16 کوردستان

باران بارین بەردەوام دەبێت

02:35 - 16/11/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

کەشناسی ڕایگەیاند: ئەم شەپۆلە بارانەی ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە بۆ ئەمڕۆش بەردەوامى دەبێت.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى بڵاوکردەوە و لەبارەی کەشی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوەداوە، ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، ئەم شەپۆلە بارانەشی ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە بەردەوامى دەبێت، هەندێ کاتیش لە ناوچە جیاجیاکان باران بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستى دابارین زیاتر دەبێت.

دەشڵێت: لە دواى نیوەڕۆ ئاستى باران زیاتر دەبێت لەسەر بەشێک لە سنوورى باشوورى پارێزگاى هەولێر و پارێزگاى کەرکووک و هەروەها بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان، لە کاتى باران بارین ئەگەرى هەورە تریشقەش هەیە، لە شەودا کاریگەرىی ئەم شەپۆلە کۆتاى دێت.

هەروەها پلەکانی گەرما بەگشتی یەک تا دوو پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە بەڵام لەناوچە شاخاویەکان دوو تا سێ پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزم دەبنەوە. 

کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت سبەى دووشەممە، لە کاتەکانى بەرەبەیان ئەگەرى دروست بوونى تەم هەبێت، لەسەر زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان، پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەلە هەور و کاریگەرىی شەپۆلى باران بارین کۆتاى دێت لەسەر ناوچەکەمان، هەروەها پلەکانی گەرماش نزمتر دەبنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

 هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی
سۆران: 18 پلەی سیلیزی
دهۆک: 17 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 20 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 9 پلەی سیلیزی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن