1036وتار

وەزارەتی پەروەردە و زیانگەیاندن بە خوێندکار

8/15/2020 12:06:00 PM
فایەق سەعید

دەربارەی خەڵاتکردنی یەکەمەکان


بەر لەوەی مرۆڤ کارێک بکات، دەبێ ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ئایا سوودی ئەم کارەی من چییە؟ بۆ دەزگایەکی گرنگی وەکو وەزارەتی پەروەردەش دەبێ توێژینەوە دەربارەی کارەکانی خۆی بکات یان بەلایەنی کەمەوە ئاگاداری ڕووپێوییەکان و توێژینەوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان بێت کە چی وا دەکات کارایی خوێندکاران بەرز بێتەوە یان نزم بێتەوە. هەموو وەزارەتەکانی پەروەردە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئەم کارەیان کردووە کە وەزارەتی پەروەردەی ئێستا دەیکات و لە بنەڕەتیشدا لە جیاتی بەرزبوونەوەی ئاستی کارایی خوێندکار، ئەو ئاستە دابەزیوەتە خوارەوە. گرفتەکە لەوەدایە وەزارەتەکانی پەروەردە هەرایەکی گەورەیان ناوەتەوە بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، بڵاوکردنەوەی ناوی یەکەمەکان، خەڵاتکردنی یەکەمەکان، پۆلێنکردنی ئەو منداڵانە بۆ باش و خراپ، زیرەک و نازیرەک، ...هتد بەبێ ئەوەی بیر لەو خوێندکارانە بکەنەوە کە لە یەکەمەکان نەبوون و بەبێ ئەوەی بیر لە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم کارە بکەنەوە.

چ پێوسیت بەوە دەکات وەزیرەکانی پەروەردە ئەنجامەکان ڕابگەیەنن، ئاهەنگی بۆ ساز بکەن. بۆ نابێت هەموو خوێندکارێک خۆی نمرەکەی خۆی لە سایتەکانەوە وەربگرێت. من دەمەوێ لەم وتارەدا لەبەر ڕۆشناتت توێژینەوە زانستییەکاندا لەسەر زیانەکانی ئەم کارەی وەزارەت ڕاوەستم.
بێگومان ئەگەر لە ڕوانگەیەکی کلاسیکی یەک سەدە بەر لە ئێستاوە بڕوانینیە ئەم مەسەلەیە؛ ئەمە جۆرێکە لە هاندان و پێشبڕکێ و ئەو خوێندکارانەی نمرەی باشیان هێناوەتەوە دەبێ خەڵات بکرێن و لە کۆمەڵگەدا باس بکرێن بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش چاویان لێ بکەن. بەڵام دوای ١٠٠ ساڵ لەو بۆچوونانە ئەمڕۆ تیۆریی نوێتر و پەروەردەی هاوچەرختر هەیە کە پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێن.
ئەم کارەی وەزارەت ئەمڕۆ دەیکات، کە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە پیادەی دەکات ( واتە ستایشکردن و خەڵاتکردن وبەرزڕاگرتنی خوێندکارە زیرەکەکان) چەندین زیان بە داهاتووی ئەو منداڵانە دەگەیەنێت. لەلایەکەوە کۆمەڵگەی منداڵان بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکات و بە بەشە زۆرەکەی دەڵێت ئێوە شایەنی خەڵاتکردن و باسکردن نین، چونکە نمرەکانتان نزمە. ئەوە گرنگ نییە چەند فێر بوون، ئەوە گرنگە کە نمرەی ٩٥ بێننەوە. لەوانەیە  ئەمە بیرکردنەوەی ئێوە نەبێت، بەڵام خوێندکاران بەپێی ستاکچەرەکانی بیرکردنەوەی خۆیان ئەوای لێک دەدەنەوە. ئەمە سەختترین کێشەی منداڵەکان پێکدێنێت کە وەزارەتی پەروەردە دەبێ بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت.
ئایا ئێوە ئەوە دەزانن بەهۆی ئەو ڕیزبەندی و خەڵات و مەراسیمەی وەزارەتەوە، هەموو دەزگاکانی کۆمەڵگە هەر لە خێزانەکانەوە تا ڕێکخراوەکان، تیڤییەکان، دیبەیتەکان، ...هتد چەندین فشار دەخەنە سەر خوێندکاران و چەندین منداڵیش هەراسان دەکەن ؟ لەمەدا وەزارەت پشتیوانی نمرەکان دەکات، بەڵام لەوە نەکۆڵیوەتەوە ئایا ئەو خوێندکارانە چەند فێر بوون، چونکە لە بنەڕەتدا پێوەرەکانی فێربوونمان نییە. بەپێی سیستمی تاقیکردنەوەکانی ئێمە، کە یەکێکە لە خراپترین سیستمەکانی ئەم دونیایە، خوێندکاری نمرە ١٠٠ هیچ مەرج نییە مانای ئەوە بێت باش فێربووە، بەڵکو مانای ئەوەیە تواناکاری لەبەرکردنی باشە. ئەوەی وەزارەتی پەروەردە دەبێ پێداگیری لەسەر بکات فێربوونە نەک فێرکردن.
لەلایەکی دیکەوە لەبەر ڕۆشنایی توێژینەوە زانستییەکانی جیهانی پێشکەوتوودا، ئەم کارە زیانی گەورە بە خوێندکاران دەگەیەنێت. دەیەها هەزار مامۆستا بە مەبەستی توێژینەوە، هەمان میتۆدی وەزارەتی پەروەردەیان لەگەڵ دەیەها ملیۆن خوێندکار بەکار هێناوە و دەرئەنجامەکان ئەوەیان سەلماندووە کە زیانی گەورە بەر ئەو خوێندکارانە کەوتووە و کاراییان دابەزیوەتە خوارەوە. ئەوان تاقەتی کارکردنیان نەماوە لەگەڵ پرسیارە ئاڵنگارانەکاندا، متمانەیان بەخۆیان نەماوە، تاقەتی ئەوەیان نەماوە کۆشش بکەن، ئارەزووی فێربوونیان نەماوە، بەشێکیان وازیان لە خوێندنگە هێناوە، ...هتد. ئێمە ئەو کاریگەرییە نەرێنیانە لەسەر خوێندکارەکانی خۆمان دەبینن، بەڵام بۆ ئەوەی دڵنیا بین، دەبێ وەزارەتی پەروەردە توێژینەوەی زانستی ساز بکات.
ئێمە لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا کە هێشتا بڵاو نەبۆتەوە، باس لە کۆی ئەو کاریگەرییە نەڕێنیانە دەکەین و چارەسەرەکان دەخەینە ڕوو. پارادۆکساڵ ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە کار لەسەر ئەو بڕگانە ناکات کە کارایی خوێندکار بەرز دەکەنەوە، بەڵام کار لەسەر ئەو بڕگانە دەکات کە کارایی خوێندکار نزم دەکەنەوە، بۆ نموونە هەموو ئەو مەسەلانەی پەیوەندییەکان بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و ستایش و خەڵاتەوە هەیە. ئەگەر پرسیاری ئەوەم لێ بکەن ئایا وەزارەتی پەروەردە ئەم کارە بە مەبەست دەکات، لە وەلامدا دەڵێم، نەخێر. هەموو مەسەلەکە ئەوەیە ئەوان هەر وا ڕاهاتوون و ئاگاداری توێژینەوە زانستییەکانی ئەم بوارە نین. لەوانەشە کادیرە پەروەردەییەکانی وەزارەتی پرسیاری ئەوە بکەن کە خوێندکارەکان پێویستیان بە هاندانە، بە خەڵاتکردن و ستایشکردنە و داوای دەکەن، ئەگەر وا نەبێت بەشێوەیەکی باش کار ناکەن؟
ئەمە پرسیارێکی زۆر شایستەیە و دەبێ وەڵامی بدەمەوە:
یەکەم: هاندان جیاوازە لە ستایشکردن و خەڵاتکردن. ئێمە دەتوانین هانیان بدەین بەبێ ئەوەی ستایشیان بکەین و زیانیان پێ بگەیەنین. لێرەدا میتۆدگەلێکی دیکە هەیە.
دووەم: لە ڕاستیدا تازەترین توێژینەوەکان پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوە دەسەلمێنن  و پێیان وایە خوێندکارەکان بەبێ ستایش و خەڵاتکردن زۆر باشتر کار دەکەن و ئەنجامی باشتر بەدەست دەهێنن. ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا کارمان لەگەڵ خوێندکارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا کردووە کە ئالوودەی ستایش  و خەڵات بوون، بەڵام بە ستراتیژی نوێتر و بژاردەی باشتر کارێکی وامان کردووە کە کاراییان بەرز ببێتەوە.
پرسیارێکی دیکەی شایستە هەیە ئەویش ئەوەیە وەزیری پەروەردە لە ماوەی ١٢ ساڵی خوێندندا یەک جار خوێندکارێک خەڵات دەکات، ئید بۆ هێندە خراپە؟
ئێمە لاریمان لەوە نییە ئەم کارە لەسەر ئاستی تایبەت یان خێزانەکان بکرێت، هەروەها  لاریمان لەوە نییە خوێندکار جار جار ستایش بکرێ و خەڵات بکرێ، بەڵام خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە لەبەر زیرەکی، کارامەیی، تواناکارییەکان  و عاقڵی خەڵات نەکرێت، بەڵکو دەبێ لەسەر هەوڵ و کۆششەکانی خەڵات بکرێ. نابێ وەزارەت و خوێندنگەکان خەڵات بە تواناکارییەکانی خوێندکار و دەرئەننجامی تاقیکردنەوەکانەوە گرێ بدەن.  هیچ لاریمان لەوە نییە وەزیری پەروەردە بەبێ ئەو مەراسیمانە یەکی خانوویەک بەو خویندکارانە بدات، بەڵام گرفتی سەرەکی لێرەدا ئەم خاڵانەیە:

یەکەم: کاریگەریی وەزیری پەروەردە لەسەر زۆر لایەن گەورەیە. من کاتێ تەماشا دەکەم هەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردە، پەروردەی قەزا و ناحیەکان، شارەکان، ڕێکخراوەکان، خوێندنگەکان و تەنانەت بەرنامەکانی ڕادیۆ و تیڤیش لاسایی وەزیری پەروەردە دەکەنەوە، ئەمەش کارێکی مەترسیدارە. ماوەیەک  بەر لە ئێستا لەسەر یەکێک لە خوێندنگەکانم نووسی کە هەموو خوێندکارەکانی کۆکردبۆوە و تەنها خەڵاتی ئەوانەی کردبوو کە نمرەکانیان لە سەرووی ٩٠ بوو. ئایا ئێوە بیرتان لە دەروونی ئەو خوێندکاران کردۆتەوە کە توانای هێنانەوەی ئەو نمرانەیان نییە.

دووەم: کۆمەڵێک خوێندکارمان هەیە کۆششێکی یەکجار گەورەیان کردووە و نمرەکانی خۆیان لە ٣٠ وە بۆ ٥٠، یان لە ٥٥ وە بۆ ٨٠ بەرز کردۆتەوە، ئەی بۆ خاڵاتیان ناکەن؟ لە ڕاستیدا ئەم خوێندکارانە و ئەوانەی وەزارەت و خوێندنگەکان خەڵاتیان دەکەن هەمان کۆششیان کردووە. من هەوڵ دەدەم لە ڕوانگەی منداڵەکانەوە بیر بکەمەوە. 

سێیەم: هەموو سیستمی پەروەردەیی ئێمە خوێندکار لە منداڵییەوە بە ستایش و خەڵات گۆش دەکات و بە شێوەیەک ئالوودەیانی کردووە کە بۆتە دابەزینی ئاستی کاراییان. بەپێی تیۆریی ڕەفتارگەرایی و  توێژینەوە نوێکان ئەوانەی ئالوودەی ستایش و خەڵات دەبن، هەر کاتێک ئەو ستایشە نەما تاقەتی کاریان نامێنێت یان وا دەزانن ئەوان کەسێکی شایستە نین بۆیە ستایش ناکرێن. بەپێی ئەو تیۆرییە کۆنانەش بێت کە وەزارەت پەیڕەوییان دەکات، دیسانەوە ئەم کارە ئاستی خوێندکار دادەگرێتە خوارەوە. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وای کردووە ئاستی خوێندکارەکانمان لە دابەزیندا بێت.
چوارەم:  ستایش و خەڵات لەسەر ئاستی کورت بۆ خوێندکار خۆشن، متمانەیان زیاد دەکات، بەڵام لەسەر ئاستی دوور (ساڵێك) ئەو متمانەیە لەناو دەبات و ئاستیان دادەگریتە خوارەوە.

پێنجەم: یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە ئەو سیستمە خراپەیە کە وەزارەتی پەروەدە بۆ تاقیکردنەوەکان پیادەی دەکات، بۆیە دانانی سیستمێکی دیکە چارەسەری دەیان گرفت دەکات. ئەم سیستمە هەم وای لە خوێندکارەکان کردووە فێر نەبن، واتە شتەکان لە بەر بکەن، هەم وای لێ کردوون واز لە کۆششی بەردەوام بێنن و تەنها بۆ نمرە کار بکەن. لێرەدا بژاردەی دیکەمان لەبەردەستدا هەیە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، پێشنیاری ئێمە هێژا وەزیری پەروەردە ئەوەیە:
یەکەم:  کۆتایی بەو مەراسیمانە بهێنن. دەبێ بیر لەوەش بکەنەوە بەهۆی ئەو کارانەوە هەزارەها خێزان سەرزەنشتی منداڵەکانیان دەکەن، لێیان دەدەن، خەڵات و دیارییان بۆ ناکڕن، لەبەردەم میوانەکاندا گاڵتە بە منداڵەکانی خۆیان دەکەن و دەڵێن ئەگەر باش بوونایە ئێستا وەزیری پەروەردە خەڵاتی دەکردن. ئەمە بەدەر لەوەی خودی  منداڵ و خوێندکارەکان لە ناو خوێندنگە و گەڕەکەکان گاڵتە بەیەکتر دەکەن، ئەمەش وا دەکات گرفتی هەراسانکردن زیاد بکات کە وەزارەتی پەروەردە تا ئێستا هیچ پرۆگرامێکی بۆ بەربەستکردنی نییە. سەرجەمی ئەمانە قسەی من نین، بەڵکو قسەی ئەو خوێندکار و مامۆستایانەیە کە ئێمە بەرخوردمان لەگەڵیاندا هەیە.

دووەم: گۆڕینی سیستمی تاقیکردنەوەکان. ئەم سیستمە کێشەی زۆرە و هۆکارە بۆ دابەزینی ئاستی خوێندکار، کۆششنەکردنی خوێندکار و دواتریش دروستکردنی دەیەها گرێی دەروونی و تەنانەت خۆکوژی. ئەم سیستمە منداڵە بچووکەکانیشی کردووە بە دوو بەشەوە و هاوکارێکی نێگەتیڤە بۆ فێربوون. لەم بوارەدا بژاردەی هاوچەرختتر زۆرە.

سێیەم: دەبێ وەزارەت خوێندنگەکان لەسەر ئەوە ڕابهێنێت کە واز لە جیاکاریی خوێندکاران، ستایش و خەڵات بهێنن، بەڵام دوای ئەمە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر شانی وەزارەت ئەویش ئەوەیە بژاردەیەک بۆ ئەو ستایش و خەڵاتە بخاتە بەردەستی مامۆستاکان. ئێمە ماوەیەکی دوورودرێژە کار لەسەر ستایش و خەڵات دەکەین و لە لێکۆڵینەوەکەی خۆماندا بژاردەیەکی زۆر باشمان خستۆتە ڕوو کە دەبێتە هۆی ئەوەی کارایی خۆێندکاران بەرز ببێتەوە. لێرەدا حەز دەکەم ئاماژە بە ڕووپێوییەکی گەورە بکەم کە هەزارەها توێژینەوەی زانستی لەخۆ گرتووە. بەپێی ئەو توێژینەوانە ئەندازەی کاریگەریی ستایشکردن لەژێر سفرەوەیە (زیانی هەیە)، بەڵام ئەو ستایشانەی پەیوەندییان بەوانەکانەوە هەیە زیانێکی گەورەتریان هەیە لەو ستایشانەی کە پەیوەندییان بە شتی لاوەکییەوە هەیە. هەروەها کاتێک خوێندکار کارێکی جیدی دەکات و ستایش و خەڵاتی دەکەین، کاریگەرییەکی خراپتری هەیە لەو ستایشەی لەسەر کارێکی ناجیدی دەکرێ.

چوارەم: چۆن هاتتی یەکێکە لەو توێژەرە ناوادارانەی لەسەر ئاستی جیهان کار دەکات و پێداچوونەوەی بۆ نزیکەی ١٥٠ هەزار توێژینەوەی زانستی کردووە کە بە زمانی ئینگلیزی بڵا بوونەتەوە و نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن خوێندکار بەشداری تیایاندا کردووە، پاش ئەو پێداچوونەوانە دەڵێت من شارەزای هیچ توێژینەوەیکی زانستی نیم کە پێی وابێت ستایش و خەڵات سوودی بۆ خوێندکار هەیە.

چوارەم: هیوادارم نە وەزیری پەروەردە و نە کۆی بەڕێوبەرە گشتییەکانیش لە ڕەخنەکانم زویر بن، بەڵکو ئەم ڕەخنانە هانیان بدات بۆ ئەوەی کار لەو بابەتانەدا بکەن کە کارایی خوێندکار بەرز دەکاتەوە و واز لەو کارانە بێنن کە کارایی خوێندکار نزم دەکاتەوە. لە کۆی ئەو ڕەخنانەشدا من تەنها دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکانم خستۆتە ڕوو و هیچی تر.

[email protected]

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن