بەرێوەبەرایەتی كارەبای ڕاپەڕین: ناکرێ بڵێین هیچ کات هەڵە لە پسوڵەدا ڕوونادات
05:03 - 12/02/2026
زەمەن_هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ڕاپەرین ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بڵاوکردەوە ڕایگەیاند: هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی کارەبا (لەناو پڕۆژەی ڕووناکی) نەکراوە، ئەو نرخەی بۆ پڕۆژەی ڕووناکی دانراوە، نرخێکی جێگرەوە و بەپێی یاسا و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە.
دەقی ڕوونکردنەوەکە
ڕوونکردنەوەیەک لە کارەبای ڕاپەڕینەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای ڕاپەڕین، هاوبەشانی کارەبا لە ناو سەنتەری قەزای ڕانیە ئاگادار دەکاتەوە:
١- هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی کارەبا (لەناو پڕۆژەی ڕووناکی) نەکراوە، ئەو نرخەی بۆ پڕۆژەی ڕووناکی دانراوە، نرخێکی جێگرەوە و بەپێی یاسا و لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە و لە وەقائیعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکیش بکرێت، پێویستیی بە یاسای تایبەت و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دەبێت.
٢- ئەو پارەیەی کە بۆ هاوبەشان هاتۆتەوە کەوتۆتە سەر بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوبەشانی بەڕێزەوە، بۆیە پێویستە هاوبەشی بەڕێز ئاگاداری چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا بێت.
٣- ناکرێ بڵێین هیچ کات هەڵە ڕوونادات، بەڵام ئەم سێستەمە سێستەمێکی ئەلیکترۆنیە و لە پێوەری زیرەکەوە ڕاستەوخۆ داتاکان دەنێردرێن و ئۆتۆماتیکی ڕۆژانە داتاکان دیاری دەکرێن. بۆیە هەر کەسێک گومانی لەو پارەیە هەبێت کە بۆی هاتۆتەوە، دەتوانی سەردانی بەڕیوەبەرایەتی گشتی کارەبا لە بەشی کاروباری وزە بکات بۆ تێگەیاندن و پێداچونەوەی پسولەکەی.