنەکەشیەوە هەیە بۆ رۆڵ و پێگەو مافی ئافرەت لە دیدێکی ئیسلامیی مەنهەجیەوە، لەوانەش مەسەلەی ئافرەت و چەک و بەشداری لەجەنگەکاندا، وادەبینم هێندەی رەنگدانەوەی هەندێ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فیقهی کاریگەر بەو داب و نەریت و عورفەیە، رەنگدانەوەی رۆحی ئیسلام و مەبەستەکانی شەریعەت واقیعی ژیانی پێغەمبەری خوا نییە، لەم روەشەوە لەبەر درێژ نەبوونەوەی وتارەکە تەنها ئاماژە بەدوو بەڵگە دەکەم:

* پێچەوانە بوونی دیدەکە لەگەڵ تێگەیشتن و واقیعی ژیانی پێغەمبەر(دخ) و هاوەڵانی، لەبەرئەوەی لاپەرەکانی مێژوو بۆی تۆمار کردووین، کە چەندین ئافرەتی موسوڵمان و هاوەڵ لەگەڵ پێغەبەر(دخ) بەشێوازی جۆراوجۆرو لەوانەش بەکارهێنانی چەك، بەشداریان لە شەرەکاندا کردووە. ئەوەش دەیسەلمێنێت بۆچونەکەی ناوبراو دژ بە جۆری پیادەکردنی ئیسلامە لەلایەن ئەو زاتەوە.

* بوونی نیمچە کۆدەنگییەك لە نێوان فەقیهەکاندا لەسەر ئەوەی، کە هەرکاتێك پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان دراو پیاوان بە تەنها نەیانتوانی رووبەرووی داگیرکارییەکە ببنەوە، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پر بکەنەوەو بەشداری جەنگەکە بکەن.

واتە لە فیقهە نەریتیە مێژووییەکەشدا ئافرەتانی موسوڵمان بەهێزێکی سەربازی یەدەگ لە قەڵەمدراون و وێناکراون، کە پێویستە لە کاتی پێویستدا بەشداری شەرەکان بکەن، روونە ئەوەش مەشق و ئامادەکارکردنیان لە رووی سەربازییەوە دەخوازێت،. ئەوەش ئەو شتەیە کە مەلای گەورەی کۆیە لە سی و چلەکانی سەدەی رابردوو پێشنیارو داوای کردووە.

واتە پێی وایە دەبێت ئافرەتانی کۆمەڵگە مەشق و راهێنانی بەکارهێنانی چەك و سەربازیان پێبکرێت، بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا بەشداری بەرگریکردن لە گەل و ولات بکەن.

⁠جگە لەوەش ئەم دیدە ئیسلامییە نەریتیە بۆ شوێنگەو ڕۆڵی ژنی موسوڵمان لە کۆمەڵگەیەکی نوێدا، چەندین کێشەی لێدەکەوێتەوە لەوانەش:

*پرسیار خستنە سەر هەزاران ئافرەتی موسوڵمان و لەوانەش کەس و کاری کاراکتەرە دینی و ئیسلامییەکان، کە لە ئێستادا لە فەرمانگە جۆراوجۆرەکاندا کاردەکەن، جونکە بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنە نامەقاسیدی و نەریتیە بۆ ئیسلام، دەبێت هەموویان لە دۆخی گوناح و سەرپێچی لە ئیسلامدا بژین؟! بە حوکمی جووڵەکردن و ئامادەبوونیان لە پانتاییەکدا ئیسلام رێگەی پێ نەداون؟

. ئەوتۆمەتەی بەرامبەرە فیکرییە دژەکان دەسەلمێنێت، کەلە رابردوودا ئیسلامیان بەوە تاوانبارکردووە ژن لەماڵدا زیندانی دەکات رۆڵی لەدەرەوەی ماڵ سفردەکاتەوە و باشترین خزمەتیان پێ دەکات.

*واقیعی ئەم سەردەمەو ئەو ئاڵ و گۆرەی بەسەر جۆری ژیان و خێزان و رۆڵ وێنای ئافرەتدا هاتووە، ئەم جۆرە دیدەی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە تێپەراندووە، بەوەش ئیسلام لە پێگەی رەتکردنەوە نەکو لەخۆگرتن و ئیسڵاح دەخاتە بەرامبەر رەوتی گەشەکردنی مێژوو کۆمەڵگەو واقیعی نوێی موسوڵمانانەوە، بەشداریکردنیشی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاراستەدان بەژیانی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات( هەڵبەت واقیعی دایکیشم لە لادێکەیدا پێچەوانەی ئەمە بوەو زۆربەی ئەوەی باوکم لە دەرو دەشت دەیکرد ئەویش بەشداربوو)

لێرەوە وا دەبینم ئەم جۆرە قسەو هەڵوێست و دیدە هێندەی دەکرێت بە کەرەسە بۆ بەدبین کردنی نەوەی نوێی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئیسلام وکێشەلەتێگەیشتنەکاندا درووست دەکات، خزمەت بە ئەوو کۆمەڵگەش ناکات. هەربۆیە بەهەڵەی دەزانین و رەتیدەکەینەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن