دەربارەی پرۆژەی ڕاهێنانی دیداکتیکی
7/14/2024 1:46:00 PM
فایەق سەعید
لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بابەتم لەسەر ئەم پرۆژەیە خوێندووەتەوە. خەڵکانێک گەشبینن و خەڵکانێکی دیکەیش ڕەشبینن و پێیان وایە هیچ نییە. لەم بوارەدا دەمەوێ ١٤ خاڵ یاداشت بکەم
یەکەم: خەڵک ناهەقی نییە ڕەشبین بێت، چونکە گۆڕانکاریییەکان لە هەموو بوارەکاندا دەگمەنن، بۆیە وەک دەرئەنجام هەموو دیدار، کۆنفرانس و بەرنامە میدیاییەکان (٩٩٪)ی کاتەکان بۆ ڕەخنەگرتن، جوێنەوە و باسکردنی ئەو دۆخە دەکەن کە هەیە و هەموومان لەبەرمان کردووە. پێشنیار و کارکردن بۆ چارەسەرکان دەگمەنن.
دووەم: هەر هەنگاوێکی باش بنرێت کارێکی دڵخۆشکەرانەیە. ئەگەر ئەوە نەکەین کەواتە دەبێ دانیشین و بەوە ڕازی بین کە ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان ناخۆشتر ببێت.
سێیەم: پرۆژەی ڕاهێنان بە بۆچوونی بەندە گرنگترین پرۆژەی وەزارەتی پەروەردەیە کە دەمانتوانی بەر لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستا جێبەجێمان بکردایە. هۆکاری ئەمە ئەوە نییە کە بەندە بەڕێوەی بردووە، بەڵکوو هۆکار ئەوەیە دەیەها هەزار توێژینەوەی زانستی گرنگ و ڕختە هەیە کە پێیان وایە دیداکتیک بەشی هەرە گرنگی پەروەردە پێک دێنێت. هەر بۆیەش لە زانکۆ و کۆلیژەکانی پەروەردەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دیداکتیک بایەخی هەر گرنگی پێدەدرێت.
چوارەم: دیداکتیک دوو خاڵ دەستەبەر دەکات: یەکەم چۆن بابەتەکان بۆ خوێندکارەکان ڕوون دەکەینەوە بۆ ئەوەی تێبگەن. دووەمیش چۆن وا لە خوێندکارن بکەین بیر لە گۆڕانکاری، داهێنان، بەرهەمێنانەوە زانست و مەعریفە بکەنەوە و لە لەبەرکردن و نەقڵکردن دوور بکەونەوە.
پێنجەم: ئەگەر منداڵەکان ئاوا لە منداڵییەوە فێرببن، ئەوە بەو میتۆدە تەقلیدییانەی ئێستا ڕازی نابن کە لە زانکۆکاندا کاریان پێدەکرێت.
شەشەم: ئەم پرۆژەیە بۆ یەکەم جارە لە هەموو عیراق و هەرێمیش کاری پێبکرێت. ئەمەش تەنها هەنگاوی یەکەمە. بۆ سەرکەوتنی پرۆژەکە دەبێت وەزارەت خەمخۆر بێت لە دوو بواردا: یەکەم موچە و دەرماڵەی ڕاهێنەران زیاد بکات و دووەمیش هەنگاوی دیکەش بۆ بەهێزکردنیان پیادە بکات
حەوتەم: ڕاستە بەر لە دەستپێکی پرۆژەکە بەشێکی زۆر کەمی ڕاهێنەرەکان بە کتێبخوێندەوە ڕاهاتبوون، بەڵام من گەواهی ئەوە دەدەم هەموو ئەو ڕاهێنەرانەی لەگەڵ بەندە خوێندیان گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەسەردا هات. بە نزیکەیی هەموویان دەستیان بە خوێندنەوە کرد. لە کاتێکدا لە زانکۆش بەوە ڕانەهاتبوون ڕۆژی ٢ کاژێر بخوێننەوە، لە خولەکاندا ڕۆژانە ١٠ کاژێر کاریان دەکرد و چەندین جار ڕاپۆرتەکانیان بۆ بەندە دووبارە و سێبارە دەکردەوە.
ئەم ڕاهێنەرانە و ئەوانی دوای بەندەش دەیانبینم خۆیان بە دوای چەندین سەرچاوەی نوێدا دەگەڕێن و باسی هەندێ بابەت دەکەن کە من نەمکردووە. لێرەوە دەمەوێ بڵێم هەموومان بەیەکەوە گۆڕانکاری دروست دەکەین.
هەشتەم: دەرئەنجام هەموو ڕاهێنەرەکان ماندوو دەبن، کتێب دەخوێننەوە، خۆیان بەدوای میتۆدی دیکە و کتێبی دیکەدا دەگەڕێن و ئەمەش مەبەستی من بوو. واتە من ناتوانم هەموو شتێک پێشکەش بکەم، بەڵکوو مەبەستی من ئەوە بوو بیانخەمە سەر ڕێگەی دروست و ئێستا خۆیان بەدوای گۆڕانکارییەکاندا دەگەڕێن دە دەبنە فشار بەسەر وەزارەتی پەروەردەوە.
نۆیەم: ئەوەی ڕاهێنەرەکان لە ساڵێ خوێندنی ڕابردوودا ئەنجامیان دا (زۆنی سەوز دەوام نەبوو) شتێکی ناوازە بوو. بەندە لە زۆر پۆلدا دانیشتم سەرنجی کاریگەریی کاری ڕاهێنەرەکانم دەکرد. ئەوان توانییان کاریگەرییەکی باش بەسەر خوێندکارەکانەوە دابێنن و دڵخۆشییەک و هیوایەکیان پێببەخشن. ئەمەش بەبێ ماندووبوونی ئەو ١٥٠ هەزار مامۆستایە و هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتی مەشق و ڕاهێنان نەدەهاتە دی.
دەیەم: شکی تێدا نییە پرۆژەکە کەموکورتی تێدا دەبێت و ڕاهێنەرەکانیش تووشی هەڵە دێن، بەڵام ئەم دۆخەش تووشی هەموو پرۆژەیەکی نوێ دەبێت، تەنانەت لە جیهانی پێشکەوتووشدا. ئەوان تەنها ١ ساڵ پرۆژەکەیان لە نیوەی هەرێمدا پیادە کردووە. کاری وەزارەتی پەروەردەیە کە کۆڕبەدێکیان بۆ بکات، گوێ لە بەربەستەکان و پێشنیارەکان بگرێت بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە. بەتایبەت لە مەسەلەی هەڵسەنگاندندا پێویستە تەیار بکرێن.
یازدەهەم: بەندە هیوایەکی زۆرم بەم پرۆژەیە هەیە و دووبارە و دەبارەی دەکەمەوە کە زیادکردنی دەرماڵەی ڕاهێنەرەکان و مامۆستاکانیش خاڵێکی گرنگە بۆ باشترکردنی داهاتووی پرۆژەکە.
دوازدەهەم: ئەوەی دەیبینم وەزارەت بەردەوامە لەگەڵ ڕاهێنەرەکان بۆ بینی خولی جیاواز بۆ بەرزکردنەوەی ئاستەکانیان. ئەگەر هەر هەڵەیەکیش هەبێت یان ئەگەر خولێکی دیاریکراو لاواز بێت، ئەوە زۆر گرنگە ڕاهێنەرەکان ئەوە بە وەزارەت ڕابگەیەنن و ئەرکی وەزارەتیشە خولی باشتریان بۆ دابین بکات.
سێزدەهەم: خودی ڕاهێنەرەکان دەتوانن پرۆژەکە بەڕێوە ببەن پێویست ناکات هیچ لایەنێکی دیکە لە وەزارەت سەرپەرشتییان بکات، چونکە خۆیان لە هەموو لایەکی دیکە باشتر لە دیداکتیک شارەزان و بەندە لەگەڵ جەنابی وەزیریش لەسەر ئەوە کۆک بووین کە کاری ئەوان زۆر لەکاری سەرپەرشتیاران جودایە.
چواردەهەم: بەڕێز وەزیری پەروەردە تا ئێستایش ئەم پرۆژەیە بە پرۆژەیەکی ستراتیژی دەزانێت و پەیمانی داوە کە پشتیوانی ڕاهێنەرەکان بێت، ئەمەش کارێکی زۆر دڵخۆشکەرانەیە.
پازدەیەم: هەموومان دەزانین پەروەردەی ئێمە بە یەک پرۆژە و ٦٠٠ ڕاهێنەر پێش ناکەوێت، بەڵام بۆ بە دیوێکی دیکەدا تەماشای ناکەن. ئەم ٦٠٠ ڕاهێنەرە ڕاهێنان بە ١٥٠ هەزار مامۆستای گرنگ دەکەن و ئەم مامۆستایانەش ڕاهێنان بە ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار دەکەن کە نزیکەی (٣٠٪) دانیشتوانی هەموو هەرێم پێک دێنن. دڵنیام کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە. با چەند ساڵێک چاوەڕێ بکەین.
فایەق سەعید
سەرپەشتیاری پرۆژە دیداکتیک
(ئوکتۆبەری ٢٠٢٢- دیسەمبەری ٢٠٢٣)