69وتار

دیاریەک لەوپەڕی ئەمریکاوە

11/25/2024 11:57:00 AM
د.پشتیوان فەرەج

لە بەرواری ١٦ ى حوزەیرانی ٢٠٠٤ براکەم خۆی کوشت. ئەوە ناخۆشترین ڕۆژی ژیانم بوو. ئەم ڕووداوە وای لەمن کرد هەمیشە بیر لەوە بکەمەوە چیە وادەکات بمانەوێت بە زیندووی بمێنینەتەوە. براکەم تەنها سی ساڵ تەمەنی بوو. بەڵام ئەو ماڵئاوایی لە هەموو شتێک کرد. بەڵێ لە هەموو شتێک, لە خێزان لە هاوڕێکانی, لە خۆڕهەڵاتن و خۆرئاوابوون, لە دارستان, لە بیابان, لە فیلمەکان, لە مۆسیقا, لە هەموو بونەوەرێکی سەر زەوی, لە پشووەکان, لە خەونەکان, لە تموحی, لە کارەکەی, تەنانەت لە خێزانی خۆشی. ئەو دەستبەرداری هەموو گەردوون بوو.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگی براکەم چاوەکانمی کردوە. فێری کردم ژیان پڕە لە جوانی و ئەگەر مۆڵەت بە خۆم بدەم دەتوانم چێژ لە هەموو جوانیەکانی ژیان وەربگرم. ئیدی لەوکاتەوە ئامانجی ژیانی من گەڕان بوو بەدوای قەدرزانینی هەموو ئەو شتانەی مایەی پێزانین و سوپاسگوزارین. ئیدی لەدوای ئەو ڕووداوەوە حەزێکی بێشومارم بۆ دروست بوو بۆ ئەزمونکردنی ژیان بە مانا قوڵەکەی. بەلامەوە گرنگ نەبوو ئەگەر ئەزمونکردنی ژیان خۆشە یان نا گرنگ ئەوە بوو من قەدر و بەهای هەموو شتەکان بزانم.

 

کاتێک کە منداڵین دونیامان زۆر خۆش دەوێت. بینینی بۆقێکی بچکۆلە مایەی دڵخۆشیەکی گەورەیە. یاری کردن بە قوڕ هەمان خۆشی گەشتێکی مەزنی هەیە بۆباشووری ئەمریکا. لێخورینی پاسکیل لە جادەیەکی چۆڵ و تەنها خۆشیەکی نەبڕاوەی بێسنووری هەیە. پیاسەکردن بەناودارستان و بینینی ئەو دارانەی کەوتوون یان بینینی ئاسکێک یان گەڵامێوەکان کە شؤڕبوونەتەوە بەسەر لقی دارەکاندا و بینینی گەڵا سەوزەکان بێ ئەندازە دڵی منداڵێک خۆش دەکەن. منداڵ بەردەوام سەرسام و گەشکەیە بە جوانیەکانی ژیان و دونیاش بەهەمان شێوە بۆ ئەوان پێدەکەنێ.

 

دواتر گەورە دەبین و شارەزای شتەکان دەبین و لەگەڵ ژیان ڕادێین. چیدی ژیان مایەی ئەو سەرسامی و گەشکەیە نامێنێت چونکە کە گەورە دەبین  و ژیان ئەزمون دەکەین بەدوای ئەو شتانە دەگەڕێین کە کۆمەڵگا بەها و نرخی بۆ دادەنێت. لە جیاتی ئەوەی سەرسام بین وبحەپەسێین لە کاتی بینینی بۆقێکی بچوک یان کوندەپەپویەک یان لە کاتی پیاسەیەکی ناو دارستان یان لێخوڕینی پاسکیل لەگەڵ هاوڕێکانمان ئەوەمان فێر دەکەن کە ئەم شتانە حەزو خولیای منداڵانەن و پێویستە گەورە بین هەوڵ بۆ شتی زیاتر بدەین. فێردەکرێین دەبێ ئەوانی دیکە لە خۆمان ڕازی بکەین نەوەک حەز و خولیا و ڕەسەنایەتی خۆماندا بدۆزینەوە. لە جیاتی ئەوەی خۆمان بدۆزینەوە و هەوڵدەدەین ئەوانی دیکە لە خۆمان ڕازی بکەین و مایەی ڕازامەندی ئەوانی دی بین. هەربۆیە خۆمان لێ وون دەبێ و ئالوودە دەبین بەدوای ناوبانگ و خاوەندارێتی کردن.

 

بەڵام کاتێک ڕاوبۆچوونی ئەوانی دیکەمان لاگرنگە ئیدی هیچ کات سوپاسگوزار نابین و خۆشبەختیمان لێ وون دەبێ. لە جیاتی ئەوەی دیقەت بدەین چی لە دەوروبەرمانە و سوپاس گوزار بین کەچی ئەو کارانە دەکەین کە بۆ ڕازی کردن و دڵخۆشکردنی ئەوانی دیکەیە و خۆمان لێ وون دەبێ ئەوانیش هیچ پێ ی نازانن.

 

ئێستا کاتی ئەوە هاتوە خۆمان لەم کۆت و بەندە هزریە ڕزگاربکەین کە بەهۆیەوە بەردەوام  دوودڵ و ڕاڕا دەبین و کاتی ئەوەیە لەم خەوە ناخۆشە خەبەرمان بێتەوە. ئیتر کاتی ئەوەیە لەم بیرکردنەوەیە ڕزگارمان بێ کە هێندەی هانمان دەدات خاوەندارێتی بکەین هێندە ناهێڵی چێژ لە بوون وەربگرین.
بچۆ تەماشای بەردێک بکە, گوێ لە میوزیک بگرە, کات لەگەڵ هاوڕێکانت بەسەر بەرە و لەگەڵ هەموو کەس پێبکەنە. بەڵێ پێبکەنە لەگەڵ هەموان. بچۆ بۆ ناو دارستان, دەست لە دارێک بدە. ناولەپت لە توێکڵی دارەکە بدە و هەست بە توێکڵەکە بکە لەژێر لەپی دەستت. کات لەگەڵ خۆشەویستەکانت بەسەر بەرە و وەک خۆیان پەسەندیان بکە. خۆشەویستەکەت ماچ بکە و بەتوندی لە ئامێزی بگرە. خەم و خەفەت بە با بدەن و هەردوو دەستت ئاوەڵا بکە ئینجا دەزانی جوانی ژیان لە کوێدایە.

 

خۆت بە دوور بگرە لە زیاندانی ناو مێشکت و ئەم جیهانە لە ئامێز بگرە وەک ئەوەی کە هەیە نەک وەک ئەوەی کە تۆ دەتەوێت. واز بێنە هەوڵ مەدە جیهان بگونجێنی لەگەڵ بیرکردنەوەکانت بەڵکو بیرکردنەکانت بگونجێنە لە گەڵ ژیان. دونیا پڕە لە جوانی و سیحرئامێز. بەردەوام بن بەرەو پێش بڕۆن یاری بکەن خۆشەویستی بێ مەرج بکەن باوەش بۆ ژیان بکەنەوە و لەبیرت بێ هەمیشە وەک منداڵێک سەرسام و حەپەساو بە لەئاست جوانیەکانی گەردوون...

 

ئەوەی سەرەوە وەرگێڕانی لاپەڕەی یەکەمی نوێترین کتێبی نوسەری هاوڕێم نوا سیسیرۆیە کەلە ئەمریکاوە کۆپیەکی بە دیاری بۆ ناردووم.

 

نوا سیسێرۆ، لە ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەیەکی بچووک لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆهایۆ لە ئەمریکا دایکبووە، نووسەرێکی دیاری ئەمریکا و ناوبانگی نێودەوڵەتی هەیە. یەکەم کتێبی بە ناوی جەنگی مرۆیی کە باس لە شەڕی عێڕاق دەکات لە ساڵی ٢٠٠٣ بڵاوکرایەوە و کراوە بە فیلم و بۆچەندین زمان وەرگێڕدراوە لەوانەش لەلایەن شادی ئەحمەدی خێزانم وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی. 

 

بەدرێژایی چەندین ساڵ نوسەر سەرقاڵی نوسین بووە کۆمەڵێک بەرهەمی هەمەچەشنی بڵاوکردۆتەوە، لەوانەش چەندین کاری ئەدەبی و ڕۆمان و چیرۆک هۆنراوە و نوسینەکانی گەیشتووەتە بەخوێنەران لەسەر ئاستی جیهان. کتێبی بایپۆلە کاوبۆی کە کتێبێکی شیعریە، لە ساڵی ٢٠١٥دا پاڵێورا بوو بۆ خەڵاتی باشترین هۆنراوەی گوود ڕیدس.

 

نوا سیسیرۆ لەچەندین وڵاتی وەک پیرۆ، شیلی، کۆریای باشوور و مەکسیک و ئەمریکا بەشداری گفتوگۆی ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی کردوە. لە ئێستادا لە شاری لاس ڤێگاس لە ویلایەتی نیڤادا نیشتەجێیە. نوا سیسیرۆ نوسەرێکی بەتوانا و شاخەوانێکی شارەزایە و هەمیشە لەدەوروبەری شاخ و دەشت و بیابان و دؤڵەکانی ئەمریکا سەرقاڵی گەڕان و پیاسەیە تا ئێستا چوار جار بە پێ ڕۆشتۆتە ناو قوڵایی دؤڵی گراند کانیۆن. ئەگەر ڕێتان کەوتە ئەو دەشت و کێوە پەیوەندیم پێوە بکەن با ئەم نوسەرە تایبەتەتان پێ بناسێنم.

 

ئەمڕۆ ئەم کتێبە نوێیەی بەدیاری بۆ ناردووم لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان بەڕاستی هەستێکی خۆشە کاتێک نوسەرێک کتێبێکی خۆی لەوپەڕی دونیا بۆت دەنێڕیت ئەمە وا دەکات ئەو کتێبە چێژێکی تایبەتی هەبێت. 

 

ئەگەر بەدوای کتێبێکی پڕچێژ و ئاسان بەڵام زۆر قوڵ دەگەڕێ ی ئەوا کتێبەکەی نوا سیسیریۆ لە ئەمەزۆن هەیە دەتوانی لە ڕێگەی ئەم لینکەوە بیکڕی و نرخی ١١ دۆلارە


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن