7وتار

قسەیەکی دارایی و شەرعی لەبارەی پێنج مووچەی بانکەوە بۆ مووچەخۆران

2/26/2026 9:21:00 PM
هاوکار عزەت میکە

ماوەی چەند رۆژێکە قسەو باسی ئەوە هەیە کە یەکێک لە بانکە ئەهلیەکانی کوردستان پێنج مووچە وەک پێشینە خەرجدەکات بۆ ئەو موچەخۆرانەی کە لە بانکەکە و لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە موچەکانیان وەردەگرن.

ئەم بابەتە دوو دیوی جیاوازی هەیە چونکە بانکەکە پارەکە بە کاش ناداتە موچەخۆران و بە جۆرێک مامەڵە دەیانداتێ کە خۆی ناوی لێناوە "مورابەحەی ئیسلامی".

بەو پێیەی پسپۆڕییەکەی بەندە دارایی و ژمێریاریی بانکە و ماوەی ١٧ ساڵە لەبواری دارایی و بانک کاردەکەم و  دەکرێت تاڕادەیەک ڕێگە بەخۆم بدەم لە دوو ڕوەوە قسەی لەبارەوە بکەم:
- لەڕوی داراییەوە بەو پێیەی کە پێنج مووچەکە بەکاش نادرێتە مووچەخۆران و بە کڕینی کاڵا و پێویستیەکان ( کە هەندێک کات نا پێویستین و بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکە دەکڕدرێن) وا دەکات مووچەخۆر ڕاستەوخۆ زیانێکی گەورەی دارایی بکات،و ئەو پارەیەی کە پێویستی پێیەتی دەستی نەکەوێت و لە کڕین و فرۆشتنەوەی کاڵاکە و قازانجی دیاریکراوی یەکەمجاری کاڵاکە لای بازرگانەکەوە وا دەکات بڕێکی زۆری ئەو پارەیەی دەبێتە ماڵ بەسەر مووچەخۆرەکەوە بفەوتێت و ئەو پارەیەی دێتە دەستی بڕێکی کەمتر بێت لەو بڕەی کە لە پێنج مووچەکەیەوە بەتەمایە وەریبگرێت، بە دڵنیاییەوە لەسەدا ٢٠ی کۆی مامەڵەکە دەبێتە زیان بۆ وموچەخۆرەکە، واتە لەبری پێچ مووچە سود لە چوار موچەی وەردەگرێت کە ئەەمش زیانێکی گەورەی دارایی دەبێت بۆی.

- لەڕووی شەرعییەوە، بەو پێیەی کۆمەڵگەی کوردیی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی و موحافزکارە بۆ مامەڵە شەرعی و ناشەرعییەکان، منیش بە حوکمی کارەکەم و لەماوەی ئەم ١٧ ساڵەدا یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرم لەسەر خوێندۆتەوە و ژمارەیەک پسپۆڕی شەرعیی باڵا و گەورە شارەزای بوارەکەم دواندوە و ژمارەیەکی زۆر کتێبی تایبەت بە مامەڵە داراییە ئیسلامیەکان هەن، ئەو جۆرە مامەڵەیەی کە بەڕێوەبەرانی بانکەکە لە ژێر ناوی (مورابەحەی ئیسلامی) دا ناویان لێناوە، لەهێر ئەو ناوەدا خۆی نابێنێتەوە و لە چوارچێوەی مامەڵەی ئیسلامیدا جێگەی نابێتەوە.( ڕەنگە خودی مامەڵەکە دروست و بێ کێشە بێت بەو پێیەی دەڵێن لیژنەی شەرعیمان ڕەزامەندی لێی داوە، بەڵام بەرێوەبەرانی بانکەکە ناتوانن بە جوانی بابەتەکە ڕون بکەنەوە بۆیە ئەو ئاڵۆزییە لە مامەڵەکە دروستبوە، ئێمە قسەمان لەسەر ئەوەیە کە لە زاری بەرێوەبەرانی بانکەکەوە بیستومانە).

مامەڵەی ئیسلامی لە بواری پارە و کڕین و فرۆشتندا بە تایبەت لە بابەتە بانکیەکان و خزمەتگوزارییە بانکیەکاندا، بابەتێکی ورد و هەستیارە و ناکرێت هەمووکەس قسەی لەبارەوە بکات و فەتوای لێ بدات بڵێت (حەرام یان حەڵاڵ)ە، چونکە شێوازەکانی کڕین و فرۆشتن و پارەدان و مامەڵە و عمولە و قازانجی بانکی بابەتگەلێکی ورد و هەستیار و زۆرن و تەنها بە یەک (پێ خزان) و دەربڕینی دەستەواژەیەک یان جێکردنەوەی یەک مەرجی بچوک سروشتی مامەڵەکە دەگۆڕێت لە هەر یەکێک لە حاڵەتەکانەوە بۆ ئەوی تر.

بۆیە پێشنیازم بۆ ئەو دۆست و هاورێیانە ئەوەیە کە بەتەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بانکەکە بکەن و سودمەند بن لەو خزمەتگوزارییە، پەلە نەکەن تا بە تەواوی بابەتی خودی مامەڵەکە و سروشتی کارەکە و چۆنێتی کڕین و فرۆشتنەکە ڕون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە زیانی گەورەی داراییەوە و ئەوانەشیان کە بە تەنگ بابەتە شەرعیەکانەوەن بە دوو دڵی و گومانەوە نەچنە مامەڵەیەکەوە تا لێی دڵنیا نەبن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن