18 کوردستان

مه‌سعود بارزانی هۆشداریده‌داته‌ لایه‌نه‌كان؛ ئێستا هه‌لومه‌رجه‌كه‌ جیاوازه‌ له‌پێش هه‌ڵبژاردن

11:55 - 18/11/2025

زەمەن – هەواڵەكان

 

 ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2025، شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) لە دهۆک دەستی پێکرد.

بارزانی لە وتارەکەیدا لە مێپس 2025، وتی: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیودارین لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆڕبەندە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنێت، کە ئەم کۆڕبەندەی بۆ دەبەسترێت.  گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی زۆر و مەترسیدار هەیە، ئومێدەوارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێ ڕووداو، گۆڕانکاریی و مێژوو دروست دەکەن.

دەقی وتاری  بارزانی لە مێپس 2025

ئاشکرایە ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دەبەسترێت، ئاڵۆزی لە هەموو دنیادا زۆرن، بەڵام بەتایبەت لە ناوچەی ئێمە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزییەکی یەکجار زۆر و مەترسیدار هەیە. ئومێد دەکەین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببنە یارمەتیدەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ ئەو ئاڵۆزییانە.

هەندێک ڕووداو و گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکەن، یان مێژوو دروست دەکەن، هەروەک بابەتی جەنگی یەکەمی جیهانیی و ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکی گەورەیان لەم ناوچەیەدا دروستکرد. ئەو پەیڕەوەی کە بەپێی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ هاتە دانان، بەداخەوە،  ئاشتی و ئارامیی بۆ ناوچەکە نەهێنا. کێشە و گرفتی گەورەی دروست کرد و تا ئەمڕۆش هەموو گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست ئازارەکانی ئەو ڕێککەوتنەوە دەناڵێنن. لەوەیە کە گەلانی ناوچەکە زۆر بە جددی بیر لەوە بکەنەوە کەموکوڕییەکە لە کوێیە، ئەو کەموکوڕییە بێنن چارەی بکەن. هیچ گونجاو نییە ئێمە پێکەوە بژین و ڕێک نەبین و کێشە لە نێوانماندا هەبن. ئەگەر ئێمە کەموکوڕییەکەمان دەستنیشان کرد، چارەسەر زۆر ئاسان دەبێت، بەو مەرجەی نیەت و ئیرادە هەبێت. زۆر ئاسانە هەڵە بکرێت، بەس تاوانە بەردەوام بین لەسەر هەڵە.

خۆسەپاندن و دەست بەسەرداگرتنی هەموو بوارەکان، سەرکەوتوو نەبووە، نە لە عێراق، نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەموو لایەکیشمان زیانلێکەوتوو بووین. دەبوو ژیانێکی خۆش و بەختەوەر بەسەر بەرین. ئەو گرفت و کێشانەی کە ئێمە لەگەڵ یەکتر دروستمان کردوون، مافی ئەوەمان نییە ئەو کێشانە بۆ نەوەکانی پاشەڕۆژ جێبهێڵین.

وڵاتی عێراق دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا. پاش شۆڕشی 14ـی تەممووزی ساڵی 1958، بڕگەیەک نووسرایەوە کە دەیگوت "عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا". ئەمە هێزێکی دایە هەموو عێراق و کەش و هەوایەکی وای لە عێراق و کوردستان دروست کرد کە ڕۆژانی زۆر خۆش بوون.

 لە 11ـی ئاداری 1970 ڕێککەوتنێک کرا لە نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و حکوومەتی عێراقیی ئەو سەردەمە. ماوەیەک بەردەوام بوو و دواتر سەرینەگرت. دەرەنجامی ئەو سەرنەگرتنەمان بینی؛ کیمیاباران بوو، ئەنفال بوو، وێرانکردنی گوندەکان بوو. هیچ کاتێک سەرکردایەتیی شۆڕش یەک دەرفەتیشی لەدەست نەدا بۆ چارەسەری ئاشتیانە. ساڵی 1963، بیر لەوە بکەنەوە کێ فەرمانڕەوای بەغدا بوو. هەر دەرفەتێکی ئاشتی هەبووبێت، ئێمە پێشوازییمان لێکردووە. ساڵی 1963، 64، 66، 70، تا 91. ئێمە سەلماندمان کە کورد ئاشتیخوازە و ئەو شتانەی بەسەرمان هاتووە لەبیرمان نەکردووە بەڵام تۆڵەمان نەسەندۆتەوە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین، برایەتیی نێوان ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، زۆر بەهێزتر و گرنگترە لەو ناکۆکی و تاوانانەی کە لەلایەن حکوومەتەکان کراون. ناکۆکی لەگەڵ حکوومەت شتێکە و برایەتی و دۆستایەتی و تەبایی نێوان گەلان شتێکی دیکەیە.

دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتە پێش، پاش ڕووخانی ڕژێمی ساڵی 2003. لەسەر سێ بنەما هەنگاوەکانمان هاوێشتن: لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. و لە ساڵی 2005 دەستووری بنەڕەتی بۆ عێراق دانرا. ئەو کاتەش ئێمە دەمانزانی کەموکوڕی تێدایە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ دەستووری پێشوو، لەگەڵ دەستووری دەوروبەری خۆشمان، دەستوورێکی زۆر پێشکەوتووە، یاسایەکە لایەنە ئەرێنییەکانی زۆر زیاترن لە لایەنە نەرێنییەکانی. و دەستوورەکە ڕێگەی خۆشی دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەگەر کەموکوڕی هەبن، چارەسەر بکرێن. ئەو ڕۆژەی کە یاسا بنەڕەتییەکە تەواو بوو، من گەڕامەوە بۆ هەولێر و گوتم کە ئەم یاسا بنەڕەتییە وانییە هەموو شتێکی کە ئێمە دەمانەوێت تێیدابێت، بەڵام دەستوورەکە کە زۆر شتی تێدایە و پێویستە ئێمە شانازیی پێوە بکەین. دەستوور عێراقی گەیاندە قۆناغێکی نوێ. پەیوەندییەکانینێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ڕێکخستەوە. بەندی دەستوور هەن کە ئێستا و بۆ داهاتووش ئێمە پشتیوانی لەو یاسا بنەڕەتییە دەکەین.

ڕاستییەکەی دەبێت ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین، ئەم هەموو کێشانە، ئایا هەڵەی کوردە یان هەڵەی حکوومەتە. من هیچ لایەنێک بێبەری ناکەم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو لایەی دەسەڵاتدارە و توانای هەیە و هێزی هەیە، زیاتر هەڵەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو. ئێمە هەموومان ئازارێکی زۆرمان کێشاوە، خوێنێکی زۆر ڕژاوە. ئەو دەرفەتەی لە 2003 هاتە پێش، هێشتا ئەو دەرفەتە ماوە، نابێت لەدەستی بدەین.

دەستوورمان هەیە، ئێمە پابەندین پێیەوە. و ئەو دەستوورە ڕێنیشاندەرە بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک هاتە پێش، چۆن چارەسەر بکرێت. ئێمە هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر کرا، ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ڕێچکەی دروست و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بگەڕێتەوە بۆ ڕێچکەی ڕاست و دروستی خۆی، بۆ ئەوەی چیتر کێشە لە نێوانماندا نەمێنێت.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، خۆشحاڵی خۆم دەرببڕم بۆ پرۆسەی ئاشتی کە لە تورکیا دەستی پێکردووە. ئێمە پشتیوانییەکی گەرممان لێکردووە و پشتیوانیشی لێ دەکەین و هیوادارین بگاتە ئەو ئامانجەی کە خێری هەموو لایەکی تێدا بێت. هەروەها دەرفەتێکی زێڕینیش بۆ سووریا هاتۆتە پێش. هیوادارین هەموو پێکهاتەکان، کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، بگەنە ڕێککەوتنێک لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ حکوومەتی ئێستا، بە شێوەیەکی ئاشتیانە، بە شێوەیەکی دیموکراتیانە، ئەو کێشانەی کە هەن چارەسەری بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەموو پێکەوە بە خۆشی بژین.

لە 11ـی 11ـ هەڵبژاردنێکی گرنگ لە عێراق کرا. من لێرە بە پێویستم زانی پیرۆزبایی لە هەموو گەلی عێراق بکەم، بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەرکەوتووە. لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر سەرکەوتوو بوو، زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەوانەی پێشوو. تەنانەت بۆ ئاگاداریتان، هەڵبژاردنەکانی پێشوو، من چوومە دواین دەرفەت کە درابوو بە من بۆ ئەوەی دەنگ بدەم یان نا، چونکە سیستەمی دەنگدانەکە زۆر ئاڵۆزبوو، بەڵام ئەمجارە لە یەکەم کەس بووم کە چووم دەنگم دا. ئەمجارە بە یەک خولەک هەموو شتێک تەواو بوو. لە ڕووی تەکنیکییەوە زۆر ڕێک و پێک بوو، و سوپاس بۆ خودا من نەمدی، نە لە باشوور، نە لە هیچ شوێنێک، هیچ کێشەیەک ڕووی نەدا کە ئەو کەش و هەوا خۆشە ناخۆش بکات. ئەمە جێگای دەستخۆشییە، هەم بۆ حکوومەتی فیدراڵی، هەم بۆ گەلی عێراق، هەم بۆ حکومەتی هەرێم، و پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم.

زۆر پێویستم زانی کە ئەمە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی هەنگاوی جددی لە دوای ئەم هەڵبژاردنانە بهاوێژرێن.

یەکەم: هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان. بە بڕوای من ئەم یاسایەی هەڵبژاردنی پێ کرا، یاسایەکی نادادپەروەرانە بوو و زیانی زۆری تێدابوو، و مافی زۆر خەڵکی شایستە خوراوە و خەڵکێکی ناشایستە مافی وەرگرتووە. ئێمە بە جددی لەگەڵ لایەنەکان هەموو هەوڵێک دەدەین ئەم یاسایە ڕاست بکرێتەوە چونکە لە ڕاستیدا ئەم یاسایە هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە.

دووەم: کار بکرێت بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، بەپێی بڕگەی 65ـی دەستوور. ئەمە زۆر گرنگە چونکە دڵنیایییەکە هەم بۆ هەرێم، هەم بۆ پارێزگاکان.

سێیەم: دادگای فیدرالی دابمەزرێت، بەپێی یاسای بنەڕەتی و بەپێی بڕگەی 92 و 93. دیارە هەموو ئەم شتانە دەبێت گونجاو بن لەگەڵ دەستوور، بەڵام دەبێت بکرێن، نەک دوا بخرێن، چونکە ڕەنگە زۆر لە کێشەکان هۆکاری نەبوونی ئەم دامەزراوانە بن. بڕگەی 140جێبەجێ بکرێت و چیتر دوا نەخرێت. یاسای نەوت و غاز پەسەند بکرێت، کە گونجاو بێت لەگەڵ یاسای بنەڕەتی. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشە لە نێوان هەرێم و بەغدادا و پێویست ناکات هەبێت. ئەم یاسایە لە ساڵی 2007دا، ئامادە کراوە و نووسراوەتەوە. من ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام دەبوو ئەو کاتە جێبەجێ بکرایە، بەڵام دواخرا و هەڵەیەکی گەورە بوو. هیوادارین ئەم یاسایەش جێبەجێ بکرێت و تەواو بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن