تەندروستی لە کابینەی نۆدا
1/24/2019 4:27:00 PM
گۆران عەبدوڵا
لەم کاتەدا کە حیزبە سیاسیەکان سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر پێکهێنانی
کابینەی نۆ، دۆخی تەندروستیی کوردستان و سیستمی تەندروستیی لەوپەڕی خراپیدایە. ئەگەر
حیزبە براوەکان و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان بە گیانێکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ
دۆخی تەندروستیی نەکەن و کەسانی تەکنۆکرات و شارەزا بۆ وەزارەتی تەندروستیی دەستنیشان
نەکەن، ئەوا دۆخەکە لە لێواری داڕو،خانی تەواوەتی نزیکتر دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر
بەهەمان میکانیزمەکانی ڕابردوو پۆستی وەزیری تەندروستیی دیاریبکرێ.
کوردستان بە قۆناغێکی
ڕاگوزەردا تێدەپەڕێ. لە زۆر ڕووەوە هێشتا ئەم هەرێمە خەسڵەتی وڵاتە دواکەوتووەکانی
هەڵگرتووە. نەخۆشییە درمەکان و گواستراوەکانی وەکو کۆلێرا و ئةنفلؤنزاو گرانەتاو
تای ماڵتاو هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی...هتد هەڕەشەیەکی بەردەوام و خەتەرناکن بۆ سەر
گیانی هاونیشتیمانیان.
بە دیوەکەی
تردا، ژمارەیەک نەخۆشیی و حاڵەتی نەگواستراوە، کە تایبەتن بە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان،
لە کوردستان بە فراوانی بڵاوبوونەتەوەو دیسان هەڕەشەی گەورەیان بۆ تەندروستی هاوڵاتیان
دروستکردووە. نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە، شێرپەنجە، فشاری بەرزی خوێن و ڕووداوەکانی
هاوتوچۆو گرفتە دەروونیەکان، تەنگیان بە هاونیشتیمانیان هەڵچنیوە. ئەم نەخۆشیانە دەرئەنجامێکی
ڕاستەوخۆی جگەرەکێشانێکی خۆکوژانە و وەرزشنەکردن و خواردنی کواڵیتی خراپ و نەگونجاوی
ڕێگاوبان و فشاری دەروونیەوەیە.
ئەم دۆخە تەندروستیە
نەخوازراوەی خەڵکی کوردستانی تیایە پێویستی بە سیستمێکی تەندروستی هەیە، کە بتوانێ
شەڕی نەخۆشی بکاو شەونخوونی بەدیار تەندروستی هاوڵاتیانەوە بکا. بەڵام بەداخەوە ئەو
سیستمە لە کوردستاندا بوونی نیە. سیستمی تەندروستی کوردستان جاری وایە خۆی مەترسیە
بۆ سەر گیانی هاوڵاتیان. ئیدارەدانێکی دواکەوتوو، دەرمانی خراپ، کواڵیتیەکی نزمی
خزمەت و بێمتمانەیی هاوڵاتیان سیستمەکەیان ئیفلیجکردووە. گەواهیش ئەوەیە کە نە خەڵک
و نە پزیشکان و نە کارمەندان ڕازین لەسەر سیستمەکە. دۆخی خراپی تەندروستی گەیشتووەتە
ئەندازەیەک کە بە رۆژی نیوەڕۆ پزیشک بەر دەستڕێژی گوللـە بدرێ.
سەرباری ئەو دۆخە
نەخوازراوەی تەندروستی و سیستمەکەی لە کوردستاندا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هێشتا کات
ماوەو بوار زۆرەو هیوا هەیە کە باشتر بکرێت.
کلیلی چارەسەری
نەخۆشیەکانی سیستمی تەندروستی لەدەستی حیزبە براوەکانی هەڵبژاردن و وەفدو لیژنەی
دانوستاندایە. ئەوان دەتوانن دەردی سیستمەکە دەرمانکەن یان خوێ بە برینەکانیدا بکەن.
گەورەترین هەڵە
ئەوەیە کە بە هەمان سیاسەت و هەمان کەس و هەمان میکانیزمەکانی ١٠ ساڵی ڕابردوو
کاربکەین. خەیاڵپڵاوییە چاوەڕێی دەرئەنجامی جیاوازو باشتر بکەین ئەگەر بەهەمان شێوازی
جاران مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی هەستیاری وەکو تەندروستی بکەین.
هەنگاوی یەکەم بۆ
دەرچوون لەم قەیرانە نەخوازراوەی تەندروستی تیایە ئەوەیە، کە کەسانی تەکنۆکرات و
شارەزاو پسپۆڕی سیاسەت و سیستمی تەندروستی بۆ پۆستەکانی تایبەت بە وەزارەتی تەندروستی
دەستنیشانبکرێن.
ئەگەر سەرکردەو
ئەندامی لیژنەکانی گفتوگۆ هەر لەناو حیزبەکانی خۆیاندا بگەڕێن دەیان کەسی بەتواناو
دڵسۆزو دنیادیدە دەدۆزنەوە کە سیستمی تەندروستیان خوێندووەو شارەزاییان لە سیستمە
تەندروستیەکانی وڵاتانی دیکە هەیە بە جۆرێک بتوانن ئەزموونی وڵاتان بگوازنەوە
کوردستان.
پێویستە سەرکردەی
حیزبە براوەکان و بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان دڵێکیان بە ئازارو هاوارو پاڕانەوەی خەڵکی
نەخۆشی کوردستان بسوتێ و لە ئاست ئەو متمانەیە بن، کە هاونیشتیمانیان پێیداون. پێویستە
ئەوان خەمێک لە ئازاری قوربانیەکانی کیمیاباران بخۆن. گرنگە بیرێک لە بێدەرمانی نەخۆشەکانی
شێرپەنجە بکەنەوە. ناکرێت ئاوڕێک لە کارەساتەکانی دەرمانی قاچاخ و ئێکسپایەر نەدەنەوە.
گەورەترین دەستکەوتێک
کە حیزبە براوەکان بۆ خەڵکی بچننەوە هێنانەدی کوردستانێکی تەندروستە. بەبێ تاک و کۆمەڵگایەکی
تەندروست ئاسایشی نەتەوەییمان لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی لەناوچووندایە.