مەسرور بارزانی لیژنەیەکی بۆ پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی مریشک پێکهێنا
11:16 - 27/02/2026
زهمهن - ههواڵ
سەرۆکی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاوردەکردنی جۆرە
دەرمانێکی تایبەت بە پەلەوەر دەکەن، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی دەرکرد.
هەروەها مەسرور بارزانی جەختی کردووەتەوە، کە حکوومەتی هەرێم پاڵپشتیی تەواو لە بەروبووم
و بەرهەمی ناوخۆیی دەکات.
ئەمڕۆ هەینی،
بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەتمەند،
بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆ و مشتومڕانەی لە بارەی ئەگەری هاوردەکردنی جۆرێک
دەرمانی تایبەت بە پەلەوەر بۆ ناو هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی
پەلەوەر، پێکهێنرا.
بە پێی بڕیارەکە،
ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و دەستبەجێ سەبارەت
بە ڕاستی و دروستیی ئەم بابەتە، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هاووڵاتییان
و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی (خۆماڵی). لیژنەکە راسپێردراوە کە بە زووترین کات دەستبەکار
بێت و ئەنجامەکان بخاتە روو.
لە چوارچێوەی
بڕیارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە ستراتیژی حکومەتی هەرێم کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی
تەواوەتیی بەروبووم و بەرهەمی ناوخۆیی. هاوکات مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە
پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ئاسایشی ئابووریی هەرێم، ئەرکی لەپێشینەی کابینەکەیەتی.
هەروەها هۆشداریی
دراوە، کە حکومەت بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ سەرپێچییەک ناکات، کە ببێتە مایەی
مەترسی بۆ سەر کەرتی بەرهەمهێنان یان تەندروستیی هاووڵاتییان و رێکاری یاسایی توند
بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.