11وتار

”دەنگ کڕین“ وەک تازەترین میتۆدی کاری ڕێکخراوەیی

11/17/2025 11:22:00 AM
سەباح محەمەد ئەشکەنەیى

لە مێژوی حزبی کوردیدا؛ سەنگەر گواستنەوە و مەبدەء فرۆشتن مۆدێلێکی تازە نیە؛ بەڵام ئەم پەتایە حاڵەت بو نەگەیشتبو بە دیاردە؛ ئەم حاڵەتانە زیاتر لە نزیک لوتکەی هەڕەمی حزبەوە ڕوی ئەدا؛ لەپێناو بەرژەوەندی کەسیدا یان چاوپۆشیکردن لەدۆسیەیەکی گەندەڵی یان ئابڕوبەرانە.

هاوکێشەی ئەمجارەی هەڵبژاردن بریتیبو لە” دەنگ کڕین؛ و دەنگ فرۆشتن“؛ لەپێشودادەنگ کڕ؛ دەستپێشخەری دەکرد؛ و دەنگ فرۆش مامەڵەی نەدەکرد؛ بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ فرۆش مامەڵەی لەگەڵ دەنگ کڕدا دەکرد.

لەنێوان دەنگدەرانی یەک حزبدا؛ کاندیدەکان مامەڵەی کڕینی دەنگیان دەکرد؛ ئەوەندەی کاریان لەسەر کڕینی دەنگی ئەندامانی حزبەکەیان بو؛ نیو ئەوەندە کاریان نەدەکرد بۆ قەناعەتپێکردنی دەنگدەرە خۆڵەمێشیەکان.

دەنگدان تەنها ڕەهەندێکی سیاسی نیە؛ بەڵکو ڕەهەندی ئەخلاقی و ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینی و کارگێڕیش لەخۆ دەگرێت؛ چاوبڕینە پنتێکی بچوکی بەرژەوەندی کاتی کەسی؛ دەنگدەر دادەماڵێت لە خەم و کێشە گەورەکانی.
لەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنی پێشوشدا؛ کارنامەی هەڵبژاردن غائیب بو؛ ڕستەی دوبارەی سەر وێردی زمانی کاندیدەکان یەک ڕستەی بێ بنەما بو“ دەچینە بەغدا داکۆکی لە مافەکانتان دەکەین”.

حزبەکانی دەسەڵات بەهایان بۆ دەنگ و دەنگدەر نەهێشتوەتەوە؛ و منەتیشیان بە دەنگدەر نیە؛ چونکە لەبەرامبەر دەنگەکەت پارەت وەرگرتوە.

لەڕاستیا ئێمە پێویستیمان بە ڕاستکردنەوەی ئەم سلوکە هەیە؛ دەنگدەر  نابێ دەنگی بفرۆشێت؛ حزبیش کە بیەوێ دەنگ بکڕێت دەبێ لەقاو بدرێ.
ئەوەی حزب دەیبەخشێتەوە لە دەنگدانا؛ سامان و داهات و بودجەی هاونیشتمانیانە؛ گرنگە دەنگدەر هۆشیار بێت بەرامبەر ئەوەی ڕووئەدات؛ سوڕی مێژو لەم دۆخەدا ناوەستێ؛ مت بونیش بەمانای ڕەزامەندی نایەت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن