خاوەن بڕوانامە باڵاکان خەریکی چین و بۆ دواکەوتن
5/19/2021 11:05:00 AM
فایەق سەعید
لە ساڵێ ٢٠١٧ دا
تەنها لە زانکۆی سلێمانیدا ٧١ پرۆفیسۆر، ٢٥٦ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، ٧٦٨ هەڵگری
بڕوانامەی دکتۆرا، ١٠٤٨ هەڵگری ماستەری کاریان دەکرد. ئەگەر تەنها هەڵگری
بڕوانامەی دوکتۆراکان وەربگرین دەکاتە ١٠٩٥ کەس. ئەگەر گریمانە بکەین کە لە
هەولێریش ئەوەندە هەیە و لە دهۆکیش نیو ئەوەندە هەیە، ئەوە دەگەینە ٢٧٣٧ هەڵگری
بڕوانامەی دوکتۆرا.
ڕاستە مەرج نییە هەموو کەس نووسەر و توێژەر بێت، بەڵام
ئەو بەڕێزانە مەرجە هیچ نەبێت ٣ ساڵ جارێک کتێبێکی زانستی لە بوارەکانی خۆیاندا
بنووسن، چونکە لە زانکۆ بۆ ئەو کارە ئامادە کراون نەک بۆ وانەگوتنەوە. ئەگەر ئەو
کارە بکەن ئەوە لە ماوەی ٣ ساڵدا ٢٧٣٧ لێکۆڵینەوەی زانستیمان لە کتێبخانەکاندا
دەبێت.
بەداخەوە بەشی هەرە زۆری ئەو بەڕێزانە دوای وەرگرتنی
بڕوانامەکانیان تەنها خەریکی وانەگوتنەوە دەبن و دڵیان بەوە زۆر خۆشە «د» ێک لەپێش
ناوەکانیانەوەیە و ئەمەیش هیچ ئازایەتییەکی تێدا نییە. گەشەکردنی وڵات لەسەر شانی
ئەوان وەستاوە ئەوانیش دڵیان بە پیتی داڵ خۆشە. لەم هەمووە بە دەگمەن خەڵکمان هەیە
خەریکی لێکۆڵینەوە زانستییە و بەرهەمی باشی هەیە. من مەبەستم ئەو توێژینەوانە نییە کە بۆ بەرزکردنەوە پلەکانی خۆیان پێشکەشی
زانکۆکانی دەکەن. ئەگەرتەماشای کتێبخانەی کوردی بکەیت، ئەوەت بۆ ڕوون دەبێتەوە. ئەم گوتارە ڕووی
لە کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی ڕووی لە سیستمی خوێندنە.
بۆ لە کاروان دواکەوتن؟
من
هەرگیز ناتوانم دواکەوتنی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا بخەمە ئەستۆی تاکەکان.
دواکەوتن یان پێشکەوتن لە هەموو جیهاندا لە ئەستۆی حکومەتەکاندایە. ئەم خاڵانەی
خوارەوە تەنها بەشێکن لە هۆکارەکانی دواکەوتنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان:
یەکەم:
٨٠-٩٠٪ ی هۆکارەکان لە هەموو جیهاندالە ئەستۆی حکومەتەکاندایە. حکومەتی هەرێم
بەرپرسیاری سەرەکییە لەو دۆخە دواکەتووەیەی سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا
هەیەتی.
ئەگەر
پرسیارم لێ بکەیت ئایا هیچ وڵاتێک هەیە هاوشێوەی کوردستان بێت و بە ماوەی ٣٠ ساڵ
پێشکەوتبێت، ئەوە پێت دەڵێم بەڵێ زۆریش هەیە، بڕوانە: وڵاتێک هەیە دۆخی سیاسی،
ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژێرخان، خانووبەرە، نەخۆشخانە و هەموو شتێکی دیکەیشی لە ساڵێ
١٩٦٥ دا زۆر لە دۆخی ١٩٩٢ ی کوردستان وێرانتر بوو. ئەوان هیچ سەرچاوەیەکی
سروشتیشیان نەبوو و زۆریش بێ خاوەن بوون. ئەوان تەنها مرۆڤەکانیان هەبوو، ئەوانیش
گەندەڵ و نەخوێندەوار بوون.
ئەوان
لە ماوەی ٣١ ساڵدا لە جیهانی سێیەمەوە بوون بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و
ناودارترین وڵاتەکانی جیهانی یەکەم. لە پشت ئەم کارەوە لی کوان یو هەبوو، مرۆڤێک
کە هەموو شتێکی کرد بۆ ئەوەی بودجەی دەوڵەت دەوڵەمەند بێت، نیشتیمانساز و دەرچووی
زانکۆی ئیکسفۆرد بوو. ژیانی ئەو لە ڕۆژاوا وای لێ کرد خاوەنی عەقڵییەتێکی دینامیکی
بێت و بزانێت چۆن وڵات پێش بخات. ساڵی ١٩٩٠ وازی لە دەسەڵات هێنا و تا کۆچی دوایی
کرد (٢٠١٥) وەکو ڕاوێژکاری حکومەت کاری کرد. بچن مێژووی گەشەسەندنی سینگاپوور
بخوێننەوە، کە خاوەنی سیستمێکی پەروەردەیی زۆر ناوازەیە.
دووەم:
حیزب دەستێکی باڵای هەیە لە دانانی کادیری بێ توانا و ئەمەیش پەیوەندی بە هەمان
هۆکاری سەرەوە هەیە. ئەم کەمتەرخەمییەیش دیسانەوە لە ئەستۆی حکومەتدایە.
سێیەم:
خاوەن بڕوانامە باڵاکان زۆر سستن تەنانەت بڕستی خوێندنەوەیشیان نییە و بە دەگمەن
کەسی چالاکیان تێدایە و کتێبخانەکان گەواهی ئەوە دەدەن. خوێندکاری ماستەر و
دوکتۆرا لە هەموو جیهاندا فێری کتێبخوێندنەوە و فێربوونی زمان ناکرێن، بەڵکو فێری
ئەوە دەکرێن چۆن بە میتۆدی زانستی بتوانن لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بنووسن. بەشێکی
ئەمە تەمبەڵییە خەتای خۆیانە، بەڵام بەشە گەورەکەی خەتای سیستمی پەروەردەیە.
چوارەم:
وەزارەتی پەروەردە خاوەنی هەموو شتێکی کۆنە و خوێندکارەکانی بەخراپی پەروەردە
کردووە. خاوەن بڕوانامە باڵان و منداڵەکانی ئێستایش، بەشیوەیەک پەروەردە دەکرێن نە
حەزیان لە خوێندن و خوێندنەوە بێت و نە زمانێکی ئینگلیزیشی فێر ببین و ئەم دۆخەیش لە ئێستا لە خراپترین ئاستی خۆیدایە.
من بەرپرسیارم لەو قسەیەم کە وەزارەتی پەروەردە لە ماوەی ٣٠ ساڵدا نەیتوانیوە لەر
ڕووی مەعریفییەوە هیچ گۆڕانکارییەک دروست
بکات. ئەو کارانەی کارایی خوێندکار بەرز دەکەنەوە ئەوان فەرامۆشی دەکەن و ئەو
کارانەی کارایی خوێندکار دادەبەزێنێنن، ئەوان بایەخی پێ دەدەن. بۆیە خوێندکارەکان
کە دەبنە مامۆستای زانکۆ، بەرهەمی ئەو سیستمە دواکەوتووەن. بەڵام خاوەن بڕوانامە
باڵاکان خوێندکاری ئامادەیی و بنەڕەتی نین، دەبێ خۆیان خۆیان فێر بکەن. دەبێ دوێنێ
دەست پێ بکەن.
پێنجەم:
نەبوونی سەرچاوەی نوێ و زانستی نوێ بەربەستێکی زۆر گەورەیە لە بەردەم ئەو بەشەی
دەیەوێ چالاک بێت و لێکۆڵینەوە بنووسێت. بەشێ زۆریان تەنها کوردی وعەرەبی دەزانن و
دەستەکەوتنی زانستی نوێ بەو زمانانە ئەستەمە یان زۆر کەمە. دواتر سەرچاوە کوڕی و
عەرەبییەکان ورد نین و من بەشبەحاڵی خۆم پشتیان پێ نابەستم، تەنانەت لە
بەکارهێنانی چەمکەکانیشدا زۆر هەڵەیان تێدایە. مرۆڤ دادپەروەرانە بێت، من زمانێکی
ئەروپیم نەزانیبایە هەرگیز نەمدەتوانی زانست و زانیاری نوێم دەست بکەوێت. لە بواری
وەرگێڕان و کارکردن بە بەرهەمە ڕۆژاواییەکان، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زۆر کەمتەرخەمن..
شەشەم:
ئەو هۆکارانە وای کردووە خوێندنگەکان و زانکۆکانیش، خوێندکار نەوە دوای نەوە بەو
زانست و میتۆدانە پەروەردە بکرێن کە گوایە نوێن، بەڵام لە بنەڕەتدا بەر لە
بەکارهێنانیان کۆن بوون. بەندە ئەمە زۆر بە ڕوونی لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکاندا دەبین کە لە ئاستێکی نزمدا
خۆیان نمایش دەکەن. بە داڕشتنەوەیەکی دیکە ئەم سیستمە کۆنە لە کۆمەڵە وڵاتێکدا خۆیان
بەرهەم دێننەوە کە پێیان دەڵێن ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا.
[email protected]