29وتار

پێشمەرگە؛ لە ژێر سێبەری حیزبەوە بۆ متمانەی پەرلەمان

2/27/2026 11:04:00 PM
ئیسلام چالی


بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە سوپایەکی نیشتمانی و لە دەستوەردانی حیزبی ڕزگار بێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی، ئەرکی یەکگرتن، ڕێکخستنەوە و چاودێری ئەم هێزانە لە ئەستۆ بگرێت و متمانەی یاسایییان پێ ببەخشێت، بۆ ئەوەی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتوو، نە هێزێکی دووحیزبی و دابەشکراو.

ڕاستە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین لیوا و فیرقە دروست کراون و خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها یەکەکانی (70 و 80) هەڵوەشێنراونەتەوە و گۆڕدراون بۆ (فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2)، بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییانە، هێزەکانی پێشمەرگە هێشتا لە ژێر کاریگەریی حیزبی دان. دەتوانین بڵێین ئەم گواستنەوەیە زیاتر شەرعیەتدان بووە بە هێزە حیزبییەکان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، نە یەکگرتنێکی ڕاستەقینە.

تا ئێستا لە زۆربەی فەوج، لیوا، فیرقە، یەکە و فەرمانگەکانی وەزارەتدا، نوێنەرانی حیزبی (پارتی و یەکێتی) بوونیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری حیزبی و بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتی حزبی بۆ سەرووی خۆیان.

لە ئێستادا، فەرماندە باڵاکان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستنیشان دەکرێن، و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە تەنها بڕیاری فەرمییان بۆ دەردەکات. ئەم دابەشکارییە وایکردووە وەزیری پێشمەرگە کە پشکی یەکێتییە، دەسەڵاتی بەسەر هێزەکانی پارتیدا نەبێت، و سەرۆکی ئەرکانیش کە پشکی پارتییە، دەسەڵاتی بەسەر هێزەکانی یەکێتیدا نەبێت. ئەمە پێمان دەڵێت یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە تەنیا ڕواڵەتییە (شکلییە)، و لە پشت پەردەوە ھێشتا حیزب بڕیاردەرە.

* بۆ چارەسەری بنەڕەتی، پێویستە ئەم هەنگاوانە بگیرێنە بەر:

• متمانەی پەرلەمانی: پێویستە پلە باڵاکانی هێزەکانی پێشمەرگە (سەرۆکی ئەرکان و جێگرەکانی، ئەمینداری گشتی، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، فەرماندەی دەڤەری یەک و دوو، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دوو، و فەرماندەی فیرقەکان) دوای پێشنیارکردنیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتەوە، لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێ بدرێت.
• بێلایەنکردنی فەرماندەکان: کاندیدەکان پێویستە پێش وەرگرتنی پۆستەکە و متمانەپێکردنیان، دەستلەکارکێشانەوەی فەرمی خۆیان لە حیزب ڕابگەیەنن وپێویستە خاوەن بڕوانامەی باڵای سەربازی و ئەزموونی مەیدانی بن. 
• کێبڕکێی پیشەیی: بۆ هەر پۆستێک، دوو یان سێ کەس پێشنیار بکرێن و پەرلەمان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شایستەیی، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
• یاسای قەدەغەکردنی کاری حیزبی: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت کە هەر جۆرە چالاکییەکی حزبی و سیاسی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا قەدەغە بکات و سزای یاسایی و توند بۆ سەرپێچیکاران دیاری بکات.

کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمان لەم خولەدا کۆتایی بە بێدەنگیی ٣٠ ساڵەی ڕابردوو بهێنێت و ببێتە چەتری یاسایی بۆ دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی، پیشەیی و دوور لە دەستوەردانی حزبی؛ سوپایەک کە تەنها پابەندی یاسا و پارێزەری خاکی کوردستان بێت، نەک بەرژەوەندیی هێزە سیاسییەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن