سەردەمی مراجهعاتی ئێمە و ئێوە
1/7/2021 12:12:00 PM
م. كامهران عهلی
ساڵی ١٩٨٨ -
١٩٩١ کە لە کۆمەڵگای زۆرە ملێی برایەتی، باریکە بوین ئەوکات تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، جگە
لە بێ کاری و گرانی، هەمیشە ئەو ترس و ورەتە ورتەیە هەبوو، کە حکومەتی بەعس بە تەمایە
هەموو دانیشتوانی ئەم ئۆردۆگایانە ببات بۆ "نوگرە سلمان" و ئەنفالیان
بکات.
تەنانەت بیرم دێت
دەیانووت گەر حکومەت لە شەڕی داگیرکردنی کوهیت سەرکەوتوو بێت و ڕزگاری ببێت لە
فشاری هاوپەیمانان ئەوە هەردوو ئەم ئۆردۆگایە تەلبەن دەکرێت و هەموو بۆ چاڵەکانی مەرگ
ڕاگوێز دەکرێن.
باوکی جوتیار و ڕەنجبەرم،
هەموو بەیانیەک دەچوو لەسەر چەمی تانجەرۆ و بوارەکەی نێوان "نەسر" و
"باریکە" و، بە قەڵبیرێک و خاکەنازێک و شفرەیەکەوە، کە دەیکرد بە کەمەریدا
بۆ پاککردنەوەی خاکەنازەکەی، لەسەر ئەو چەمە تا ئێوارە "لم"ی، دەبێژایەوە،
بیرم دێت تا ئێوارە دەیتوانی تەنها یەک عەرەبانەی تراکتۆر ببێژێتەوە، کە تەنها
"شەش" دیناری ئەوکاتی بۆ دەکرد و تەنها خۆشی باریدەکرد!.
لەوەش
نەهامەتی تر جاری وا هەبوو دوو ڕۆژ و سێ ڕۆژ جارێک یەک عەرەبانەی بۆ دەفرۆشرا!، لە
ماڵەکەماندا کە بێ گەچ کاری بوو دوو ژوور و هەیوانێک بوو، تەنها کوێر لەمەمان
کردبوو یانزە چینیش بەرزبوو خانووەکە داریش بوو!.
لە ترسان و بە ایجباری
وێنەیەکی "صدام حسین" مان لە هەیوانەکەدا بە گەورەیی هەڵواسیبوو، ئەوە
امری واقع و حاڵی هەموو ماڵێک بوو!، تا ڕۆژێک باوکم زۆر بە هیلاکی و ماندوێتی و بێزاری
گەڕایەوە ماڵەوە، کە گەشتە نزیک وێنەکەی "صدام" بەهەرچی هێزی هەیە تفێکی
تێکرد، کاتێک دایکم بە ترسێکی تۆقێنەرەوە چاوی بڕی چاوی باوکم و لاچاوێکیشی کردە ئێمە
وەک ئاماژەیەک بۆ باوکم کە چۆن بەبەرچاوی ئەو منداڵانەوە ئاوا کارێک دەکەی، ناترسی
بیگێڕنەوە و بتبەن و سەرنگونت بکەن؟!.
باوکم
کاتێک تێگەشت لە پەیامەکەی دایکم ئارەقێکی ساردی کرد و بە ترس و نائومێدیەکی زۆرەوە
سەیری یەک بە یەکمانی دەکرد و نەیدەزانی چۆن پاساوێک بۆ ئەو کارە ترسناکەی بێنێتەوە،
تا ئەوەی بیرم دێت لەبەر ئێمە دەستی کرد بە دوعاکردن و وەسفکردنی "صدام حسین".
جا دەمەوێت ئەوە
بڵێم: سوێند بە خودای تاقانە سەد هێندەی ئێستا دڵمان خۆشبوو، سەد هێندەی ئێستا
شانازیمان بە کورد بوون و کوردایەتی و ئاڵای کوردستان و پێشمەرگەوە دەکرد!.
خەونمان
بە حکومەتی خۆماڵی و سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیەوە هەزار هێندەی ئێستا خۆشتر
بوو کە هەندێکی بە ڕاستی و واقعی هاتۆتە دی!، هەزار هێندەی ئێستا ئومێد و هیوامان
زیاتر بوو بە ئایندە، ئاواتمان خۆشتربوو بە نیشتمان، مراجعاتی ئێوە یانی: جۆرێکی
تری پیلانی کوشتن و خنکاندن و تاساندن تواندنەوەی ئێمە بە بێدەنگی، یانی سەر ڕێژی
گرانی و نەهامەتی و بێ کاری و کوژانەوەی ئازادی و دادگەری و حوکمی یاسا و یاسا سەروەری
بە یەکجاری، مراجعاتی ئێمەش هەر مەنگی و بێدەنگی و قبوڵکردنی هەموو شتێک و، قبوڵکردنی
ئێوە بە هەموو شێوەیەک!.
سا خودایە بە
خاتری یەک بە یەکی ناوە جوانەکانت و صیفەتە بەرز و پەسەندەکانت ئەو نەفرەت و توڕەییەی
خۆتیان لەسەر حەڵاڵ واڵا بکەیت کە ڕشتت بەسەر صدام و قەزافی دا...