نۆ ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ژنه تێكۆشه‌ر (شوعله عه‌لی)، تێده‌په‌رێت
02:08 - 16/03/2026
"زه‌مه‌ن"
ئه‌مڕۆ نۆ ساڵ به‌سه‌ر مه‌رگی ژنه تێكۆشه‌ری كورد (شوعله عه‌لی)، هاوسه‌ری ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا تێده‌په‌رێت.
به‌ره‌به‌یانی رۆژی 17ی ئازاری 2017 خاتوو شوعله عه‌لی، به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی خه‌باتگێڕ و تێكۆشه‌ری سلێمانی له‌دایكبوه، دوای ئه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا پێكهێناوە، به‌شداری له هه‌مو وێستگه‌كانی خه‌باتی شار و شاخدا کردوە.
شوعله عه‌لی هه‌ر له قۆناغی خوێندكاری‌دا كۆستی شه‌هید بوونی هه‌ردوو برا جوانه‌مه‌رگه‌كه‌ی به‌دوای یه‌كدا به‌رگی ره‌شی خه‌م و پرسه‌ی شه‌هیدی پێ ده‌پۆشێ و به‌كۆستی دوو برای شه‌هیده‌وه گڕوتینێكی گه‌وره‌ی به كچان و ژنانی سلێمانی به‌خشی كه پۆل پۆل په‌یوه‌ندی به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه بكه‌ن.
ساڵی 1981و به‌خواستی خۆی و بنه‌ماڵه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی رێگه‌ی قه‌ندیل و چیا ده‌گرێ و هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ رابه‌ری دیاری شۆرشی نوێ نه‌وشیروان مسته‌فا سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستاندا ده‌كات.
خاتو شوعلە، خۆشی ژنێكی تێكۆشەر بوە و كچی عەلی سەعید، تێكۆشەرو ئازادیخواز و پێشكەوتو خواز بوە، هەروەک خوشكی دو شەهیدە یەكێكیان شوان عەلى-ە ناسراو بە (شامیل)، کە یەكەم سكرتێری یەكێتی خوێندكاران و كادری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان بوە و لە بنەماڵەكەیدا خاوەنی چەندین شەهید و قوربانی دیکەیە.
ژیاننامه‌ی شوعله عه‌لی سه‌عید:-
-خێزانی نه‌وشیروان مسته‌فا بووه.
-له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار و نیشتیمانپه‌روه‌ری شاری سلێمانییه.
-له (22/2/1955 ) له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی سلێمانی له‌دایك بوه.
-قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و ئاماده‌یی له سلێمانی ته‌واوكردوه.
-ده‌رچوی كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی سلێمانییه.
-ساڵی (1977) په‌یوه‌ندی به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانه‌وه كردوه.
-خاوه‌نی دو برای شه‌هیده به‌ناوه‌كانی شوان و شێركۆ، كه له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ‌دا و له پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی رێكخستنی شاردا شه‌هید بون، شه‌هید شوان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هاوڕێیدا له گوندی قازانقایه شه‌هید بوه، شه‌هید شێركۆش له‌ناو شاری سلێمانی له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه شه‌هید كرا.
- ساڵی (1981) هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا كردوه.
- له هه‌مو وێستگه‌كانی خه‌باتی شاخ و شاردا شانبه‌شانی نه‌وشیروان مسته‌فا كاری كردوه.
- خاوه‌نی دو كوڕ و كچێكه به‌ناوه‌كانی (نما و چیا و چرا).
به‌ره‌به‌یانی (17)ی ئازاری (2017) له سلێمانی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایی كرد.