1126وتار

دەستخۆشی لە خانمی قۆپیەکار دەکەم

2/28/2021 1:41:00 PM
فایەق سەعید



بێگومان نەک لەبەر ئەوەی قۆپییەی کردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئازایانە ئەوەی بۆ ئاشکرا کردین کە سیستمی پەروەردەیی ئێمە بەهۆی لاوازییەوە خوێندکار بیر لە قۆپیە دەکاتەوە و  بە ئاسانیش دەتوانێ قۆپیە بکات. تا خەڵک قەبارەی و چۆنێتی قۆپیەکردن ئاشکرا نەکات، ئێمە ناتوانین بەدوای چارەسەرەکاندا بگەڕێین.


زۆرینەی ئەو بابەتانەی دەربارەی دانپێدانانی بەڕێز ئاشنا فەلاح، بەڕێوبەری پەیمانگای ئاشنا نووسراون ئێمە وەکو هێرشێکی شەخسی و ناشایستەی دەبینین کە چارەسەری کێشەکان ناکەن. ناکرێ ڕەخنە لە یەکێک بگرین لە تەمەنی هەرزەکاریدا قۆپیەی کردووە، بەڵام ڕەخنە لەو سیستمە لاوازە نەگرین کە دەرفەتی بۆ قۆپیەکردن خۆش کردووە.
 هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی نمرەی بەرز بە لۆژیکی منداڵان و هەرزەکاران ڕەوایە، بەڵام گرنگ ئەوەی سیستمی پەروەردەیی چۆن وا لە خوێندکاران بکات کە نەیکەن. ڕەخنەکان دەبێ هەمیشە دەربارەی کاری کەسەکان بێت، نەک خودی کەسەکان. ئەگەر تا ئێستایش ئاشنا خان بەرگری لە قۆپیەکردن بکات و ئەوە لە پەیمانگاکەیدا بڵاو بکاتەوە، ئەوەیان دەبێتە بابەتێکی جیاواز.


ئێمە پێمان وایە کە دەبوو ڕووی کۆی ڕەخنەکان لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بوایە کە بەهۆی ئەو سیستمە خراپەوە کە ئەوان کاری پێدەکەن دەرفەتی گەورەیان لە بەردەم هەموو خوێندکاراندا کردۆتەوە کە قۆپیە بکەن. لێرەدا پرسیارێکی شایستە دێتە ئاراوە ئەویش:
بۆ خوێندکار قۆپیە دەکات؟ چی بکەین بۆ ئەوەی قۆپیە نەکات؟ بۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا خوێندکار ناچار نییە پەنا بۆ قۆپیە ببات بۆ لای ئێمە دەرفەت هەبێت ڕەنگە زوربەی خوێندکاران بیکەن؟


یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان بریتییە لە سیستمی تاقیکردنەوەکان کە وەکو کەلاکێکی داڕزاو وایە کە هەمیشە زیانی بە خوێندکار گەیاندووە. یەکێک لە زیانەکان بریتییە لە دابەزینی کارایی خوێندکار کە لە بواری پەروەردەدا بە بەرئەنجامی کۆتایی یان ئاوپوتی پەروەردە دەژمێردرێ، بۆ نموونە ڕێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی لەنێو بەشداربووانی تاقیکردنەوەکاندا لە ماوی ١١ ساڵدا  (٢٤٪) کەمی کردووە. هەروەها ڕێژەی دەرچوون لەنێو بەشداربووانی فیعلیی تاقیکردنەوەکاندا، بە هەمان شێوە لە دابەزینێکی بەردەوامدا بووە و لە ماوەی ئەو ١١ ساڵەدا بە ڕێژەی (٤٧٪) کەمی کردووە. لە هەردوو دۆخەکەشدا وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە توێژینەوە لەوە بکات بۆچی ئاستی دەرچوون بەنزیکەیی نیواونیو کەمی کردووە.[1]

نەک هەر ئەوە بەڵکو تا دێت ئەو سیستمە بەرەو خراپی دەچێت، بۆ نموونە داهێنانی سیستمی هەڵبژاردن و شانازیکردن بەو سیستمەوە، کە لە بنەڕەتدا  دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە کارایی و کارامەییەکانی خوێندکار.
 بۆیە ئێمە نابێ ئەو هێرشە شەخسییانە بکەینە سەر تاکەکان، بەڵکو تا ئەو دانپێدانانە زۆرتر بن، فشار لەسەر وەزارەتی پەروەردە زۆرتر دەبێت بۆ گۆڕینی ئەو سیستمەی بۆتە هۆکاری زۆربوونی قۆپیە.

لێرەدا لایەنێکی دیکەیش هەیە کە دەتوانێ هەمیشە هاوکار بێت بۆ دەرخستنی عەیبە گەورەکانی ئەم سیستمە پەروەردەییە ئەویش میدیایە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گوزەرا ئەوە نەبوو ئامادەکاری بۆ بکرێت و هانی ئەو خەڵکانە بدەن قۆپیە بکەن، بەڵکو شتێکی کتوپڕ بوو. ئەوەی لە ئێستادا بۆ میدیا گرنگە ئەوەیە چەندین بەرنامە بکەن دەربارەی ئەم دیاردەیە. خوێندکاران با باسی قۆپیەکانی خۆیان بکەن کە بۆ کردوویانە، مامۆستاکان، کادیرە پەروەردەییەکان و کارناسەکانی پەروەردەیش با باسی چارەسەرەکان بکەن.

وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەمیشە بەدوای هۆکارە تەکنیکییەکان و چارەسەرە کورتەکان دەگەڕێن، بۆ نموونە داخستنی ئینتەرنێت و زیادکردنی مامۆستا و پێشیان بکرایە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دابین دەکرد، بەڵام ئامادە نین سیستمی تاقیکردنەوەکان بگۆڕن کە لەسەر نمرە ڕاوەستاوە نەک خەمڵاندنی  فۆرماتیڤ.

 دەمەوێ پێداگیری لەسەر ئەوەیش بکەم کە نمرە یەکێکە لەو بابەتانەی زیان بە کارایی خوێندکار دەگەیەنێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا چارەسەر هەیە؛ وەڵام بەڵێ هەیە. بەندە جگە لە نووسین، دوو جاریش جار لە بەرزترین ئاستدا پێشنیاری سیستمێکی هاوچەرخترم خستۆتە بەردەستیان بۆ ئەوەی زۆر گرفتی دیکەیشمان بۆ چارەسەر بکات، بەڵام پێیان وتووم «ئەوەی خۆمان باشترە».


[1]بڕوانە توێژینەوەیەکی زانستی ئێمە:
سەعید ف (٢٠٢٠): وەزارەتی پەروەردە لە نێوان بەرزەویست و پەروەردەی کلاسیکدا (١٩٩٢-٢٠٢٠). گۆڤاری ئایندەناسی  ٤(٢٠٢٠).


[email protected]




سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن