604وتار

بۆچی خەڵک لە کۆرۆنا ترساوە؟

3/10/2020 6:06:00 PM
گۆران عەبدوڵا

تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی "زه‌مه‌ن" نوسراوه‌

بەشێکی گەورەی ترسی خەڵک لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندی بە ئامادەکارییەکانی سیستمی تەندروستی بەگشتی و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەتی هەیە. خەڵکی کوردستان زۆر باش دەزانێ، کە ئەوانەی وەزارەتی تەندروستی بەڕیوەدەبەن بە وەزیری و بەریوەبەری گشتیەکانەوە، کۆمەلێک کادیری حیزبین. ئەوان شارەزاییان لە سیاسەتکردنی بە یاسا و ڕێساکانی حیزبی کوردیدا هەیە نەک بوارە پزیشکی و تەندروستیەکان. بۆیە هەر لەسەرەتاوە بە نەفەسێکی حیزبی و سیاسیانە و بە توێری موئامەرەوە لەم بابەتە چوونە پێشەوە. لە باتی ئەوەی خەڵک و پزیشکان و کارمەندان و نەخۆش ئامادەبکەن بۆ بلاوبوونەوەی بەلایەکی وەکو کۆرۆنا، کاتێکی زۆریان بە فیرۆدا  لە بلاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەی بێ سوودی ئەوەی گوایە ڤایرۆسەکە لە کوردستاندا بوونی نیە.

 بەرپرسەکانی سیستمی تەندروستی کادیری حیزبی و سیاسی بن و سەریان لە ئەلف و بێکانی تەندروستی و پزیشکی  و سیاسەتی تەندروستی دەرناچێ. بینیمان چۆن  مامەڵەیان لەگەڵ ئەوانە کرد کە لە ئێران گەڕانەوە بەجۆرێک لانی کەمی ئامادەکارییە تەندروستیەکان بۆ پشکنین و جیاکردنەوەیان لە خەڵکی دیکە نەگیرایە بەر. بینیمان چی دۆخێکیان لە کەرەنتینەکان دروستکرد بە جۆرێک لانی کەمی خزمەتگوزارییان لەو شوێنانە دابینەکرد. بۆیە ژمارەیەکی زۆری گەڕاوەکان ئامادە نەبوون بچن لەو شوێنانە بمێنەوە و دەرئەنجام ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەوەندەی تر نەخۆشیەکە بلاوببێتەوە. بینیمان چۆن تەنها بۆ خۆدرەخستن پشکنینێکی سەرپێی پلەی گەرمی ئەو کەسانەیان کرد کە لە ئێران هاتنەوە. بینیمان تا کۆتاییەکانی مانگی دوو شکستیان هێنا لەوەی پشکنینی سەرەتایی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا پەیدا بکەن.

هاوکات ئەم وەزارەتە ناتوانێ هوشیاری تەندروستی لە ناو خەڵک بڵاوکاتەوە. هیچ نەبێ ئەوەیشی نەکردووە کە بڵاوبوونەوەی ئەم بەڵایە وەکو چانسێک بقوزێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی خەڵک. لە ڕاستیدا وەزارەت نەک ئەوەی نەکردووە بەڵکو وەزیری تەندروستی خۆیشی پابەندی ڕێنماییە هەرە سەرەتاییەکانی خۆپاراستن لەم نەخۆشیە نەبووە و تەوقە دەکات و دەست بۆ دەم و لووتی دەبا. 

لەسەر ئاستی سیستمی تەندروستیش، بەرپرسانی وەزارەتەکە زۆر بێخەم و بێباک و خەمساردانە دەجوڵێنەوە. پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکان بێ دەمامک و دەستکێش و جلی تایبەتن. ئەم دۆخە وایکردووە لە حاڵەتی بلاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دوور نیە زۆرترین حاڵەت لە نێوان پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیدا سەرهەڵبدا. هاوکات وەزارەتەکە ڕاهێنانێکی ئەوتۆی بۆ پزیشکان و کارمەندان نەکردووە لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکە و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

بەشێک لەم کێشانە دروستکراوی ئەمرۆ نین و منداڵی دەیان ساڵن لە پشتگوێخستن و داڕوخاندنی کەرتی گشتی سیستمی تەندروستین. بۆیە کەرتی گشتی لە کوردستاندا ئامادەی چارەسەری چەند سەد هاوڵاتیەکی نیە کە ئەگەری هەیە بەم نەخۆشیە پێویستییان بە چارەسەری هەناسەی دەستکرد هەبێ بۆ نموونە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە لە ١٠ ساڵی ڕابووردوودا حیزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕێگەیان بە گەورەبوونی کەرتی تایبەت و نەخۆشخانەی تایبەت دا لەسەر بەرژەوەندی کەرتی گشتی و هاولاتیان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایە ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە بە ئاسامانی هەموو شارەکانی کوردستاندا بەرزکراوەتەوە، ئێستا فریای خەڵکی کوردستان ئەکەوێ؟

 ئەمانە چەند هۆکارێکی کەمن کە وای کردووە خەڵکی کوردستان لەم هەڕەشە تەندروستی بتوقێ. چونکە خەڵک باش لەوە ئاگادارە کە ئەوانەی سیستمەکە بەڕیودەبەن لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیە نین کە وەریانگرتووە. بۆیە هاوڵاتیان پێویستە پشت بە خۆیان و ڕێنماییەکانی دڵسۆزانی بوارەکە ببەستن بۆ خۆپاراستن نەک ئامادەکاریەکانی وەزارەتی تەندروستی.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن