پارتی لەکەرکوک ئاهەنگی راگرت و «بەقوڵی»ی نیگەرانە
01:54 - 13/11/2025
زەمەن:-
شاخەوان عەبدوڵا، ڕایگەیاند: هەموو ئاهەنگ و چالاکییەک لە كەركوك رادەگرن بەهۆی لە دەستدانی كورسییەكەی كورد و پارتی لە شارەكە، كە بەهۆی کەمتر لە پێنج هەزار ئەو كورسییە لەدەست درا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن لەلایەن كۆمسیۆنەوە، شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی لەدەستدانی کورسییەکی کورد و پارتی لە كەركوك، بڕیاریاندا سەرجەم ئاهەنگ و خۆشیی و چالاکییەک ڕابگرین.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەماوەی ڕابردودا و لەچەندین لێدوانی میدیایی، چاوپێکەوتنەکان و کۆڕوکۆبونەوە جەماوەرییەکان باسمان لە مەترسی لەدەستدانی کورسی شەشەمی کورد دەکرد و دەمانگوت پێکهاتەی عەرەب بەشداری کارایان دەبێت و پێویست دەکات سەرجەم کەرکوکییەکان بگەڕێنەوە و کەرکوک و بەرنامەی چڕیش بۆ ئەو بابەتە دابنرێت.
شاخەوان عەبدوڵا دەشڵێت، "بەداخەوە کاری جدی و ئاسانکاری نەکرا بۆ ئەو بابەتە و ئەوەتا بەهۆی کەمتر لە پێنج هەزار دەنگ، کورسی دوەمی پارتی و کورسی شەشەمی کورد لەدەستدرا. دڵنیام ئەم بابەتە بەبێ لێکۆڵینەوە لێپرسینەوە تێناپەڕێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامی بەرایی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە، كە بەگوێرەی ئەنجامەكان كورد لە كەركوك پێنج كورسی بەدەسهێناوە (یەكێتی ٤ کورسی، پارتی یەک کورسی)، هەروەها، عەرەب پێنج كورسی و توركمانیش دوو كورسی. ئەوەش بۆ یەكەمجارە ڕێژەی كورد و عەرەب لە شارەكە یەكسان بێت.