لە هەرێمی کوردستان خانمێک بووە سەرۆک
03:23 - 24/02/2026
زەمەن_هەواڵ
بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان ژنێک وەک سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەکاردەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ پاڵپشتیکردنی پێگەی ئافرەتان لە کایەی سەربازی و ئەمنیدا، پۆستی سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو، بە ئەفسەرێکی ئافرەت سپارد.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێشوازی لە عەمیدی مافپەروەر چرا ئەحمەد لەتیف کرد؛ لە دیدارەکەدا عەمید چرا بە فەرمی وەک سەرۆکی دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ/ دوو بە وەکالەت دەستبەکار بوو.
وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی گەرمی ئاڕاستەی عەمید چرا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە راپەڕاندنی ئەو ئەرکە هەستیارەدا بۆ خواست.
بەپێی پەیڕەو و یاساکانی وەزارەتی ناوخۆ، دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ تایبەتمەندە بە دادگاییکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە سەرپێچی و تاوانە سەربازییەکانی کارمەندان و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.