فاشیزمی تەندروستی
1/25/2023 3:55:00 PM
گۆران عەبدوڵا
بەهاری ٢٠١٠ بوو، تەلەفونێکم بۆ هات: "ئەلو"، "ئەلو، دکتۆر
گۆرانە؟" "بەڵێ فەرموو"، "دکتۆر من یاساییم لە دیوانی وەزارەتی
تەندروستی، هیچ کێشەیەکت لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەیە؟" ، "نەخێر، هیچ
شک نابەم"، "بەڵێ، جەنابی وەزیر تۆی داوەتە دادگا چونکە تەشهیرت بەو و وەزارەت
کردوە و داوای ٢٠٠ ملیۆن قەرەبوو ئەکەین"، "بۆچی چیم وتووە و لە کوێ"،
"لە گۆڤارێک ڕەخنەت لە بڕیارێکی وەزیر گرتوە و توتە بڕیارەکەی نایاساییە!"
ئەم ڕووداوە یەکەمین و دواهەمین دەستدرێژی دەسەڵاتی تەندروستی نەبو و نیە بۆ
سەر ئازادی ڕادەربرین. دوای گۆران، ئیتر تەندروستکار و پزیشک و رۆژنامەنوسی تریشی
بەدواداهات، کە هەڕەشیان لێدەکرێت و دەدرێنە دادگا و چاوییان لێ سوردەکرێتەوە.
ئەم ڕەفتارەی دەسەڵاتی تەندروستی جگە لە فاشیزم هیچ ناوێکی تری گونجاوی بۆ
نادۆزمەوە. فاشیزم تەنها ئەوە نیە کە ئەنفال و هەڵەبجە و هۆلۆکۆست و هیرۆشیما
دروستدەکات. فاشیزم بیرکردنەوە و دونیابینە
پێش ئەوەی هەڵسوکوت و ڕەفتار بێت. مەرج نیە هەڵەبجەیەک شەهید بکەیت بۆ ئەوەی
نازناوی فاشیست هەڵگریت. پێویست ناکات هۆلۆکۆستێک بخوڵقێنیت بۆ ئەوەی پێت بوترێت
فاشیست. ئەوەندەت بەسە کە لە بیرکردنەوەدا فاشیست بیت بۆ ئەوەی ئیتر دونیایەک بخوڵقێنیت
کە کرداری فاشیستیانەی تێدا ڕووبدات. بۆیە، ئەو دەسەڵاتەی کە تەندروستی بەدەستەوەیە
لە حاڵی حازردا بە ئیمتیاز فاشیستە.
فاشیزمی تەندروستی لە کوردستاندا زادەی ئایدۆلۆژیایەکە کە لە ئاخوڕی کاپیتالیزمێکی
نیولیبراڵی خێڵەکی دەخوات.
ئایدۆلۆژیاکە، لە ڕواڵەتدا نازناوی 'زانستی پزیشکی' هەڵگرتوە. ئەم ئایدۆلۆژیایە،
پزشیکیی لە زانستەوە گۆڕیوە بۆ ئاین. پزیشک و دەسەڵاتداری تەندروستی کردوەتە کاهین.
کۆلیژی پزیشکیی وەکو پەرستگا وێنا دەکات. وەکو پیرۆز سەیری تێکستە پزیشکی و بڕیارە
تەندروستیەکان دەکات. بەکورتی، فاشیزمی تەندروستی، زانستی پزیشكی و حکومڕانی تەندروستی
لە چالاکیەک بۆ بیرکردنەوە و پرسیار و ڕەخنە و دیالۆگ گۆڕیوەتە سەر ئایدۆلۆژیایەکی
لوتبەرزی توندڕەوی ملهوڕ.
ئەم ئایدۆلۆژیایە لەسەر ئاستە ئیدارییەکەی، کۆمەڵێک فاشیست بەرهەم ئەهێنیت
کە قسەیان لەگەل ناکرێت. وەزیرێکت بۆ ئەخوڵقێنیت کە هەر وتت بڕیارێکەت باش نیە، ئیتر
داوای ٢٠٠ ملیون دینارت لێئەکات! بەڕێوەبەرێکی گشتی دروست ئەکات، کە پێت وت دەرمانی
ئیکسپایەر مەخە ژێر خاکەوە، ئیتر دەرگای دۆزخت لێدەکاتەوە. بەڕێوەبەرێکت بۆ بەهەرم
ئەهێنێت هەر وتت ژوری نەشتەرگەرییەکەت درزی تیایە و دڵۆپە ئەکات ئیتر قەیسەریت لێدەکاتە
کونە مشک! دەعبایەکت بۆ ئەخوڵقێنێ، هەر کە وتت شەریکایەتی کۆمپانیای دەرمان مەکە ئیتر
بە نەقیزە ئەکەوێتە گیانت!
بەڵام فاشیزم تەنها بە ئایدۆلۆژیا و دونیابینی ناخوڵقێ. سەدام لەگەڵ ناسیونالیزم،
پێویستی بە پارە و چەک هەبو بۆ ئەوەی هەڵەبجە شەهید بکات. هیتلەر لە پاڵ ڕاسیزم،
تانک و تەیارە و ژوری غازی گەرەک بو بۆ ئەوەی هۆلۆکۆست بکات. فاشیزمی تەندروستیش پێویستی
بە پارە و هێز و دەسەڵات هەیە بۆ ئەوەی خەونە شەیتانیەکانی بکاتە ئەو ڕاستیە تاڵەی
ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت.
بۆ بەدەستهێنانی ئەو هێزە، فاشیزمی تەندروستی هاوسەرگیریەتی لەگەڵ تەماع و
پارەخواردن و تاڵانی کردوە. بۆ پارە، زەواجی ناشەرعی لەگەڵ بزنسا ئەکات. بۆ گەشت و
گوزار، سەرجێگا لەگەڵ قاچاخچی و بازرگانی تلیاک و ڕێگردا گەرم ئەکات. بۆ شوقە و
خانو، شەریکایەتی حەرامخۆر دەکات. بۆ پۆست و پلە و پایەش ئەچێتە باوەشی سیاسی گەندەڵەوە.
ئەم ئەژدیهایەی فاشیزمی تەندروستی دروستکری کردوە لە کوردستاندا، بە رۆژ و
دوو رۆژ لەناو ناوچێت. بەڵام هەنگاوی یەکەم ئەوەیە ئازایانە ڕووبەڕووی ببێتە و بەو
ناوە بانگیکەیت کە پڕ بە پێستیەتی. فاشیست!