دیموکراسی و دیکتاتۆریەت لە زەمەنی کۆرۆنادا
2/18/2020 2:21:00 PM
گۆران عەبدوڵا
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین پرسیارگەلێکی جیددی لەسەر پەیوەندی تەندروستی بە دیموکراسی و دیکتاتۆریەتەوە وروژاند. ئاخۆ کامیان بۆ تەندروستی مرۆڤ باشترە؟ دیموکراسیی یا دیکتاتۆریەت؟ ئازادیی یا ستەمکاریی؟ کرانەوە یا داخران؟
دوو جەمسەری جیاواز لەم دیبەیتەدا دەرکەوتووە. جەمسەری یەکەم وای بۆدەچێ کە ڕاستیەکان حاشاهەڵنەگرن. ئەوان دەڵێن تەنها ڕژێمێکی شمولیی وەکو چین دەتوانێ ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورەی وەکو کۆرۆنا ببێتەوە. ئاخر کامە سیستمی شلوشاو و خاوخلیج ئەتوانێ خەستەخانەی ١٠٠٠ قەڕوێڵەیی بە ١٠ رۆژێ دروست بکا؟ ئاخۆ پێوستیت بە تۆزێک دیکتاتۆریەت نیە بۆ ئەوەی ئازادی نزیکەی ٥٠ ملێون کەس زەوت کەیت و نەهێڵیت لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە بۆ ئەوەی نەخۆشیەکە بڵاونەبێتەوە؟ چی قەیدیە ئەگەر لەپێناو ڕزگارکردنی وڵاتێک، ستەمکاری بەرامبەر چەند هەزار پزیشکێک بکەی و بەزۆر کاریان پێبکەیت تا ئاستی ڕووخانی جەستەیی و دەروونی؟ کەی کێشەیە ئازادی ڕادەربڕینی چەند کەسێ زەوت کەی بۆ ئەوەی قسە و قسەلۆک بڵاونەبێتەوە و خەڵک نەتۆقێ و دڵەرواکێ بڵاونەبێتەوە؟ ئەوان دەڵێن دواجار تەندروستی مرۆڤ شایانی ئەوەیە ئازادی و دیموکراسی و کرانەوەی بەقوربانکەی!
هەڕچی جەمسەری دووەمە پێیوایە کە بنەمای کێشەکە ستەمکاری و دیکتاتۆریەت و زەوتکردنی ئازادیە. ئەوان دەڵێن رژێمی سەرکوتکەری لە شێوەی چین بۆ خۆی هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای وەکو کۆرۆنا. بە بۆچوونی ئەوان ئەگەر لە چین ئازادی ڕادەڕبەرین هەبوایە پەتاکە بەو خێراییە بڵاونەدەبوو. لە باتی ئەوەی رژێمەکەی چین بە جیددیەتەوە لە گومانی پزیشکەکان بڕوانێ، سەرکوتیکردن. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە دەسەڵاتی چین پۆلیسی ڕەوانەی خەستەخانەکان کرد. بەزۆر بەڵێنامەی بە پزیشکەکان ئیمزاکرد کە چیتر وەکو خۆیان ئەڵێن پروپاگەندە بڵاونەکەنەوە دەربارەی تەشەنەسەندنی نەخۆشیەکە. بە بیانووی ڕێگەگرتن لە پەتاکە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی بەکارهێنا بۆ زەوتکردنی ئازادیەکانی خەڵک. لەباتی ئەمانە، ئەگەر ڕژێمەکەی چین خێراتر و کراوەتر لە گومانەکانی ڕوانیبا، دەکرا زووتر پەتاکە کۆنترۆڵ بکرێ. ئەگەر بواری بە ئازادی توێژینەوە بدایە، رەنگەبوو زووتر زانیاری گرنگ لەسەر ڤایرۆسەکە دەستبکەوێ. بەکورتی، بە بۆچوونی ئەوانەی سەر بە جەمسەری دووەمن، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا لە چین ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی وەکو کۆرۆنا زیاتر دەکا.
هەڵبەت ئەم مشتومڕە بەردەوامیی دەبێ و وەڵامی ڕوون بۆ پرسیارەکان بە ئاسانی دەستناکەون. ئەوەی ڕوونە، سیستمێکی سیاسی وەکو ئەوەی کوردستان خراپەی هەردوو مۆدیلەکەی حکومڕانی کۆکردووەتەوە. لە لایەکەوە، دەسەڵات لە کوردستاندا بۆ پاراستنی خۆی و بەڕژەوەندیەکانی، بوار بە ئازادی ڕادەربڕین نادات تا ئاستێکی دیاریکراو نەبێ. وەکو رژێمەکەی چین بە چاوی دوژمن تەماشای ئەوانە دەکا کە بەدوای زانیاری دەکەون و بڵاویدەکەنەوە. بە بیانووی تێکنەدانی ئاسایش و ئارامی ڕێگە بە ئازادی بیرکردنەوە و توێژینەوە و پرسیارکردن و گومانکردن نادەن. تەنانەت لە پەیوەند بە کێشەیەکی تا ڕادەیەک دوور لە سیاسەتی وەکو نەخۆشیش، بابەتەکە بەسیاسی و بەحیزبی دەکرێ.
لە بەرامبەردا، مۆدیلی حکومڕانییەکەی کوردستان توانا و هێز و دەسەڵاتی رژێمێکی لەشێوەی چینی نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی وەکو کۆرۆنا. دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانا ١٥ ساڵێکی ویست تا خەستەخانەیەکی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی دروستکا.
ناتوانێ چەند کۆمپانیایەک کۆنترۆڵکا کە بە دەرمانی قاچاخ چاوی خەڵکیان کوێرکردووە؟ نەیتوانیووە وەکو چین لانی کەمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابینبکا و داهاتەکی بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربهێنێ. پزیشکان و کارمەندی تەندروستی ناچارکردووە بیر لە جێهێشتنی وڵات یا ئیشکردن لە کەرتی تایبەت بکەنەوە.
بە کورتی، ئازادی لە دەرمان باشترە بۆ تەندروستی مرۆڤ. ستەمکاری ئەو ژەهرە نیە کە پێویست بکا بینۆشی بۆ ئەوەی تەندروست بی. پێویستیت بە موعجیزەی شورای چین ئاسا نیە بۆ ئەوەی تەندروستی بپارێزی و لە پێناویا ئازادی و کەرامەت و ژیانی ملێونەها خەڵک بخەیتە مەترسیەوە.
بۆ لای خۆشمان ئەم مۆدێلەی حکومڕانی گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستی چونکە خراپەکانی هەردوو جەمسەرەکەی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە.