وتار

ئایا ئەوەی لە هیندستان ڕوودەدات بۆی هەیە لە کوردستان دووبارە ببێتەوە؟

5/1/2021 8:01:00 PM 86 جار خوێندراوەتەوە
د. گۆران عەبدوڵڵا



بەهۆی کۆرۆناوە هیندستان بەیەکێک لە گەورەترین تراژیدیاکانی مێژوی خۆیدا تیدپەرێت. ژمارەی توشبون بە کۆرۆنا لە یەک رۆژدا، ٤٠٠ هەزار کەسی تیپەڕاندوە. لە هەر رۆژیکیشدا، نزیکەی ٤٠٠٠ کەس بە کۆرۆنا گیانی لە دەستدەدات. سیستمی تەندروستی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی ئیفلیج بوە و لە توانایدا نەماوە روبەڕوی ئەو کارەساتە تەندروستیە ببێتەوە. 


بەڵام ئایا هۆکارەکان چین؟ ئایا ئەمەی لە هیندستان ڕوودەدات، بۆی هەیە لە کوردستانیش دووبارە ببێتەوە. 


وەکو هەر کارەساتێکی گەورەی تر، تەنها یەک فاکتەر هۆکار نیە. لە ڕاستیدا زیاد لە هۆکارێک بۆ ئەم بابەتە لە یەکاکاتدا یەکیانگرتوە. دەکرێ هۆکارەکان لە ژێر سێ گروپی سەرەکی پۆلین بکەین:


فاکتەری بایولۆژی:


تێکەڵابون و قەرەباڵەغی زۆر، ژینگەیەکی لەباری خوڵقاند بۆ سەرهەڵدانی جۆرێكی تازەی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا.  ئەم جۆرە گۆڕاوەی لە هیندستان سەریهەڵدا ناوی لێنراوە B1. 617. بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان، ئەم گۆڕاوە لە جۆرەکانی تری کۆرۆنا خێراتر بڵاودەبێتەوە. 

فاکتەری سیاسی:


وەکو ئەوانەی کوردستان، سیاسیەکانی هیندستان مەترسی کۆرۆنایان بە جیددی وەرنەگرت. لە ڕاستیدا، سیاسیەکان هۆکاری سەرەکی ئەم تراژیدیایەن کە بەسەر وڵاتەکەدا هاتوە. سیاسیەکانی هیندیستان لەم دواییانە ملێونان کەسیان بۆ کەمپینی هەڵبژاردن کۆکردوە. لە پێش هەمویانەوە، سەرۆک وەزیران ناریندرا مۆدی ئەو کارەی کرد. مۆدی سەرۆکی حیزبی بەهاراتیا جاناتای هیدۆسیی نەتەوەپەرستە. 


ئەو ملێونان کەسی بە بێ ماسک کۆکردوە. لە وتارەکانیدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتون و ئیتر پێویست بە ترس و خۆپاریزی ناکات. هاوکات لە ئەنجامی سیاسەتەکانی مۆدی، هەزاران جوتیار ڕژانە نزیک دەلهی پایتەخت و ئەوەنەی تر ژینگەیەکی لەباریان بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە خوڵقاند. 


ئەم قەڕەباڵەغیە هەرچەندە لە قەبارەدا بەراورد بەوانەی کوردستان ناکرێ بەڵام لەڕۆی چۆنایەتیەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ قەڕەباڵەغی نەورۆز و هاتنی پاپای ڤاتیکان و رەمەزان و کۆنگرەی حیزبەکان و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان نیە. 


ڤاکسین و سیستمی تەندروستی:


وەکو کوردستان، هیندیستانیش سیستمێکی تەندروستی خراپ و پچڕپچر و نایەکسان و نادادپەروەری هەیە. سیستمی تەندروستی رەنگدانەوەی سیستمی دواکەوتوی کاستە. لە هەندێ لە شوێنە دەوڵەمەنەکان، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها هەیە. بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی تر، سیستمێکی گشتی پشتگوێخراو و کواڵیتی نزم بونی هەیە. ئەمە وای کردوە کارەساتی گەورەی وەکو نەمانی ئۆکسجین و سوتانی نەخۆشخانە ڕووبدات، رێک وەکو عێراق و کوردستان. 



لەسەر ئاستی ڤاکسینیشیدا، پارادۆکسێکی گەورە لە هیندیستان ڕوویدا. وڵاتەکە گەورەترین بەرهەمهێنەری ڤاکسینە. بەڵام ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان متمانەیان بە ڤاکسینەکە نیە و بون بە نێچیر کۆمەڵێک قسە و قسەلۆکی بێبنەمای لە چەشنی ئەوانەی لە کوردستان لە بارەی ڤاکسینەکەوە بڵاوە. 


بەکورتی، ئەو سێ فاکتەرە سەرەکییەی بونە هۆی ڕوودانی تراژیدیای کۆرۆنا لە هیندستان، لە کوردستانیش بونیان هەیە. بۆیە تا کار لە کار نەترازاوە، پێویستە خەڵک و حکومەتیش خەمێک لە داهاتو بخۆن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement