لە بارەی فەلاقەکردنی پزیشکانەوە
4/7/2020 10:41:00 AM
گۆران عەبدوڵا
ڕووداوی دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکە بەڕێزەکەی سلێمانی ترۆپکی زنجیرەیەکی دەستدرێژی دەسەڵاتە بۆ سەر پزیشکان بە تایبەتی و سیستمی تەندروستی لە کوردستان بە گشتی. ئەو تێهەڵدانەی رۆژی ٢٠٢٠/٤/٦ رووداوێکی دابڕاو نیە لەوەی لە ٢٩ ساڵی رابوردودا لە سیستمی تەندروستی کوردستان دەگوزەرێ.
توێژی پزیشکان دەکرێ وەکو جەستەیەک وێنابکەین کە گشت ئەندامەکانی ئەو جەستەیە بەر نەفرەت و دەستدرێژی دەسەڵات دەکەوێ.
دەسەڵاتی سیاسی لە کورستاندا سەرەتا پەنجەی کردە چاوی پزیشکانەوە و توێژەکەی کوێر کرد. لە ڕێی دروستکردنی ژمارەیەک رێکخراوی حیزبیی بەناوی سەندیکای پزیشکانەوە، بەرچاوی توێژەکەی ڵێڵکرد. ئەم ڕێکخراوانە ئەوەندەی بۆ کۆنترۆڵکردنی توێژەکەن لە لایەن دەسەڵاتەوە هێندە بۆ داکۆکیکردن لە پزیشکان و بەرژەوەندییەکانیان نین. دەرئەنجام وەکو توێژێک، پزیشکان سەندیکایەکی پرۆفیشناڵیان نیە کە ڕێگاکەیان پیشاندا و بەرچاویان ڕوونکا و داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانیان بکا.
دواتر دەسەڵات پزیشکانی دەستکورت و موحتاج کرد. لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا دەسەڵات کەمترین بودجەی بۆ تەندروستی تەرخانکردوە. حکومەت ٥%ی بودجەی خۆی بەڕەوا نەبینیوە بۆ تەندروستی. دەرئەنجام پزیشکان (لە گەڵیانیشدا کارمەندانی تەندروستی) موچەیەکی باشیان بۆ دابیبنەکراوە. موچەی پزیشک لە کەرتی گشتی بەراورد بە وڵاتانی جیهان زۆر کەمە و لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا بە شێوەیەکی ئەوتۆ زیادینەکردوە بە بەراود بە هەڵاوسان و گەشەی ئابوری.
لەگەڵ ئەمانەشدا دەسەڵات پێی پزیشکانی بەستوەتەوە. دۆخێکی دروستکردوە ئەو پزیشکەی نزیک نەبێ لە دەسەڵات و کوتلە و خێزانە سیاسیەکانی ناو حیزبەکان، ناتوانێ یەک مەتر بجوڵێ. وەرگرتنی پۆستی ئیداری و تەنانەت پرۆفیشناڵیش لەسەر بنەمایەکی حیزبی و سیاسیە. هەر پزیشکێک بەو فلتەرانەدا تێنەپەڕێ نابێ تەنانەت خەونیش بە سەرکەوتن بە پەیژەی ئیداریەوە ببینێ.
دەسەڵات بە کوێرکردن و دەستبڕین و پێ بەستنەوەی پزیشکان دڵی ئاوی نەخواردوە. هاوکات لەگەڵ ئەو دەستدرێژیانەش، ناوبانگ و پێگەی کۆمەڵایەتی جەستەی پزیشکیان ڕووشان. سیاسیەکان و شەریکە بازرگانەکانیان سەدان نەخۆشخانەی تایبەتیان لە کوردستانا دروستکردوە. بەهۆی کەمیی مووچەی کەرتی گشتیەوە، پزیشکانیان ناچارکرد وەکو فەرمانبەری کۆمەڵێک سیاسی نەخوێنەوار لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی ئەوان کاربکەن و کەرتی گشتی پستگوێبخەن. ئەمەش وای کرد خەڵک بەچاوی بازرگانەوە بڕوانێتە هەندێک لە پزیشکان.
پرۆسەی دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکان لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا باکگراوند و هۆکارگەلێکی سایکۆلۆژی و سوسیۆلۆژی هەیە کە لێرە سەرتوێژەکەی هەڵەکۆڵین. یەكێک لە هەرە ئاشکراترین هۆکارەکانی ئەم دەستدرێژانەی دەسەڵات پەیوەندی بە سایکۆلۆژیای کارکتەرە سیاسیە باڵادەستەکانەوە هەیە. لە دوای ڕاپەڕینەوە نوخبەیەک جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست کە بەگومانە لە توێژە خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەکان. هەڵبەت تا ئەندازەیەکی زۆر ئەم بەدگومانیە پەیوەندی بە هەستی خۆ بەکەم زانی نوخبەیەکی نەخوێنەوار و چەقۆکێش و فاشیلە لەسەر ئاستە ئەکادیمیەکە لە بەرامبەر هەرچی خاوەن شەهادەیە. بەشێکیشی پەیوەندی بە بیهودەی هەوڵەکانی ئەو نوخبەیەوە هەیە بۆ کنترۆڵکردنی هەموو کۆمەڵگا بەتایبەتی توێژە خوێنەوارەکان. دەسەڵات باش ئەزانی خاوەن عەقڵەکان چیتر بە چیرۆک و حکایەتە سواوەکانی ئەو فرێونادرێن.
نوخبەی سیاسی بەوەشەوە ڕانەوەستاوە بەڵکو دەستیبرد بۆ بەتاڵکردنەوەی بڕوانامە و خوێندن لە هەرچی ئەرزش هەیە. لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا دەیان زانکۆی تایبەت کراوەتەوە و بە ناوی خوێندنی ئێوارانەوە بڕوانامە بەسەر بەرپرسە سیاسی و دارودەستە نەخوێنەوارەکانا تەخشان و پەخشان دەکەن. بۆیە زۆر سەیر نیە ئەفسەرێک بە شەهادەیەکی زانکۆەوە پزیشکێک فەلاقە بکا!
بە کورتی، رۆژی ٢٠٢٠/٤/٦ دەسەڵات لە کوردستانا جەستەی پزیشکانی کوردستانی فەلاقەکرد. جەستەیەک کە لە ٢٩ ساڵی ڕابوردودا کوێر و دەستبراو و پێبەستراو و سومعەت ڕووشاوکراوە. لە دۆخێکی ئاوەهادا سەیر نابێ لەمەودا ئەو جەستەیە نەک تەنها حەسیرمەیدان و فەلاقە بەڵکو تیرۆریش بکرێ.