27 کوردستان

رێگای مەرگ، گۆڕا بە رێگای ئاسودەیی

02:56 - 24/02/2026

زەمەن - هەواڵ

 

رێگەی کۆنی گۆمەسپان بەهۆی تەسکيیەکەیەوە كە تەنیا ٦ مەتر بوو و هەروەها بوونی زۆری پێچی مەترسیدار، ساڵانە دەبووە هۆی رووداوی دڵتەزێن و گرفتی زۆری بۆ شۆفێران دروست دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ رێگەكە لە رێگای مەرگەوە گۆڕا بۆ رێگای ئاسودەیی.

 

 ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە، پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدی (هەولێر – گۆمەسپان) كرایەوە.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە بە میدیاكانی راگەیاند كە  ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکان دادەنرێت و بە کواڵێتییەکی بەرز و لە ماوەیەکی پێوانەییدا بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دروست کراوە و پایتەختی هەرێم بە پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی راپەڕین و ناوچەکانی دیکەوە دەبەستێتەوە."

دانا عەبدولکەریم وتیشی، حكومەت و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە کار دەکات بۆ ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا سەرجەم رێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێنە دووساید.

دانا عەبدولکەریم تیشکی خستە سەر پلانی وەزارەتەکەی بۆ داهاتوو و رایگەیاند: "وەک وەزارەت پلانمان هەیە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا هەموو رێگا سەرەکییەکانی نێوان پارێزگاکان بکرێنە دووساید. لە ئێستاشدا کارکردن لە رێگاکانی (دووکان - چوارقوڕنە و هەولێر - کۆیە) بە شێوەیەکی زۆر باش بەردەوامە."

سەبارەت بە پڕۆژەکانی دیکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئەوەی خستەروو، رێگای کۆیە - دووکان دیزاینەکەی تەواو بووە و لە قۆناغی ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی ڕادەستی بەڵێندەر بکرێت. هەروەها بۆ بەستنەوەی هەولێر بە چوارقوڕنە، دوو بژاردە لەبەردەستن؛ یەکیان لە رێگەی تونێلی هەیبەت سوڵتان و ئەوی دیکەیان لە رێگەی گۆمەسپان بۆ سماقوڵی و هەڵەبجە و پێنجوێن: رێگای سەیدسادق - هەڵەبجە تەواو بووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا کارکردن لە دووسایدی سەیدسادق - پێنجوێن دەست پێ دەکات.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و وەزیرەكەی، جیاواز لە هەشت كابینەكانی رابردوو، زۆرترین خزمەتگوزاری رێگاوبانی پێشكەش بە لادێ و ناحیەو قەزاو رێگای دوو سایدی نێوان شارەكان كردووە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن