960وتار

کۆڤید ١٩ و چارەسەرەکانی وەزارەتی پەروەردە

6/6/2020 2:40:00 PM
فایەق سەعید

پێشەکی 
شڵەژانێکی زۆر بە بڕیارەکانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دیارن. ئەوان نەیانتوانی تا دوا سات بڕیار بدەن و لەو ماوەیەشدا چەندین لێدوانیان داوە و دواتر یان پەشیمان بوونەوە یان ناچار بوون ڕوونکردنەوە لە بارەیانەوە بدەن. بۆ نموونە بەڕێز وەزیری پەروەردە بڕیارێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندکاران دەرکردووە، بەڵام ناتوانێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات. هۆکاری ئەمە پەیوەندی بە سترکچەرەکانی سیستمی پەروەردەییەوە هەیە. ئەوروپا دەتوانێ قەرەبوویان بکاتەوە چونکە کار بە پەیڕەوی فێرکاری دەکات و ئێمە چەندین ساڵە نامانتوانیوە قەناعەتیان پێ بێنین کە بەو شێوەیە کار بکەن. دەبێ ئەوەش یاداشت بکەین کە هەردوو وەزارەت لەژێر فشار و دەستێوەردانێکی گەورەدان و ڕانەهاتوون بەو کتوپڕە قەیرانەکان چارەسەر بکەن . 
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک زانیاری نادروستیان بڵاو کردۆتەوە کە گوایە زانکۆکانی ڕۆژئاوا بە هەمان شێوەی کوردستان چارەسەری ئەم گرفتەیان کردووە، بەبێ ئەوەی یەکێک هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکات. وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیتوانی زۆر باشتر چارەسەری ئەم گرفتەی بکردایە، بەڵام بێتوانایی مامۆستاکان و پاشخانی تەکنیکی ڕێگر بووە. من لێرەدا دەمەوێ تەنها تیشک دەخەمە سەر کارەکانی وەزارەتی پەروەردە، چونکە ئەوە بواری منە.
 یەکێک لە سیمای وەزارەتەکانی پەروەردە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ئەوە بووە، چەندین بڕیار و لێدوانیان داوە کە لەگەڵ یەکدا ناکۆک و هاودژ بوون و سەریان لە مامۆستا و خوێندکارانیش شێواندووە. ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا بەشێکمان لەو بڕیارە هاودژانە بڵاو کردەوە.
ئەم سیمایە بە تایبەت بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢ زۆر دروستە. وەزارەتی پەروەردە ناچار بووە لەبەر هەر هۆکارێک بووبێت، چەند جارێک ڕوونکردنەوە لە بارەی بڕیار یان لێدوانەکانەوە بدات. وەزارەتەکانی پەروەدە بەدەست هەندێک گرفتی ستراکچەرەوە دەناڵێنێ و بۆی چارەسەر ناکرێت. بۆ نموونە وەزارەت خۆی تووشی گرفتی داخڵبوونی خوێندکارانی پۆلی ١٢ کردووە و نایەوێ هەموویان  داخڵ بکات بەبێ ئەوەی هۆکاری هەبێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆ ناکرێ؟ پێمان وایە کۆی وەزارەتەکانی پەروەردە لەم پرسەدا هەڵگری بۆچوونێکی ستاتیکی و داخراون. ئێمە پێمان وایە ئەو بەربەستە دەبێ هەڵگیرێت و هەموویان لە هەموو ساڵەکاندا بەشداری بکەن.

کێشەی کۆرۆنا
کێشەی چارەسەرکردنی خوێندن لە دۆخی کۆرۆنادا تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە سیاسەتی حکومەت و وەزارەتەکانی پەروەردەی رابردووەوە هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بەم وەزارەتەی ئێستاوە نییە. هەموو ئەو بەرنامانەی لە میدیاکاندا لەم بارەیەوە ساز کراون، بەشداربووەکان ڕەخنەیان لە وەزارەتی پەروەردە گرتووە، تەنانەت وەزیرە کۆنەکانی پەروەردەش، بەبێ ئەوەی وەڵامی دوو پرسیاری بنەڕەتی بدەنەوە: ئایا وەزارەتی پەروەردە دەیتوانی چ چارەسەرێکی گونجاو پیادە بکات و نەیکردووە؟ بژاردەی دروست بۆ ئەم دۆخە چییە؟
لە ڕاستیدا هەموو چارەسەرەکان پەیوەندییان بەوەوە هەیە تا ئێستا وەزارەتەکانی پەروەردە نەیانتوانیوە سەرمایەگوزاریی لە بواری تەکنیکی و مەعریفیدا بکەن. هەموویان تا سەر ئێسقان داخراوبوون بوون و نەیانتوانیوە ژێرخانێکی باش دروست بکەن بۆ ئەوەی ئەوەی لە ئێستادا وەزارەت بتوانێت بە ئاسانی بڕیار بدات. بۆیە ناتوانین داوای شتێک لە وەزارەتی پەروەردە بکەین کە توانای جێبەجێکردنی نەبێت. 
بژاردەی ئۆنلاین بەهیچ شێوەیەک بۆ خوێندنگە بنەڕەتییەکانی ئێمە لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا،  ئێمە گونجاو نەبووە و ئێمە نەماندەتوانی داوای بکەین. وڵاتە پێشکەوتووەکان لەم دۆخەدا کاریان پێ کردووە، بەڵام  گرفتی جۆراوجۆریان هەبووە. هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ئەوان لە ساڵی خوێندنی داهاتووە چارەسەری ئەو گرفتە بۆ هەموو قۆناغەکان بخەنە ڕوو. ڕەخنەی من لە وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە، ئەم دۆخە ئەگەر نەبێتە هۆکاری گۆڕانکارییەکی گەورە لە ساڵی داهاتوودا،  ئەوە مانای وایە وەزارەت شکستی هێناوە.
 
وڵاتەکان چییان کردووە
بەپێی ڕاگەیەندراوی یۆنسکۆ، لەم ماوەیەدا  ملیار و نیوێک خوێندکار و ٦٠ ملیۆن مامۆستا لە ١٨٥ وڵات بەهۆی کۆرۆناوە لە ماڵەوە بوون. لەم ماوەیەدا ئێمە چاودێری هەندێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوامان کردووە کە چۆن چارەسەری ئەم گرفتەیان کردووە. وڵاتەکان، هەرێمەکان و تەنانەت خوێندنگەکانیش ئازاد بوون لە بەکارهێنانی چارەسەری گونجاو. بەڵام بە گشتی ئەم چارەسەرانەیان پیادە کردووە.
یەکەم: هەموویان پەنایان بردۆتە بەر خوێندنی سەرهێڵ، لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک ئەپڵیکەیشن و بەرنامەی تایبەت بە خوێندن. ئەو بەرنامانەی بەخۆڕایین، بژاردەی کەمتریان تێدایە بە بەراورد لەگەڵ ئەو بەرنامانەی کە بە پارەن. بۆ نموونە تیمس، مایکرۆسۆفت تیم، زوم، گوگل کلاس روم، گۆگل درایڤ، گوگل دۆکیومێنت، گوگل بلاکبۆرد، ڤیرچواڵ کلاس روم،...هتد.  لەم بەرنامانەدا مامۆستاکان دیانتوانی بە ڤیدیۆ وانەکان بە شێوەیەکی تیۆری باس بکەن و هەر لەوێشدا دەتوانن وەڵامی خوێندکاران بدەنەوە. مامۆستاکان ئەوە دەبینن کێ هاتۆتە سەرهێڵ یان نا. بەڵام مامۆستاکان چەند سەعاتێک کەم ئەم کارەیان کردووە.
دووەم: بۆ خوێندکاری ئامادەییەکان ئەم جۆرە چارەسەرە باش بووە، هەموو خوێندنگەکان پلاتفۆرم  و پێگەی خۆیان لەسەر ئینتەرنێت هەبووە و لەوێ ئەرکەکان، لێکۆڵینەوەکان، پرسیار و تاقیکردنەوەکانیان داناوە و خوێندکارانیش هەر لەوێ وەڵامەکانیان داناوە.
سێیەم: هەندێك لە مامۆستاکان پەنایان بردۆتە سەر جۆرێک بەرنامە کە مامۆستا ڕووبەڕوو لەگەڵ یەک کەسدا قسە دەکات. بەڵام ئەمە بژاردەیەکی سەرکەوتوو نییە ئەگەر مامۆستا ژمارەیەکی زۆری خوێندکاری هەبێت.
چوارەم: هەندێک لە وڵاتەکان بۆ خوێندکارە بچووکەکان داوایان کردووە ئەوان بچنە خوێندنگە و بەشی هەفتەیەک ئەرکی ماڵەوە وەربگرن. هەندێکیشیان بۆیان ڕەوانە کردوون بۆ ماڵەوە. هەروەها ئەو بژاردەیەشیان هەبووە کە پەیوەندی بە مامۆستاکانەوە بکەن بۆ هاوکاری زیاتر، چونکە مامۆستاکان لە زوربەی ولاتەکان لە خوێندنگەکانی خۆیان دەوامیان کردووە.
 
وەزارەتی پەروەردە دەبێ چی بکات؟
ئێمە دەبێ‌ ڕەچاوی ئەوە بکەین کە دۆخەکە نائاساییە و هەموو چارەسەرەکانیش نائاسایی دەبن، هەروەها بژاردەکانی بەردەم وەزارەتی پەروەردەش کەم ئاڵنگارانەن. هیچ وڵاتێکی پێشکەتوو نەیتوانیوە خوێندن و پۆلی سەرهێڵ وەکو خوێندنی ئاسایی بە شێوەیەکی ئەکتیڤ پیادە بکات و کۆی خوێندکارانیش زەرەمەند بوون. بەڵام توانیویانە خوێندکاران بە خوێندنگە و بابەتەکانەوە پەیوەست بکەن. 
وەزارەتی پەروەردە دەبێ لە ساڵی خوێندنی داهاتووە بیر لەم هەنگاوانە بکاتەوە:
یەکەم: پشت بە خوێندنی سەرهێڵ، پۆلی ئیلکترۆنی ببەستێت و بژاردەکانی دیکەی تەکنیک ببەستێت (ئەوروپا). لەم بوارەدا کۆمەڵێک بەرنامەی زۆر باش هەیە کە دەبێ وەزارەت دابینیان بکات بۆ ئەوەی مامۆستاکان بتوانن وانە بڵێنەوە و خوێندکارانیش بەشدار بن و پرسیار بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ لەم هاوینەدا ڕاهێنان بە مامۆستاکان بکرێت لەسەر بەکارهێنانی ئەو بەرنامانە. ئەم بژاردەیە دوو گرفتی سەرەکی لە بەردەمدایە. یەکەم کە حکومەت موچە بە مامۆستایان نەدات، ئەوانیش ڕەنگە ئامادە نەبن کارێکی وا بکەن. دووەم، وەزارەت دەبێ ئایپاد و لاپتۆپ بۆ سەرجەمی مامۆستایان و خوێندکاران دابین بکات. بەڵام ئایا بودجەی ئەمەی هەیە.؟ بە ڕاستی بایکۆتکردنی مامۆستایان بە هۆی موچەوە هەمیشە ئەگەرێکی بەهێزە.
دووەم: بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پەروەردە دەبێ گووتنەوەی وانەکان لە تەلەفیزیۆنی پەروەردەیی چالاکتر بکاتەوە. ئەوەی ئێستا هەیە لە ڕووی تەکنیکەوە لاوازە و سەرنجی خوێندکار ڕاناکێشێت، هەروەها هەموو وانەکانی هەموو قۆناغەکانی تێدا نییە.
سێیەم: خوێندکاران دەتوانن هەفتەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بچنە خوێندنگە تەنها بۆ ئەوەی ئەرکەکان لە مامۆستاکان وەربگرن. بۆ هەفتەی داهاتوو وەڵامەکان ببنەوە بۆ خوێندنگەکانیان و ئەرکی نوێ وەربگرن (نموونەی ئەڵمانیا و نەرویج). مامۆستاکان دەبێ ڕۆژی چەند کاتژمێرێک تەرخان بکەن بۆ ئەو خوێندکارانەی پەیوەندییان پێوە دەکەن، بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە. 
چوارەم: خوێندنگەکان دەتوانن بکرێنەوە بەڵام بە نیوچە دەوام. واتە هەر خوێندکارێک لە هەفتەیەکدا ڕۆژێک دەوام بکات، واتە پۆلێکی ٣٠ کەسی هەر ڕۆژەی ٥ کەس بێتە خوێندنگە و لەو ماوەیەدا سوود لە مامۆستاکان وەربگرن و ئەرکەکانی هەفتەیەکیش وەربگرن. یان لەهەر پۆلێکدا بۆ نموونە ١٠ خوێندکار زیاتر ئامادە نەبێت. لەم دۆخەدا دەبێ مەرجەکانی خۆپارێزی زۆر توند بکرێنەوە.
پێنجەم: ئەگەر دۆخەکەش ئاسایی بووەوە زۆر پێویستە هەموو خوێندنگەکان لەسەر ئەوە ڕابهێنرێن هەفتەی جارێک کار بە وانەگوتنەوەی سەرهێڵ بکەن و خوێندکاران فێری ئەوە بکەن چۆن ئەرکەکانیان لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە بۆ مامۆستاکان بنێرن. لەم دۆخەشدا دەبێ ڕاهێنان بە  مامۆستاکان بکرێت. لە ڕاستیشدا بە کارهێنانی ئەو بەرنامە و پۆلە ئیلکترۆنیانەی سەرهێڵ کارێکی هێندە سەخت نییە. 
تێبینی: ئێمە لە کاناڵی یوتووبی خۆمان (Faiek Saied) هەوڵ دەدەین وردتر لەسەر تاقیکردنەوەی وڵاتە ئەوروپییەکان ڕاوەستین. 
[email protected]

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن