1027وتار

یەکەمەکان نیشانەی پوختی سیستمی پەروەردە نییە

8/27/2021 11:13:00 AM
فایەق سەعید



خوێندکارە سەرکەتووەکان زۆر بەباشی ئەو ئەرکەیان جێبەجێ کردووە کە سیستمی پەروەردە داوای کردووە، ئەویش لەبەرکردنی بابەتەکانە، بۆیە مافی خۆیانە دڵخۆش بن. ئەوەی بەرزترین نمرەی هێناوەتەوە، ئەو خوێندکارانەن کە لە ئەزبەرکردندا زۆر کارامە بوون و ئەم وتارەیش بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوان ناکات. هەروەها باسی هیچ وەزیرێک و کەسایەتییەکی دیاریکراو ناکات، بەڵکو ڕەخنەگرتنە لە کۆی سیستمی پەروەرەدەیی ئێمە.


 تەنها لەبەر ئەوەی بەشی زۆری ئەم خوێندکارانە لە خوێندنگە حکومییەکانن، ئەوە ناگەیەنێت کە سیستمی پەروەردە دۆخی باشە وەک وەزیری پەروەردە وێنای کرد، بە پێچەوانەوە سیستمی پەروەردە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و چەندین ساڵە نەیتوانیوە دەست بۆ ئەو لایەنانە ببات کە کارایی خوێندکاران بەرز دەکەنەوە.


ئەو خوێندکارانە یەکەم نین لەبەر ئەوەی خاوەنی کۆمەڵێ کارامەیی گرنگن کە هەر سیستمێکی باش و مامناوەندی هەیەتی، بۆ نموونە کارامەیی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە، بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە،  شیکاریی و شرۆڤەکردنی دەقەکان، کارامەیی پاشمەعریفی، ...هتد. لێرەدا دەبێ ئەوەیش یاداشت بکەین کە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە مانای ئەوە نییە کە خوێندکاران بتوانن ڕەخنە بگرن. ئەم خوێندکارانە تا ئێستایش نازانن بۆ ئەوەی نمرەی ٧٠ یان ٩٩ بێننەوە چی بخوێنن و چی بکەن، چونکە سیستمی پەروەردە هیچ پێوەرێکی بۆ نمرە نییە.


لەبەر ڕۆشنایی توێژنەوە جیهانییەکاندا، سیستمی پەروەردەیی ئێمە دەستی بۆ ئەو کارانە نەبردووە کە بۆ پێگەیاندنی خوێندکاران زۆر باشن. سیستمی پەروەردەیی بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو، کۆمەڵێک کاری کردووە کە کارایی خوێندکارانی دابەزاندووە و ئەمەیش بە ڕێژەی دەرچوونەکانەوە بە ڕوونی دیارە. هەروەها کۆمەڵێک کاری کردووە کە زیانی بە کارایی خوێندکاران گەیاندووە، بۆ نموونە لە بەرزتری ئاستدا پشتیوانی لە ستایش و خەڵات کردووە، کاری بە مۆدێل و میتۆدە کلاسیکییەکانی وانەگوتنەوە کردووە، ...هتد.

بە دیوێکی دیکەیشدا بە درێژایی تەمەنی خۆی پەنای بۆ ئەو فاکتەرانە نەبردووە کە کارایی خوێندکاران بەرز دەکەنەوە، بۆ نموونە بەرزکردنەوەی کارایی مامۆستاکان. با چەند بە یەکەوە لەبەر ڕۆشنایی دەیان و سەدان توێژینەوە و ڕووپێویی جیهانیدا چەند نموونەیەک وەربگرین. دیداکتیکی مامۆستاکان بەردی بناغەی کارەکانی پەروەردەیە و ئەندازەی کاریگەریی لەسەر بەرزکردنەوەی کارایی و تواناکانی خوێندکار دوو ئەوەندەی هەموو فاکتەرەکانی دیکەی بواری پەروەردەیە. ئەم ئەندازەیە بەپێی گەورەترین ڕووپێوییەکانی جیهان دەگاتە (0.79)، لە کاتێکدا ئەندازەی مامناوەندیی هەموو فاکتەرەکانی دیکە دەگاتە نیووەی ئەوە (0.40). بە درێژایی تەمەنی وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە دیداکتیکی مامۆستاکان هاوچەرخ بکاتەوە و هەموو مامۆستاکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە لەو بوارەدا بێ توانان و وەزارەتی پەروەردەی نەیتوانیوە بیناکاتە خاوەنی دیداکتیکێکی هاوچەرخ.

خاڵێکی دیکە کە کارایی خوێندکاران بەر دەکاتەوە بریتییە لە کارکردن بە فیدباک و ئەندازەی کاریگەریی دەگاتە (0.69-0.63)، بەڵام ڕەنگە هیچ کادرێکی پەروەردەیی نەبێت شارەزای فیدباک و تیۆرییەکانی فیدباک بێت، تەنها لەبەر ئەوەی لە سیستمی پەروەردەییدا بایەخی پێ نەدراوە و ڕاهێنانی بە مامۆستاکان نەکراوە. فاکتەرێکی زۆر گرنگی دیکە بریتییە بریتییە لە کارکردن بەپێی پرۆگرامەکانی ژان پیاژێ کە ئەندازەی کاریگەریی بەسەر کارایی خوێندکارانەوە سێ ئەوەندی ئاستی مامناوەندیی کۆی فاکتەرەکانی دیکەیە و دەگاتە (1.28)، بەڵام سیستمی ئێمە نە لە دوو و نە لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم پرۆگرامانەدا نییە و کاری پێ نەکردووە.
ئەگەر بتانەوێ دەیان فاکتەری گرنگ لە ڕووپێوی و توێژینەوە زانستیییە هەرە گرنگەکانەوە باس دەکەین کە وەزارەتی پەروەردە هیچ بایەخێکی پێی نەداوە، بەڵام لە بەرانبەردا هانی خەڵک و خوێندنگەکان دەدات کە کار بە کۆمەڵێک بابەتی دیکە بکەن کە زیانیان بە خوێندکاران گەیاندووە. ئەمە جگە لەوەی سیستمی پەروەردەیی نەتوانیوە چارەسەری زۆر کێشەی دیکەیش بکات کە زیانی بۆ خوێندکاران هەبووە، بۆ نموونە توندوتیژی و هەراسانکردنی خوێندکاران، سیستمی تاقیکردنەوەکان، دیداکتیکی هاوچەرخ، ...هتد.

ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەوەی هیچ بەرچاوڕوونییەک لەلای وەزارەتی پەروەردە نییە کە سیستمی پەروەردە چۆن پێش دەکەوێت. خاڵی هاوبەشی وەزارەتەکان ئەوەیە کە هەمیشە لە پێگەی بەرگریدان نەک هێڕش کردن. ئەگەر خەڵک ڕەخنەیان لێ نەگرێت، کەواتە سیستمی پەروەردەیی باشە.

لێرەوە دەگەینە ئەوەی بۆچی وەزارەتی پەروەردە پەنا دەباتە بەر مەسەلەی یەکەمەکان و بە نیشانەی ئەوەی دادەنێت کە بوونی بەشی زۆری یەکەمەکان لە خوێندنگە حکومییەکان مانای ئەوەیە سیستمی پەروەردە باشە. هیچ بنەمایەکی تیۆری و پراکتیکی پەروەدە نییە ئەو بۆچوون و گریمانەیەی وەزارەت پشتڕاست بکاتەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە بەرزکردنەوە و بایەخدان بە مەسەلەی یەکەمەکان، تاقە دەرفەتە بۆ شانازیی کردن، چونکە لە ڕوانگەی زانستییەوە هیچ شتێک نەکراوە کە بووبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کارایی خوێندکاران و هیچ شتێکیش نەکراوە بۆ پتەوکردنی تواناکارییەکانی مامۆستایان کە شانازی پێوە بکرێت.

بەپێێ توێژینەوە بایەخدارەکان، بایەخدانی هەر سیستمێک بە ستایش، خەڵات، نمرە ویەکەمبوون، زیان بە خودی خوێندکاران دەگەیەنێت. ئەوەی دەبێ بایەخی پێ بدرێت و شانازی پێوە بکرێت کارامەیی خوێندکارانە نەک نمرەکانیان. بە بۆچوونی ئێمە ئەو جیهانبینییەی دەربارەی سیستمی باش و ئەو شێوازە لە کارکردن کە ئێستا لە ئارادایە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ پەروەردە بخاتە سەر سکەی پێشکەوتن.
[email protected]

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن