وتار

ئایا موسته‌فا كازمى شه‌ڕى هایدراى پێ ده‌كرێت؟

8/4/2020 3:40:00 PM 70 جار خوێندراوەتەوە
د.پشتیوان فەرەج

له‌ نۆ مانگى ئاینده‌ كازمى ده‌بێت له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌موده‌زگانى ده‌وڵه‌ت بپارێزێت و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌وه‌ بكات كه‌ خه‌ڵك ده‌یه‌وێت نه‌ك حزبه‌كان

كه‌ كازمى بوو به‌ 43 یه‌مین سه‌رۆك وه‌زیرانى عێڕاق گه‌شبینیه‌ك دروست بوو كه‌ ئه‌و پیاوه‌ ده‌توانێ ئاشتى به‌رقه‌را بكات سه‌قامگیرى دابین بكات و خۆشبه‌ختى بۆ عێڕاقیه‌كان بهێنێته‌ دى و هه‌ر له‌یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ چه‌ندین جوڵه‌ى سیاسى نه‌وێرانه‌ى نواند كه‌ په‌یامى سیمبۆلى بۆ عێڕاق و جیهان به‌گشتى پێ بوو.
دواى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌ختیه‌كه‌ى عێڕاقى ڕاگه‌یاند بۆ ساڵى ئاینده‌ له‌ 6 ى حوزه‌یرانى 2021 ده‌ركه‌وت كازمى پێویستى به‌ جورئه‌ت و ئازایه‌تى و غیره‌ت هه‌یه‌ بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى كه‌ دۆخى سیاسى عێڕاقى په‌ك خستوه‌ به‌تایبه‌تى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كه‌ ڕێگر بووه‌ له‌ چاكسازى له‌هه‌موو كایه‌یه‌كى ژیان. ئه‌و سێ مانگه‌ى ڕابردوو بۆ كازمى زۆر قورس بوو چه‌ندین قه‌یارن هه‌بوو به‌ڵام نۆ مانگى ئاینده‌ زۆر قورستر ده‌ربێت و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێت بۆ كازمى.
له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌بێت ئاماده‌ بێت بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى سێ پرس: سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و هه‌ژمونه‌ى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ئێران و قه‌یرانى دارایی كه‌به‌هۆى گه‌نده‌ڵى به‌رفراوانه‌وه‌ دروست بوون.
كازمى پێشوتر خۆى كارى ده‌زگاى موخابه‌راتى بووه‌ و هاوپه‌یمانى له‌دژى داعش دروست كردوه‌. سه‌لماندى كه‌ غیره‌تى هه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووى هێزه‌ میلیشیاكانى سه‌ربه‌ئێران بێته‌وه‌ چ له‌ناو په‌رله‌مان چ له‌سه‌ر شه‌قامى عێڕاقى. سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى بۆ مه‌رزى مه‌نده‌لى نێوان عێڕاق و ئێران سیمبۆلیانه‌ بوو هه‌روه‌ها كه‌ ڕایگه‌یاند مه‌رزه‌كان سه‌رچاوه‌ى دارایی و كانیاوى هه‌ڵقوڵانى خه‌ڵكى گه‌نده‌ڵن په‌یامێكى راسته‌وخۆى بۆ ئێران نارد كه‌ سه‌روه‌رى عێڕاق هێڵى سووره‌ و ئه‌و سنورانه‌ش ڕاسته‌وخۆ هۆكارى ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ناشه‌رعیانه‌ى چینى ده‌سه‌ڵاتن له‌به‌غداد و كازمى به‌ ئاشكرا ڕایگه‌یاند هه‌رگیز ئه‌مه‌ قبوڵ ناكه‌م.
هه‌روه‌ها كازمى ده‌زانێت كه‌ خۆپیشانده‌رانى عێڕاق هه‌روا به‌ئاسانى دانامركێنه‌وه‌ و كۆڵناده‌ن و داواكاریه‌كانى ئه‌وان شه‌رعین و خۆیان له‌ خزمه‌تگوزراى باشتر و هه‌لى كار و شه‌فافیه‌ت و لێپێچینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت خۆى ده‌بینێـه‌وه‌. كازمى باش ده‌زانێت خۆپیشانده‌ران چه‌ند قوربانیان داوه‌ و چه‌ندیان لێ كوژرا له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریانه‌ و هه‌رگیز حكومه‌ت ناتوانێت پشتیان تێ بكات.
له‌بیرتان بێت یه‌كێك له‌ گه‌وره‌رتین به‌ڵێنه‌كانى كازمى پێش هاتنه‌ سه‌ر حوكم ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌ڵبژاردنێكى پاك و نه‌زیه و پێچوه‌خته‌ له‌ عێڕاق ئه‌نجام ده‌درێت و به‌هۆى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رده‌مێكى نوێ دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ خه‌ڵكى نوێ و به‌توانا و سه‌ربه‌خۆ به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌ گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ تێوه‌ نه‌گلاون ئه‌م وڵاته‌ ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ و ئه‌و وه‌عده‌شى برده‌ سه‌ر به‌دیاریكردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردن سالێێك پێش واده‌كه‌ى خۆى و ئه‌مه‌ش به‌هێزترین جوڵه‌ى سیاسى و كارتى ده‌ستى كازمی بوو. كازمى ده‌ڵێـت هه‌تا ئێستا كه‌سه‌ لێهاتوو و شایسته‌ و به‌توانا و سه‌ربه‌خۆكان ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌یان نه‌بوه‌ حوكم بگرنه‌ ده‌ست به‌هۆى ته‌زویرى حزبه‌ ده‌ستڕۆشیتوو هه‌ژموندارى حزبه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان كه‌ له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا سه‌روه‌ت و سامانێكى خه‌یاڵى ده‌خه‌ نه‌ گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنى كاندیدى حزبه‌كان خۆیان و ئه‌وان هیچ كات نوێنه‌رى گه‌ل ناكه‌ن و ڕێگریش ده‌كه‌ن له‌وه‌ى كه‌سى باش حوكم بگرێته‌ ده‌ست. بیرتان بێت كازمى خۆى سه‌ربه‌هیچ حزبێكى سیاسى نیه‌ و ڕاشى گه‌یاندوه‌ خۆى كاندید ناكاته‌وه‌ و به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان ناكات.
به‌دیارى كردنى ڕۆژى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌-ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان په‌سه‌ندى بكات- كازمى سه‌لماندى ئازا و بوێره‌ و پیاوى ده‌وڵه‌تمه‌داریه‌ نه‌ك پیاوى حزب و قسه‌ و به‌ڵێنى گه‌وره‌ى خۆى بۆ عێڕاقیه‌كان برده‌سه‌ر.
كازمى ده‌زانێت كه‌ عێڕاق وڵاتێكه‌ ناسنامه‌كه‌ى یه‌كسانه‌ به‌ دیكتاتۆریه‌ت و تیرۆر و تایفه‌گه‌رى و گه‌نده‌ڵى دامه‌زراوه‌كان و هه‌ڕه‌ژه‌ى به‌رده‌وام له‌سه‌ر شكۆمه‌ندى وڵاته‌كه‌ هه‌مووى له‌سایه‌ى حكومڕانى خه‌ڵكه‌ى نه‌شیاوه‌وه‌ وه‌ دیاره‌ كه‌ ئیتر هاوڵاتى عێڕاقى ته‌واو هۆشیار بوونه‌ و چیتر نه‌ به‌رگه‌ى وه‌ نه‌ ته‌حه‌مولى گه‌نده‌ڵى سیاسى زیاتر ده‌گرن و كابینه‌كه‌ى كازمى هه‌موو ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى به‌ میرات بۆ ماوه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر كازمى ئه‌و بازنه‌ى كاره‌سات و قه‌یرانانه‌ تێك نه‌شكێنێت و كازمى كه‌وتۆته‌ به‌ر دوڕیانێك كه‌ هیچ گه‌رانه‌وه‌ى نیه‌ و ده‌بێت كۆتایی به‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ بهێنێت.كازمى ده‌زانێـت گه‌ل ئه‌و به‌به‌رپرسیار ده‌زانێت له‌ سنوردراكردنى حوكمى مافیاگه‌رى و دزى و ڕاوڕووت و به‌هه‌ده‌ردانى ئۆقیانوسێك له‌ سامانى نیشتمانى.
كازمى ده‌زانێت به‌ته‌نها خۆى و كابینه‌كه‌ى تواناى كۆتاییهێنان به‌و هه‌موو غه‌در و ناعه‌داله‌تیه‌ى نیه‌ به‌ڵام باش ده‌زانێت كه‌ هیچ نه‌بێت لانى كه‌م ده‌توانێت سنورێك دابنێت و بنه‌ماكانى چاكسازى و سه‌روه‌رى و شكۆمه‌ندى بۆ حكومه‌تى عێڕاقى له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌ودا ده‌بێت ئه‌ویش ته‌نها به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و نه‌زیه دوور له‌ ساخته‌كارى و ته‌زویر و ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا هه‌نگاوه‌ گرنگه‌كه‌یه‌ كه‌ ده‌مێكه‌ خه‌ڵكى عێڕاقى خێر له‌خۆنه‌دیو چاوه‌ڕوانین. 
له‌ئێستایا كازمى چاوى له‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ى تر بنه‌ماكانى حكومڕانى و داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت بێڕێزیانپێ نه‌كرێت و ڕێزو سوعمه‌ بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و لانى كه‌مى سه‌روه‌رى یاسا دابین بكات تا كاتى هه‌ڵبژاردن. چونكه‌ به‌غداد له‌لێوارى ته‌قینه‌وه‌ و بێسه‌روبه‌ریدایه‌ به‌تایبه‌تى له‌ دواى كوشتنى پسپۆرى بوارى دژه‌ تیرۆر هشام ئه‌لهاشمى و كه‌سى نزیكى كازمى. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ده‌بێت سه‌لامه‌تى خۆپیشانده‌ران زامن بكات كه‌ زۆربه‌یان هاوڵاتى ئاسایی عێڕاقین و هیچ ده‌ستى ده‌ره‌كیان له‌ پشته‌وه‌ نیه‌ و هه‌موو خه‌ڵكى عێڕاق ئێستا چاوه‌ڕوانن بزانن كازمى ده‌توانێت ئه‌وانه‌ى كه‌ خۆپیشانده‌رانیان تیرۆرو ئیغتیال كرد ده‌داته‌ دادگا و حه‌قیان بۆده‌كاته‌وه‌ یان نا. كازمى له‌لایه‌كه‌وه‌ده‌بێت چاوێكى له‌سه‌ر هێزه‌كانى نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌ بێت له‌لایه‌كى تریش ده‌بێت چاوێكى له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى حكومه‌ت بێت تا ڕیسه‌كه‌ى لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ به‌ خورى.
به‌ڵام تا هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ ئه‌گه‌ر كازمى تواناى ده‌ست به‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگرێت و هه‌ندێك به‌ره‌وپێشوون بكات ئه‌وا ده‌توانێت بۆ عێڕاقى بسه‌لمێنێت ئه‌وته‌نها پیاوى ده‌وڵه‌ته‌ كه‌ كاره‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كه‌ بۆ عێڕاقیه‌كان ئه‌نجام ده‌دات.ئه‌گه‌ر به‌رگه‌ى نۆ مانگى نوێ ى ترى گرت ئه‌وا ده‌توانێت ئه‌و بنه‌مایانه‌ دروست بكات  كه‌ پێویستن بۆ عێڕاقێكى دیموكرات و سه‌قامگیر. با چاوه‌ڕێ ى سیناریۆى ڕوداوه‌كان بین.
كازمى ئێستا ده‌بێت ڕووبه‌ڕووى ئه‌و هێزانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ سوودمه‌ند ووه‌ك مشه‌خۆر  له‌سه‌ر نائارامى و ناسه‌قامگیرى و داڕوخانى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت ده‌ژین و ئه‌و هێزانه‌ش كه‌م نین و ئه‌وه‌نده‌ زۆروبۆرن وه‌ك ئه‌ژدیهاى هایدراى نۆسه‌رى میسۆلۆجیاى كۆنى یۆنانیه‌كانیان لێ هاتوه‌, تا سه‌رێكى ئه‌م ئه‌ژدیهایه‌  ده‌په‌ڕێنى دوو سه‌رى تر سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. جا هه‌ر به‌پێ ى ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ هیدرا یه‌ك سه‌رى نه‌مرى هه‌بووه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى سه‌ره‌كانى تردا بووه‌ و به‌پێ ى چیرۆكه‌كه‌ ته‌نها هیراكلیته‌س (هه‌رقڵ) توانیویه‌تى ئه‌و سه‌ره‌ بپه‌ڕێنێت. ئه‌م ئه‌ژدیها نۆسه‌ره‌ به‌رده‌وام په‌لامارى خه‌ڵك و موڵك و ماڵ و ئاژه‌ڵانى داوه‌. هه‌ركه‌س ویستویه‌تى ئه‌م ئه‌ژدیهایه‌ له‌ناو به‌رێت شكستى هێناوه‌ چونكه‌ له‌جێ ى برینى هه‌ر سه‌رێكى بڕاوى ئه‌م ئه‌ژیهایه‌ دووسه‌رى نوێ هاتوته‌نه‌ ده‌ر و خه‌ڵگه‌كه‌ به‌ گشتى به‌ده‌ستیه‌وه‌ گیریان خواردوه‌ و ناڵاندویانه‌.
وشه‌ى هایدرا له‌ زمانى ئێنگلیزیدا بۆ كارێكى مه‌حاڵ و ئه‌سته‌م به‌كاردێت كارێك كه‌ ته‌نها پاڵه‌وانێكى میسۆلۆجیانه‌ بتوانێت ئه‌نجامى بدات.
تیبینى: وینه‌كه‌ش وێنه‌ى هه‌رقله‌ له‌كاتى كوشتنى ئه‌ژدیهاى هایدرا له‌به‌رده‌م كۆشكى شاهانه‌ له‌ ڤیه‌ننا
 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement