مژدەیەك لە سەرۆكی شارەوانی سلێمانیەوە بۆ فەرمانبەران و خاوەن زەویە بێتاپۆكان
03:00 - 21/02/2026
زەمەن_هەواڵ
سەرۆکى شارەوانى سلێمانى رایگەیاند: خۆمان بۆ قۆناغى چوارەمى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە دەکەین و هەوڵدەدرێت لە کۆتایى ئەمساڵیشدا پڕۆسەى تاپۆکردنى موڵکە زیادەڕەوەکان تەواو بکرێن.
ئەمڕۆ شەممە، ٢١ی سوباتی ٢٠٢٦، لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە ئێستادا کارەکان بۆ تاپۆکردنى خانووە زیادەڕەوەکان بەردەوامە و لیژنە لاوەکییەکان لەگەڵ لیژنە ناوەندییەکانى پارێزگاى سلێمانى لە هەوڵدان کە تەواوى بکەن و نزیکبوەتەوە لە کۆتایى پرۆسەکە، کە زیاتر لە هەشت هەزار موڵکى زیادەڕەو بەرەو تاپۆکردن چووە و ئەوەى ماوەتەوە ئێستا کارى لەسەر دەکەن، هاوکات هەوڵدەدرێت لە کۆتایى ئەمساڵدا تەواو بکرێت.
ئەوەشى خستەڕوو، کارەکان لە لایەن لیژنەکانەوە بە مەبەستى هەڵبژاردنى پێگە بەردەوامە، بۆ ئەوەى دواتر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت و کاردەکەن لەسەر ئەو پێگانەى کە پێشتر بە ژمارەى هەوایى دابەشمان کردون.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا لە قۆناغى یەکەم، دووەم و سێیەم 21 هەزار، پارچە زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و ئێستاش خۆمان بۆ قۆناغى چوارەم ئامادە دەکەین.
روونیشى کردەوە، ئێستا کارەکان رووبەڕووى لیژنەیەک کراوەتەوە لە لایەن ئەنجومەنى شارەوانى و لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو قۆناغەکانى پێشتر، دراسەى شوێنى نیشتەجێ بوون دەکەن و هەفتەى رابردوو راپۆرتى خۆیان تەسلیمى ئەنجومەنى شارەوانى کرد و بەم نزیکانەش کارەکان باشتر و خێراتر دەبن.