188وتار

د.بەرهەم سالح و وەرگرتنی پۆستی کۆمیسیاری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ پەنابەران

12/13/2025 3:07:00 PM
د.پشتیوان فەرەج

دکتۆر بەرهەم کەسێکی تەکنۆکرات و میانڕەوە و حەزی لە کارکردن لەبواری کۆمەڵگای مەدەنی و ئەکادیمیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە و تۆڕێکی فراوان لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و جیهانی و عەرەبی هەیە و تەنانەت پێش بوونی بە سەرۆک کۆماری عێڕاق ئەو کاتەی لە گەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان کارم دەکرد و سەردانیمان دەکرد نەیدەشاردەوە کە نیازی هەیە کار لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان بکات و ئەم پۆستەی ئێستای وەری گرتوە وەک کۆمیسیاری پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دوا مەنزڵی سیاسی ئەو نابێـت بگرە چاوی لەوەیە ڕۆژێک ببێت بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان. 

 ئەم ئاژانسەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەرپرسە لە پاراستنی و هاوکاریکردنی زیاد لە ١٢٠ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە لەسەر ئاستی جیهاندا. وەرگرتنی ئەم پۆستە چەند مایەی شانازی و دەستکەوتە بۆ کورد و عێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەش پڕ لە بەربەست و ئاڵنگاری و تەحەدایە بۆ دکتۆر بەرهەم چونکە لەسەردەمێکدا ئەم پۆستەی وەرگرتوە کە ئەمریکا هاوکاری و بەخشینەکانی بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاگرتوە و وڵاتانی بەخشەر وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا و یابان سەرقاڵی ئەمن و ئاسایشی خۆیانن و ئەو هاوکاریەی جاران بۆ پەنابەران خەرجیان دەکرد ئێستا بۆ بەرگری وڵاتەکانیان خەرجی دەکەن.

دکتۆر بەرهەم دەبێـت هەر لە ڕۆژی یەکەمی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە بەجیدی کاربکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دوورمەودا بۆ ئەم پرسە قوڵ و کاریگەرانەی خوارەوە:

کورتهێنانی بودجەى هاوکاری نەتەوەیەکگرتوەکان کەلە %٤٠ کەمی کردوە ئەویش بەکارکردن لەگەڵ و بە هاوکاری وڵاتانی خەلیج و کەرتی تایبەت

کەمکردنەوەى ستاف کە زیاد لە ٥٠٠٠ ستافی کۆمیسیۆنەکە کەمی کردوە بەهۆی بڕینی هاوکاریەکانی ئەمریکاوە

زیادبوونی لێشاوی بەرچاوی پەنابەران لەسەر ئاستی جیهان کە ژمارەیان زیان لە ١٢٠ ملیۆن کەسە

چارەسەری ئاشتیانە بۆ جەنگانەی کە چەندین ساڵیان خایاندوە لەوانە جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا و جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کەبەهۆیانەوە ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر بوون

دۆزینەوەى چارەسەر ی دوور مەودا بۆ کۆچبەری بەهۆی گۆڕانکاری ژینگە و کەشوهەوا گەرمبوونی زەوی کە بەهۆیەوە ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر بوون 

دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی هەڵکشانی حزبە فاشی و ڕاست ڕەو و توندڕەو و نەتەوەپەرستەکان کە دژایەتی پەنابەران دەکەن و سنوری ماف و ئازادیەکان بەرتەسک دەکەنەوە

بۆ ئەوەی لەم ئەرکە نوێیەی سەرکەوتوو بێت دەبێـت دکتۆر بەرهەم دید و ڕوئیا و نەخشە ڕێگایەکی جیاوازی خۆی بخاتە ڕوو بۆ ئەوەی ئەم ئاژانسە گرنگەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کەمی بودجە و ستاف و داڕمان ڕزگار بکات. لەوانەیە تەنها ڕێگا ئەوە بێ هاوکاری لە وڵاتانی دەوڵەمەندی خەلیج و کەرتی تایبەت وەربگرێت بۆ ئەوەی ئاژانسەکە بتوانێت لانی کەمی هاوکاری و پاراستن بۆ پەنابەران لە جیهاندا دابین بکات. بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە لە جێنیفایە دەبێـت تیمێکی بەتوانای نایۆرۆسنتەری(نائەوروپی) هاوکاری بن بۆ سەرکەوتن لەم ئەرکە نوێیەدا بەتایبەتی ئەوە لەبەرچاوبگرین کە دکتۆر پێشووتر لە ناو ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا کاری نەکردوە و زیاتر ئەزمونى سیاسی هەیە بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە توانای نیە دەمەزراوەکە بەهێزتر بکات چونکە پێشووتر چەندین پلەو پۆستی کاریگەری سیاسی چ لە هەرێم و چ لە عێڕاق بەڕێوەبردوە و کارەکانی گەواهی ئەوە دەدەن کە بۆ بونیاتنانی دامەزراوە و بەرژەوەندی و خزمەتی گشتی کاری کردوە. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن