8وتار

لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد

11/17/2025 11:17:00 AM
د.شێرکۆ کرمانج

دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستیی حەتمین بۆ پاراستنی زمان و نەتەوە

پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و کۆیاد، کە وەک کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە لە بەشی دووەم و سێیەمی ئەم بابەتەدا ناسێنران، ئێجگار گرنگن بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی نەتەوە دەکەین، بە واتایەکی دیکە بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەی چی گرنگن و چی پێویستن. گرنگی زیاتر بە زمان دەدرێت چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەهای نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە، هەر بۆیەشە لە هەموو کۆڵەگەکانی دیکەی نەتەوە، زمان، بەر هێرش و یاساغکردن کەوتووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان‌دا.

گرنگی زمان بۆ نەتەوە

زمان توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی. لە هەندێک دۆخدا، بۆ نموونە کورد، ڕەنگە تاکە نیشانە بێت بۆ بوونی نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی ڕەسەن. وەک ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن، ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. زمانەکان پەیوەندیان بە پرۆسەی بیرکردنەوە و بە شێوازی تێگەیشتنی ئەندامانی گرووپە زمانییەکانەوە هەیە لە سروشت و گەردوون و دەوروبەر و کۆمەڵگە ((Stavenhagen 1996. گرنگی زمان ڕەنگە لە ژێر ڕووناکی تیۆرەکەی بێنیدیکت ئەندرسن بۆ دروستبوونی نەتەوە زیاتر دەرکەوێت کە بە "سەرمایەداریی چاپ" (print capitalism) ناسراوە. تێڕوانینەکەی ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو دەناسێنێت بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لە ڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاریی نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاری بۆ دەکات (Anderson 1991: 39-49).

هەر لەمەڕ گرنگی زمان بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت "زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووری تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن" (Kramsch 1998: 3). عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و یێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە ئاخافتن بکات، مەگەر لە ڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت (الفاسي ١٩٥٢: ٣٣٤). کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت یان دەبێت لە ڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت (Kangas & Bucak 1994: 362). لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم نەک ڕەق. بەکورتی، هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە بۆ لەناوبردنی کورد پێش هەموو شتێک زمانەکەیان یاساغ کردووە، زمانی نەتەوەی زاڵیان سەپاندووە، کولتووری کوردییان شێواندووە، مێژوویان ژێر خاک خستووە. هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردن و دواجار گۆڕینی ناسنامەی کورد، ئەویش پێش هەموو شتێک لەڕێگەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو زمانەی کە کورد جیاوازی خۆی پێ دەسەلمێنێت.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین.

ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت.

لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تونایەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لە ڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (وەک: زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆی کەرتی گشتی) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت.

بەسێنتەرکردنی زمانی نەتەوە

لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ، دواجار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەشبێت بە زمانی زانست و مەعریفە و ئەدەب و هونەریش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و فەلەسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون تەنیا لەبەرئەوەی زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە بەڵکوو لەوەش دایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت.

لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانی کەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژ بە ڕۆژ، لە هەرێم خەریکە عەرەبی گرنگتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆ بەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە زمانی عەرەبی شان لە شانی زمانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی یان عەرەبییە.

زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردیی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ‌ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی سادەی پێویست بێت.

بێجگە لەوە، وەک تیوری "بژاردەی عەقڵانی" (rational choice)، پێداگری لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیورە نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندوە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانای نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی تونای نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە و ئەگەری فرۆشتنی کتێبەکانیان زیاترە.

بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانی کەم یەکەیەکی سیاسی، فیدرالی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، یان ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەسێنتەرکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناوماننا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لە ڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرلییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پارستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە.    

بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژووی نەتەوە

لەپاڵ بە سێنتەرکردنی زمان بۆ مانەوەی نەتەوە، گرنگی دەوڵەت، یان دەوڵەتئاسا، لە بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژوو و کۆیاد بایەخی خۆی هەیە. وەک لە بڕگەکانی پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، وەک زمان، کولتوور و مێژوو و کۆیاد، بەها و ئەستوونی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە لەسەر هاوبەشەکان، تاڵ یان شیرین بن. چوار دەوڵەتەکەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەئاشکرا یان لە پشت پەردەوە، نەک هەر کولتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی، پەراوێز و پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو خۆیان بە خاوەنی، بەشێک یان تەواوی، کولتوور و مێژووی کورد کردووە. لە تورکیا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران میلۆدی و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بەتورکی کروان و تورک وەک خاوەنی ئەسڵی ئەم میلۆدییانە دەناسێنن یان وەک نەناسراو (anonymous) ناوزەدیان دەکەن، وەک ئەوەی فۆلکلۆری کوردی بێخاوەن بێت. لەڕاستیدا بێدەوڵەتی نەتەوە بەرەو بێخاوەنداریی دەبات.

وێنەیەکی دیکە لەوانەیە باشتر مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. هەر کەسێک تەماشایەکی مێژووی فەرمی دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران یان سووریا بکات، بەتایبەتی ئەوەی لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان دەخوێندرێن، ئەوە دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک هەست ناکات کورد لەو وڵاتانە بوونیان هەیە. لە تورکیا و ئێران، مێژووی کورد کراوە بە مێژووی تورکی یان ئێرانی؛ لە عێراق و سووریا کراوە بە مێژووی عەرەبی-ئیسلامیی. بۆ نموونە، لە هیچ کام لەم وڵاتانە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک کورد نەناسێنراوە. لە عێراق وەک سەرکردەیەکی عەرەبی کە پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی عەرەب کردووە وێناکراوە (وزارة التربیة ١٩٩٠: ١٩-٢٢). تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، لە عێراق، تورکیا و سووریا، یادکردنەوەی نەورۆز قەدەغە بوو. مەبەست لەم قسانە، وەک ئەوانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەوە دەوڵەتە، یان دەوڵەتئاسا، کە بڕیار دەدات چ مێژووییەک مێژووی تۆیە (بۆ نموونە: سەلجوقییەکان یان ئەیوبییەکان)، یان کێ سەرکردەتە ( بۆ نموونە: ئەتاتورک یان شێخ سەعیدی پیران).

ڕوونتر بڵێین، لە غیابی دامودەزگا و دامەزراوەگەلی وا کە بتوانن مێژوو و کولتوور و کۆیاد دروست بکەن و بپارێزن و بسەپێنن، نەتەوە نە مێژوو، نە کولتوور، نە یادەورەی هاوبەشی دەبێت، هەشی بێت ناتوانێت خاوەندارێتی لێ بکات. لە مێژووی نوێی تورکیا، کورد تەنیا و یەکجار وەک چەند "عەشیرەتێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا"، نەک کوردستان، بوونیان هەبووە کە بەشداریان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی تورکیا لە ١٩١٩-١٩٢٣ کردووە، لەوە زیاتر هەر مێژوویەک بۆ تورکیا نووسرابێتەوە نەک ناوی کورد، بۆنی کوردیشی لێ نایەت.

بەسێنتەرکردنی ئابووری نەتەوە

بەسێنتەرکردنی ئابووری هاوشێوەی پێداویستییەکانی دیکە بۆ مانەوەی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە. مەبەست لە بەسێنتەرکردنی ئابووی ئەوەیە کە گەشە و ئابووری وڵات چۆن دەکرێت لە خزمەت نەتەوەیەک یان لە دژی نەتەوەیەک بێت لەناو هەمان وڵاتدا. بۆ نموونە، هەر چوار وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ڕووی ئابوورییەوە کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئەمەش وای کردووە کە ‏گەشەیەکی ناهاوسەنگ (‏uneven development‏) لەنێوان ناوچە کوردستانییەکان‌ بە بەراورد بە ناوچەکانی نەتەوەی باڵادەست (تورک، فارس و عەرەب) ڕووبدات. بێجگە لە بەدواکەوتوویی مانەوەی هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەک ئاکامێکی ئەم سیاسەتە بەئانقەست و سیستەماتیکە، کۆچی بە کۆمەڵی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، بەغدا، ‏ئەستەمبوڵ، ئەزمیر، دیمەشق و حەلەبی لێکەوتۆتەوە کە پڕۆسەی توانەوەی کورد ئاسانتر کردووە.

ژمارەی ‏کورد لە ئەستەمبوڵ کە سەنتەرێکی ئابووری و پێشەسازی تورکیایە نزیک بە سێ ملیۆنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ئاکامی ‏بەئەنقەست پشتگوێخستنی باکووری کوردستان، یان بەشەڕگەبوونی کوردستان، کۆچیان کردووە. لە عێراق، بەهەمانشێوە، تا هەشتاکان چاڵە گەورە دۆزراوەکانی ‏نەوت لە عێراق زۆربەیان لە باشووری کوردستان بوون کەچی لەو نۆ پاڵاوگە نەوتییەی کە تا ٢٠٠٣ لە عێراق دروستکرا بوون ‏تەنیا یەک دانەی لە کوردستان بوو. لەڕاستیدا، ئەو دانەیەش زیاتر بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کەڵکی لێ وەردەگیرا لەلایەن حکومەت، ئەویش بەهێنانی کارمەند و کرێکاری عەرەب بۆ پاڵاوگەکە. لە ‏ئێران، سیاسەتی ناگەشە (de-development) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کردووە بە دەستی کاری کاتیی و هەرزان لە شارە ناکوردییەکانی ئێران. بۆ نموونە، کوردێکی زۆر لە ئێران لە کورەکان کاردەکەن یان کۆڵبەری ‏دەکەن، کە هەم ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە، هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزم ڕادەگرێ.

بە کورتی، بۆ مانەوەی نەتەوە و زمان، مەرجە کە یاسا و ستراتیج و میکانیزمی تۆکمە بسەپێنرێت و پەیڕەو بکرێت کە خۆی لە بەسێنتەرکردنی زمان، واتە زمانی نەتەوەکە بکرێت بە زمانی خوێندن و نووسین و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار. بۆ ئەم ستراتیجییەتە گرنگە و ئامانجە مەزنە‏، دامودەزگا و دامەزراوەی حکومی (بۆ جێبەجێکردن و سەپاندن)، پەرلەمانی (بۆ ڕێگەپێدان و یاسادانان)، واتە دەوڵەت یان دەوڵەتئاسا، زەرورەتێکی حەیاتییە. لە غیابی ئەمانە نەتەوە و زمان ئەگەرەکانی پووکانەوەی دێتەگۆڕێ و لەناودەچێت.

بەرئەنجامی هەر چوار بەشەکە

ئەم بابەتە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی سەدان ساڵ لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتەکان بوون کەچی زمانەکەیان لە دەست نەداوە؟ ئەدی بۆ وەک گرووپێکی نەتەوەیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەگەری ونبوون و نەمانی هەیە؟ سەرەتا، سروشت و دۆخ و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت بەراورد کرا بە هی دەوڵەت-نەتەوە. لەژێر ڕووناکیی بەراوردکارییەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی کورد لەناو قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکان (هەر لە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە عوسمانی و سەفەوییەکان) بوونی فرەجەمسەریی و قەبوڵکردنی فرەیی بووە لە ئیمپراتۆرییەتەکان کە ژینگەیەک تێیاندا ڕەخسابوو کورد و زمانەکەی هەڕەشەی وجودییان لەسەر نەبووە. هاوکات، ڕۆڵی خێزان لە گەیاندن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان بەراورد کرا بە ڕۆڵی لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا. لەوێش بەو بەرئەنجامە گەیشتین کە خێزان یەکەیەک و دامەزراوەیەک بووە لەوەی یەکەم کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر سەربەخۆییانە کاری کردووە و توانیویەتی زمان و کولتوور و ناسنامە بپارێزت، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی خێزان بەرتەسککراوەتەوە و دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لە ئاکامدا، بەو ئەنجامە گەیشتین کە ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بوو بێت لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانای خۆیان وەگەڕخستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ.

ئەمانە و ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە بابەتەکە گفتوگۆ کراون بوونەتە مایەی مانەوەی گرووپە ئیتنییەکان لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکان و پووکانەوە لەژێر نیری دەوڵەت-نەتەوەکان. دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان دەهاڕن و لە ڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە ملیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناوبردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ ‌و سەردەست‌، کولتووری زاڵ‌ و سەردەست، زمانی زاڵ ‌و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بە خۆشی بێت یان بە زۆر، لە ماشێن ‌و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن ‌و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد دەوڵەتی نەبێت ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.

سەرچاوەکان:

الفاسي، علال. (١٩٥٢). النقد الذاتي. القاهرة: المطبعة العالمیة.

وزارة التربیة (١٩٩٠) المطالعة التوجیهیة للصف السادس الادبی، بغداد: وزارة التربیة - الجمهوریة العراقیة.

Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.

Kramsch, Claire (1998). Language and Culture. Oxford: Oxford University Press.

Skutnabb-Kangas, Tove & Bucak, Sertaç (1994). “Killing a mother tongue, how the Kurds are deprived of linguistic human rights”. In Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (Eds.), Linguistic Human Rights. Overcoming Linguistic Discrimination. Berlin: Mouton de Gruyter, pp. 347-370.

Stavenhagen, Rodolfo (1996). Ethnic Conflicts and the Nation-State. New York: Palgrave Macmillan.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن