43 کوردستان

ئەو چێشتخانەیەی داخرا كە لە ناو بانوێدا زەڵاتەی دروستكردبوو

02:45 - 26/02/2026

زەمەن_هەواڵ

 

لیژنەکانی چاودێریی تەندروستی کەرکووک، دوو چێشتخانە و شیرنەمەنییەکیان داخست و دووانی دیکەشیان سزادا و یەکێک لە چێشتخانەکان بانیۆی حەمامی بۆ شوشتنی خواردن و ئامادەکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە. 

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٦، دکتۆر عەلی جەمیل، بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی کەرکووک، ڕایگەیاند: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لیژنەکانمان هەڵمەتێکیان بۆ بەسەرکردنەوەی چێشتخانە، شیرنەمەنی و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە، ئامانجیش لەم هەڵمەتە چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونیانە بە رێکارە تەندروستییەکان."

لەبارەی سەیرترین ئەو سەرپێچییانەی لە کاتی بەسەرکردنەوەکانیاندا بەرچاوکەوتوون، دکتۆر عەلی جەمیل وتی: "ئەوەی زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو، لە یەکێک لە چێشتخانەکاندا بینیمان کە بانیۆی حەمامیان بۆ شوشتنەوەی خواردنەکان و دروستکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە، ئەمەش کارێکە نە لەڕووی تەندروستی و نە لەڕووی عورفییەوە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە."

بەهۆی ئەو سەرپێچییە و چەند کەموکوڕییەکی دیکەوە، ئەو چێشتخانەیە بە ٢٥٠ هەزار دینار سزادراوە.

بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستیی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو، جیا لەو حاڵەتە، چێشتخانەیەکی دیکەش بە هەمان بڕە پارە سزادراوە؛ هەروەها شیرنەمەنییەک و چێشتخانەیەکی دیکەش بەهۆی زۆریی سەرپێچییەکانیانەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە.

تەندروستیی کەرکووک روونیشی کردووەتەوە، ئەو سزایانە وەک هۆشداریی یەکەم بەسەر ئەو شوێنانەدا سەپێندراون. بڕیاریشە دوای ماوەیەک لیژنەکان سەردانی هەمان ئەو شوێنانە بکەنەوە و ئەگەر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، رووبەڕووی سزای تووندتر دەبنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن