قوربانیکردن لە ماڵ و سەرشەقام قەدەغەیە
04:22 - 21/05/2026
زەمەن_هەواڵ
شارەوانی سڵیمانی بڵاویکردەوە، ئەنجامدانی قوربانی لەسەر شەقام، ناو گەڕەک و ماڵەکان بەتەواوی قەدەغەیە و پێویستە تەنها لە کوشتارگەکاندا بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢١ی ئایاری ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەنجامدانی قوربانی لەسەر شەقام، ناو گەڕەک و ماڵەکان بەتەواوی قەدەغەیە و پێویستە تەنها لە کوشتارگەکاندا بکرێت، هاوکات هۆشداریش دەدات کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوە شکردووە، کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵیش تەنها لە مەیدانە دیاریکراوەکان ڕێگەپێدراوە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و مامۆستایانی ئاینی دەکات بەشداریی هەڵمەتێکی هۆشیاری بکەن بۆ هاندانی خێرەومەندان، تاوەکو پابەندی ڕێنماییەکانی شارەوانی، قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری بن بۆ ئامادەکردنی قوربانییەکانیان لە ناو کوشتارگەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پێویستە هاوڵاتییان خاوێنیی شۆستە و شەقامەکان بپارێزن، چونکە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی شوێنە ڕێگەپێدراوەکان دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، شێواندنی ژینگە و پیسکردنی شوێنە گشتییەکان.
جەختیشیکردووەتەوە، تیمەکانی بەشی خزمەتگوزاری و زیادەڕەویی بە هاوکاریی لیژنە هاوبەشەکان، لە ڕۆژانی جەژندا لە ئەرکدا دەبن بۆ چاودێریکردن و پاراستنی خاوێنی و تەندروستیی گشتی.