765وتار

یەکگرتنەوە، یان توانەوە؟

5/11/2020 11:44:00 AM
م. كامه‌ران عه‌لی

ماوەیەکە و بە سنووردار دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، هەندێک نووسەر و ڕۆژنامەنوس لە هەندێک  پەیج و سایەتەوە پرسی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەوروژێنن و تا ڕادەیەکیش مەبەستیانە لۆبی بۆ بکەن و هانی هەردوو سەرکردایەتی هەردوو حیزب بدەن کە لە ڕێکەوتنی سیاسییەوە تا دەگاتە یەکگرتنەوە هەنگاوەکان دەست پێ بکەن. بەندە لەگەڵ ئەوەی ئێستا ڕەنگە تا ڕادەیەک لەبەر چەند هۆکارێک، نوێکردنەوەی ڕێکەوتنامەی دەباشان بە پێویست و گرنگ بزانم ئەوانیش:

1ـ سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی:
لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و بڕیارە چارەنووسسازەکان لای گرووپێکی گەنجن، کە وەک دژە پارتی خۆیان ناساندووە و هەموو پڕۆ پارتییەکانیان لاواز و بێهێز، یان هەر دوورخستووەتەوە لە سەرکردایەتی ئەو حیزبە و ناوەندی بڕیار. ئەوانەی کە کاتی خۆی هۆکاری سەرەکی تێکدانی ڕێکەوتننامەی دەباشانی نێوان گۆڕان و یەکێتی بوون، گەرچی ئەم گرووپە خیانەتی ١٦ی ئٔۆکتۆبەر و تەزویرکردن و دزینی دەنگەکانی گۆڕان و هەڵکوتانە سەرگردەکە و پشتیوانی تەقەکەرەکانیان لە گەردندایە و قەرزاری هەموو گۆڕانخوازانن، بەڵام نوێکردنەوەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئەماندا تروسکاییەکی زیاتر ئومێدی لێ بەدیدەکرێت.

2ـ شکستی حوکمڕانی و هەیمەنەی سەنتەرگیری، واتە: ناوەندێتی، مەرکزیەت، پاشان شکستی ئابووری و کێشەکانی بەهەدەردان و تاڵانی و گەندەڵی و دزی، لە سەروو هەمووشیانەوە دەستەوسانی و لاوازی کابینەی نوێ وادەکات گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئەم پرسە ـ ناناوەندێتی ـ بیر لە نوێکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنەی دەباشان بکەنەوە بۆ ئەوەی دۆخی  پەراوێزخستن و لاوازکردنی ئەم زۆنگە ڕاست بکەنەوە.

3ـ پارتی کارتی هەیمەنەی پەڕلەمانی ڕاکێشا و هێلکەکەی لەسەری پەڕلەمانتارە بوێر و ئازاو ئازادەکاندا شکاند، کە ئەوە مەترسییەکی هەمیشە چاوەڕوانکراو بووە هەر لە سەرەتای ڕێکەوتنی گۆڕان و پارتی، هاوڕێ ناڕازییەکانمان بەڕاشکاوی ئەو مەترسیەیان پێش چاومان خست، کە پێیان وابوو پارتی بەو هەیمەنە پەڕلەمانیە کە بەتەزویر و پشتیوانی یەکێتی بەدەستی هێناوە لە ئایندەدا یاری زۆر ناشیرن دەکات بە بوون و ئامادەگی کەمە نەته‌وایەتییەکان، ئەوانەی پارتی بوون لە سەریاندا تواوەتەوە و یەکی بە دەرزەنێک دەنگی بندیواری پارتی بوونەتە پەڕلەمانتار، گەرچی ئێمە ڕامان وابوو کە پارتی ئێستا و کابینەی نوێ زۆر جیاوازتر دەبێت لە پێشوتر و چیتر پۆلیسانە ڕفتار ناکات، بەڵام ئێستا بەڕوونی دیارە کە هیچ گۆڕانکاریەک لە عەقڵێتی حوکمداری ئەو حیزبە نەگۆڕاوە و هێشتر لە لوتکەی غروری و بێ باکیدایە و دۆخەکەی زۆر مەترسیدارتر کردوە، بۆیە پێویستە ڕێکەوتنی دەباشان سەرلەنوێ نوێبکرێتەوە.

4ـ گرنگە ئەو ڕێکەوتنە یەک لە پاساوە بنەڕەتیەکانی ئەوە بێت، کە چارەسەرێکی بەڵای کەمینەکان بە گشتی و بەتایبەتی دەستەی  سەرۆکایەتی ئێستای پەڕلەمان  بکات و لەو کەمینانەی بسێنێتەوە و ڕادەستی کەسانێکی بکات، کە پیشەییانە و بێ لایەنانە ڕفتار بکەن و سومعەی پەڕلەمان نەخەنە ژێر پرسیارەوە، هەروەها پۆستە سیادیەکانی تریش هەمووی پێداچونەوەی بۆ بکرێتەوە.

5ـ گەر پارتی نەهاتە ژێرباری داواکارییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان، ئەوا فیدراڵی پارێزگاکان ڕابگەیەنن و پەیڕەوی بکەن وەک ئەوەی بەڕێز کاک بەیار عومەر، پێشنیاری کردوە و شیکاریی بۆ کردوە، دەتوانین کەی باڵانسی هێز یەکسان بووەوە ئەوکات وەک هەرێمێکی بەهێز و هاوتا لەگەڵ هەولێر یەکبگرینەوە و ڕێک بکەوین. زۆر گرنگە سەرکردایەتی هەردوو حیزب و حیزبەکانی تریش بە وردی سەرنج لە پێشنیار و شیکارییەکانی کاک بەیار عومەر بگرن، دوو هەرێمی فیدراڵی هیچ تاوان و خیانەت نییە و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیڕەوی لێدەکەن بە پراکتیک و زۆریش ئەرێنی و بەرهەمدارە.

6ـ بەندە بێ هیوا بووم لەوەی پارتی مەبەستی بێت چاکسازیی بکات و وەڵامی ئەرێنی هەبێت بۆ پێش مەرجەکان و پاساوەکانی بەشداریی گۆڕان لە حوکومەتدا و قبوڵکردنی وەک شەریک، بۆیە پێم وایە ئاوا ڕێکەوتنێک بەو مەرجانەی سەرەوە دەتوانرێت پارتی ناچار بکات لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەدا، یان چاکسازی ڕاستەقینە، یان سەپاندنی فیدڕاڵی پارێزگاکان.

تێبینی: 

ـ گەرچی تا ئێستا سیاسەتی یەکێتی دووفاقی و ناڕوونە لە نێوان خانەوادەی تاڵەبانی کە یەکێکیان لە حوکومەتدایە و لێپرسراوی تیمی حوکومەتە و لای ئەو هیچ شتێک ڕووینەداوە و پەیوەندیەکانی زۆر ئاسایین و وەک خۆی دەڕوات، ئەوە کە پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسەتی حیزب و فراکسوێن و هاوسەرۆکە نوێکانی ئەم حیزبە و ئەگەری ئەوەی هەیە لە هەموو دەقیقەیەکدا یەکێتی لە نیوەی ڕێگادا گۆڕان جێ بهێڵێت و لەگەڵ پارتی شانی پێدا بکاتەوە، وەک ئەوەی دوای ڕێکەوتنی دەباشان کردیان و پەڕلەمانیان کارا کردەوە و، ١٨٠ پلە دژی گۆڕان وەستانەوە تا گەشتە تەزویرات و پەلاماردانی گردەکە و ....تا، بۆیە دەبێت گۆڕان زۆر بە حەزرەرەوە بێت و هیچ ڕێککەوتنێکیش نەکات لەگەڵ ئەو حیزبەدا تا دڵنیا دەبێتەوە لەو سیاسەتە دووفاقی و ناڕونیەی یەکێتی.

پێشەکی:
ئەوە تا ئێستا باسی نوێکردنەوەی ڕێکەوتنە ستراتیژییەکەی دەباشانە، نەک یەکگرتنەوە، بۆ ئەم بابەتەیان ـ یەکگرتن، یان یەکگرتنەوە! ـ کە هەرگیز لەگەڵ هیچیان نیم،یەکگرتن و یەکگرتنەوە دووشتی زۆر لەیەکتر جیاوازن، یەکگرتنەوە واتە گەڕانەوەی حیزبی جیابویەوە بۆ ناو حیزبی دایک، گۆڕان هیچ کات یەکێتی بە حیزبی دایک نازانێت و باوەڕیشی بەشتی وانیە و دڵنیام لەسەر بنەمای ئەو تێگەشتنەش هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکێتیدا ناکات، گەر باسەکەش یەکگرتەنە ئەوە هەر ناکرێت بەڕای بەندە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

1ـ یەکێتی حیزبێکە لەگەڵ هەموو سەروەرییەکانیدا، بەڵام شەریکە تاوانی شکستی حوکمڕانی ٢٩ ساڵە و کوشتنی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان و خۆپێشاندەران و تاڵانی و 16ی ئۆكتۆبه‌رو و قاچاخچێتی نایاسایی سەر سنوورەکان و گەندەڵییە کارگێڕیەکانی لە ئەستۆی ئەویشدایە و ٥٠×٥٠ شەریکە لەگەڵ پارتی و ناکرێت گۆڕان خۆی بکاتە شەریکی هەموو ئەو تاوان و خراپەکارییانە.

2ـ یەکێتی ئامادە نییە یەکگرتن بکات، بەڵکو لەخۆدا توانەوە دەکات، یان باسی یەکگرتنەوە دەکات نەک یەکگرتن، واتە بوون بە یەکێتی، ئەمەش واتای توانەوەی گۆڕانە لە یەکێتی دا، ئاوا کارێک و ئاوا بڕیارێک هەرگیز جێگەی قبوڵ نیە، چونکە مەرج نییە ئەوەی ئێستا گۆڕانە کۆن یەکێتی بوبێت و یەکێتیبوونی قبوڵ بێت. جا گەر یەکێتیبوونی قبوڵە ئێستا چی ڕێگرە لەبەردەم یەکێتی بونیدا؟ یان گۆڕان چی هەیە وا تێیدا ماوەتەوە؟.

3ـ یەکێتی حیزێکی ئایدۆلۆژی و عەلمانییە، بەڵام گۆڕان نەخێر، نە ئایدۆلۆژییە و نە عەلمانیشە بۆیە لەم دوو شوناسە فکرییە جیاوەزدا ئیشکالیەت و گرفت و لەمپەر زۆرن، هەزاران هەڵسوڕاوی موتەدەین و دیندار هەن کە گۆڕانیان قبوڵە، بەڵام یەکێتیان قبوڵ نییە و پێیان ڕەوا نییە لە ڕووی شەرعییەوە کار لە ناو ئاوا حیزبێکی ئایدۆلۆژی وعەلمانیدا بکەن وەک چۆن عەلمانییەکانی ناو گۆڕانیش هەمان ڕایان هەیە بەرانبەر یەکگرتن لەگەڵ حیزبێکی ئیسلامیدا و حەقی خۆشیانە، چونکە ئێمە لەسەر ئەم بەڵێن و پرەنسیپانە ڕێکەوتوین و کۆبوینەتەوە، ئەوەش لە هێڵی پانی بزوتنەوەکە و بنەما نەگۆڕەکانیەتی کە ڕەوانشاد دایڕشتووە لەسەر ئەو بنەمایە کردوینی بە برا و هاوڕێ و هاوسەنگەری یەکتر، کە ئامانجمان ئاشتکردنەوەی سیاسەت و بەها باڵاکانە، سیستەمی حوکمڕانی و بەهاکا باڵاکانە، سیستەمی کارگێڕی و بەها باڵاکانە، گەڕانەوەی متمانەیە بۆ نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک و....تاد،
بەڵام لە هەموو دۆخێکدا ڕێکەوتن گونجاوە گەر متمانە هەبێت و بەرژەندییە نیشتمانی و مرۆییەکان ئامانجی بنەڕەتی بن تێیدا، دەشتوانرێت بەشداریی هەڵبژاردنەکان پێکەوە بکەن و هەردوولاش پارێزگاریی لە دەستکەوت و تایبەتمەندییەکانی خۆیان بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن