30 کوردستان

بەر لە جەژن مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکرێت

01:02 - 23/05/2026

زەمەن_هەواڵ

 

بڕیارە بەر لە هاتنی جەژنی قوربان، مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، ئەمەش دوای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.

 ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی کوردستان ٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، وەک هەمیشە جەختی لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا پرسی مووچەی وەک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو کە پێویستە لە کاتی خۆیدا و دوور لە ململانێ سیاسییەکان بنێردرێت.

سەرچاوەیەک لەو بارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، "وەک نیشاندانی نیازپاکی لە بەرامبەر سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا، حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوودا و بەر لە جەژن، بودجەی پێویست بۆ مووچەی مانگی پێنجی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات."

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە ئامادەکارییەکان کردەوە و رایگەیاند، "هەر کاتێک پارەکە لە بەغداوە گەیشت، دەستبەجێ خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکەینەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە مووچەخۆران بەر لە هاتنی جەژن مووچەکانیان وەربگرن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن