هۆشیار زێباری: نازانین حەلبوسی ئەو هێزەی لەكوێ هێناوە پەلاماری پارتی دەدات
01:35 - 17/02/2026
زەمەن – هەواڵ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە و پێشنیازی دروستکردنی ئەنجوومەنێکی سیاسییان بۆ ڕێکخستنی پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
زێباری دەڵێت، ئەمریکا هۆشداریی داوەتە لایەنەکان، ئەگەر نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران کاندید بکەن، سزای ئابووریی توند بەسەر کۆمپانیای سۆمۆ و بانکی ناوەندیی وڵاتدا دەسەپێنێت.
زێباری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "دیجلە" وتیشی: لە ماوەی ئەم دوو سێ رۆژەدا پەیامەكان توندترو بەهێزتر بوون و داوا دەكەن عێراق پەلەبكات لە یەكلاكردنەوەی پرسەكانی، رەنگە رووداوی كتوپڕ لەناوچەكە سەرهەڵبدات، جەختیشكرد لەوەی ئەم پرسە هیچ پەیوەندییەكی نییە بە دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەمریكیەكان هەڕەشیان كردووە بە سەپاندنی سزا بەسەر كۆمپانیای سۆمۆ و بانكی ناوەندی ناوەندی و هاتنی دۆلارو، راشكاوانە وتویانە پارە نادەین بە حكومەتێك سزاكانمان پێشێلبكات.
لەبارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی سوریاش وتی: دەوترێت كورد تووشی شكست بووەو ئەمریكا دەستبەرداری هێزەكانی سوریای دیموكرات بووە، ئەمە وانییە، ئەمریكییەكان تائێستاش پشتیوانی هەسەدە دەكەن و رۆڵی گەورەیان هەبووە لە رێگیركردن لە پەلاماردانی ئەو ناوچانە كوردییانەی لەژێر دەستی هەسەدەدان، بە سوریایان وت تائێرە تەواو.
لەبارەی ناكۆكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدوم رایگەیاند، ئێمە دەستپێشخەرنەبووین لەسەر هەڵدانی ئەم ناكۆییەكانە، ئەو هێرشی كردە سەرمان نەك بۆ سەر ئێمە بۆ سەر مالكیش، نازانین ئەم هێزەی لە كوێوە هێناوە، دیارە هیچ خوێندنەوەیەكی نییە بۆ پێشهات و كارلێكە هەرێمایەتی و ناوچەییەكان.