كامە وەزیر بۆ تەندروستی؟
3/22/2019 6:30:00 PM
گۆران عەبدوڵا
هیچ كاتێك وەكو ئەم رۆژانە بۆ چوار ساڵی داهاتووی تەندروستی گرنگ نیە.
سەرباری ئاستەنگ و لەمپەرەكان، پێناچێت پێكهێنانی كابینەی نۆ و دەستنیشانكردنی وەزیری تازەی تەندروستی ئەوەندەی مابێت.
لەم سەروبەندەدا، تەندروستی خەڵكی كوردستان لە چەند ساڵی داهاتوو پەیوەستە بەمامەڵەی وەزیری تازە لەگەڵ چەند پرسو پرسیارێكی هەستیاردا.
گرەوەكە لەسەر ئەوەیە ئاخۆ جەنابی وەزیر وەكو ئەوانەی پێشوو، وەزارەتەكە پڕ دەكات لە كادیری حیزبەكەی خۆی؟ یان بێگوێدانە لایەنی سیاسی یا كوتلەی حیزبیی، تیمێك لە كەسانی تەكنوقراتو شارەزا لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوەو لە گەورەو بچووكەكانی سیاسەتی تەندروستی پرسو ڕایان پێ دەكات.
پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ وەزیر بە بەرماوەی 5%ی بودجەی حكومەت ڕازی دەبێت بۆ تەندروستی؟ یان شەڕ لەسەر زیادكردنی بۆ 10% دەكاتو بەدوای سەرچاوەی تری داهات دەگەڕێت وەكو باجی جگەرەو بیمەی تەندروستی.
دەشێت وەزیر وەكو ئەوانی پێش خۆی عەوداڵی خۆدەرخستنی میدیاییو بڕینی قردێلەی سوری نەخۆشخانەی گرانبەها بێت؟ یان بە پێچەوانەوە مێشكی دەشكێت بە گرنگیدانی زیاتر بە خزمەتی سەرەتاییو دروستكردنی سیستمی پزیشكی خێزان.
تۆ بڵێی وەزیری تازە بەردەوامیی بدات بە سیاسەتێكی دژە خەڵكی وەكو ئەوەی پێدەوترێت “سیستمی نیمچە تایبەت”؟ یان بوێرین خەون بە وەزیرێكەوە ببینین كە شەونخونی بەدیار ئازارەكانی خەڵكەوە بكاتوبەرژەوەندییەكانیهاونیشتیمانیانئەولەویەتییەكەمیبێت.
ناشێت وەزیری تازەش بە رۆژ منەتی كواڵیتی كۆنترۆڵی دەرمانمان بەسەردا بكات و بە شەویش دەرگا بۆ كۆمپانیاكانی دەرمان بكاتەوە بە ئارەزووی خۆیان لە بازاڕدا تەراتێن بكەن. تۆ بڵێی ئەویش بەبازرگانە حیزبیەكانی دەرمان نەوێرێتو تەندروستیو ژیانی خەڵك بكاتە قوربانی گیرفانی چەند بەرپرسێكی حیزبی؟
ئاخۆ ئەمەیشیان مانگانە چەند ژمارەیەكی رەقو تەق و بێسوودی وەكو سەردانیەكانی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەو بنكە تەندروستیەكانمان پێدەفرۆشێتەوە؟ یان ئەمیان گرنگی بە توێژینەوەی زانستیو ئاماری تۆكمە دەداتو ئیش بە دەرئەنجامەكانیان دەكات.
تۆ بڵێی ئەمیش هەر بوو بە وەزیر ئیتر هاوپیشەو هاوكارەكانی لەیاد بكات؟ تۆ بڵێی پزیشكان گوللەبارانو كارمەندان سووكایەتیان پێبكرێتو ئەویش مێش میوانی نەبێ؟ یان ئەمیان گەرەنتی دەدات كە ئەوەی پەنجەیەك بۆ پزیشك یان كارمەندی تەندروستی یان مووچەكانیان درێژكرد وەكو تیرۆریستو دز مامەڵەی لەگەڵ بكرێت؟
ئاخۆ ئەمەیان دڵی گەورەو سینگی فراوان دەبێتو گوێ لە ڕەخنە و تێبینی دەگرێت؟ یان ئەمیش وەكو ئەوانی پێش خۆی لەسەر قسەی هەق، خەڵك دەداتە دادگاو فەسڵیان دەكات؟
رۆژێكی رەش دەبێت بۆ تەندروستی ئەگەر ئەمیش بە بست لە ڕێگاكەی ئەوانی پێشوو لانەدا. بەڵام ئەگەر بێتو و بەپێچەوانەی دە ساڵی ڕابردو هەڵسوكەوت بكاتو وەڵامی پرسیارەكانی سەرەوە بداتەوە، ناوی بە زێڕ لە مێژوودا دەنووسرێتو میللەتێك لە نەخۆشی ڕزگار دەكات.