پۆستی سەرۆک کۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتی چۆن یەکلا دەبێتەوە؟
11/18/2025 11:53:00 AM
د.پشتیوان فەرەج
ماوەیەک لەمەو پێش میدیاکان باسیان لە ئەگەر و خواستی بافڵ تاڵەبانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق دەکرد و ئەوەش مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی تا ئێستا بەفەرمی ویستی خۆی دەرنەبڕیوە بۆ ئەو پۆستە ئەوەی هەیە هەر لە سۆشیال میدیاوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێ بەتایبەتی پێشکەشکردنی هەڵمەتی هەلبژاردنکەی بە زمانی عەرەبی و ئەوەی دەیبیستین تا ئێستا زانیاری نافەرمین بەڵام زۆر کەس پشتگیری ئەم بۆچونە دەکەن و بە کارێکی باشی دەزانن کە سەرۆکی یەکێتی ئەو پۆستە وەربگرێت چونکە هەم بۆ دۆخی ناوخۆی ئێستای کوردستان و هەم بۆ عێڕاق باشە.
بەڵام چەند ڕۆژێکە دیقەتم داوە میدیا عەرەبیەکان و هەندێک لە میدیای دیکەی ئینگلیزی باس لە ئەگەرێکی دیکە و کەسایەتیەکی دیکە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق دەکەن کە ئەویش سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیە.
لە دوای هەلبژاردنەکانەوە ناوەندە سیاسی و فکریەکانی عەرەبی باس لە ئەگەری پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاق بۆ نێچیرڤان بارزانی دەکەن
پێشوتر ئەسعەد ئەلعەیدانی پارێزگای بەسرە ڕایگەیاندبوو ئەگەر ببم بە سەرۆک وەزیران ئەوا نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بەباش دەزانم و حەلبوسیش شایەنی سەرۆکی پەرلەمانە.
هەروەها ئیحسان ئەلشەمەری سەرۆکی سەنتەری عێڕاقی بۆ فکری سیاسی ئەوە بە دوور نازانئ کە بۆ ئەم جارەیان ئەگەر کورد لە نێوان خۆیاندا ڕێککبکەون ئەگەری هەیە بۆ یەکەم جار پۆستی سەرۆک کۆمار لە یەکێتیەوە بدرێت بە پارتی. بەڵام ئەمە بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی دەکرێت.
لە دوای ٢٠٠٣ وە ڕێکەوتنێکی نافەرمی لە نێوان حزبە سیاسیەکانی عێڕاق و کوردستان هەیە کە تیایدا پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعەیە و سەرۆک پەرلەمانیش بۆ سوننەیە و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە و لەناو کوردیشدا بەتایبەت بۆ یەکێتیە چونکە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە و بە پێ ی ئەو ڕێکەوتنە یەکێتی لە بەغداد دەبێ و سەرۆک کۆماری هی یەکێتیە و لەبەرامبەردا پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و چەند وەزارەتێک هی پارتیە.
ئەوەی من چاودێریم کردووە پارتی بۆچونێکی هەیە کە دەبێت پۆستە سیادیەکان بە پێ ی ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن دابەش بکرێت بەلام یەکێتی بۆچونێکی دیکەی هەیە کە دەبێ پۆستە سیادیەکانی هەرێم و عێڕاق بە پێ ی ناوچە و و نفوزی جوگرافیا و کاریگەری دەسەڵات و قەلەمڕەوی دابەش بکرێت. واتە یەکێتی هەر لەگەڵ مانەوەی رؽکەوتنە ستراتیژیەکانی خۆی لەگەڵ پارتیدا بە باشتر دەزانێ بەڵام پارتی بەهۆی زیادبوونی دەنگەکانی هەست دەکات ئەو ڕێکەوتنە لە بەرژەوەندیدا نیە و هەر ئەمەش هۆکاری پێک نەهێنانی کابینەی نوێ ی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
بەهیوای ئەوەی هەرچی زووە کابینەی نوێ پێک بهێنرێ و حکومەتێکی تەکنۆکرات لە خەڵکانی شارەزا پێک بهێنرێت لە کوردستان و سەبارەت بە بەغداش من پێم وایە گرنگە یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری بە دەست بێنێتەوە چونکە گرنگی و سیمبۆلی خۆی بۆ ئەو حزبە هەیە بەلام بۆ پارتی زیاتر وەزارەتەکانی لەلا گرنگرە وەک وەزارەتی دەرەوە و دارایی.
گرنگە هەردوولا هاوپەیمانیەتیەکەیان بە بەهێزی بمێنێتەوە ئەگینا لە پەرتەوازەییدا لاواز دەبن بۆ ئەوەی لاواز نەبن پێویستە یەکگرتوو بن سەرەتا ڕێک بکەون حکومەتێکی نوێ لە هەرێم پێک بهێنن و هەردولا هەندێک سازش بۆ یەکتر بکەن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا هەموان براوە دەبن. ئەگەر لەم کارەیان سەرکەوتوو بن ئەوا دەتوانن لە حكومەتی نوێ ی عێڕاق لە پێگەیەکی بەهێزتر و کاریگەرتردا دانوستان بکەن. گرنگە هەردوولا هەرگیز نەهێڵن لایەنێک لەت و پەرتەوازەیان بکات چونکە ئەوە لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێک و کوردستانیش نیە.