بەپەلە.. سودانی و بارزانی كۆبونەوەو مووچەو كاری هاوبەشیان تاوتوێكرد..
01:35 - 18/11/2025
زەمەن _ هەواڵ
مەسعود بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، لە دهۆک کۆبوونەوە و دوای پیرۆزبای لەیەکتر، بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە "کەشێکی ئارام و بێ کێشە"دا پرسی مووچە و چەند پرسێکی تریان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس، لە پارێزگای دهۆک، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووە وە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، تیشک خستنە سەر یاسای هەڵبژاردن بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەریی زیاتر.
هەروەها، هەردوولا هیواخوازبوون کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ببێتە مایەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی و سودانی، پرسی مووچەی مانگەکانی ٩ و ١٠ و ١١ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی سیاسیی عێراق و ناوچەکە، هەروەها دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کران.