10 کوردستان

عومرەکاران بەرێگەی وشکانی دەگەڕێندرێنەوە

10:32 - 28/02/2026


وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی مەدینەی منەوەرە و هەولێر و بەغدا، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی عومرەکارانی هەرێم لە رێگەی وشکانییەوە دەستپێکردووە.

 کاروانی ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی دەنگیدا دەڵێت "دوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان عێراق و سعودییە، دەستبەجێ هەماهەنگی کراوە بۆ ئەوەی ئەو عومرەکارانەی گەشتەکانیان پەکیکەوتووە، بە پاس بگەڕێنرێنەوە".

وتیشی "لە ئێستادا کاروانێکی عومرەکاران کە لە 200 کەس پێکهاتوون و لە شاری مەدینە مابوونەوە، بەڕێکەوتوون و بڕیارە پاش چەند کاتژمێرێکی دیکە بگەنە دەروازەی سنووری (عەرعەر) و لەوێوە بەرەو خاکی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە".

کاروانی ستوونی دڵنیایی دایە کەسوکاری عومرەکاران کە سەرجەمیان سەلامەتن و جەختی کردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی فڕۆکەخانەکان بە رووی گەشتەکاندا دەکرێنەوە، پڕۆسەی گواستنەوەی عومرەکاران بەرێگەی وشکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هیچ گرفت و ئاستەنگێکیان بۆ دروست نەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن