1065 کوردستان

پێشبینی بۆ ژمارەی کورسی حزب و لایەنە کوردییەکان

02:44 - 19/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 هەرچەندە پێشبینیکردن بۆ ژمارەی کورسی حزب و لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان ئاسان نییە، بەو پێیەی ژمارەی ناوەندەکانی ڕاپرسی و توێژینەوە زۆر نین بۆ ئەوەی پشت بە ڕاپرسییەکانیان ببەسترێت.

ئەو ناوەندانەش ڕاپرسی ئەنجام دەدەن، پرۆسەکە بە نهێنی و زیاتر بۆ حزبەکانی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی حزبەکان قەبارەی خۆیان بزانن، بەڵام ئەم شیکارییە بۆ پێگەی جەماوەری لایەنەکان هەوڵدەدات جۆرێک لە بەرچاو ڕوونی پێشوەخت ببەخشێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان؛ 26 بۆ 29 کورسی

 ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمدەکات، ئەمەش مانای خراپی دۆخی ڕێکخستن و جەماوەری ئەو حزبە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بارودۆخی پارێزگای نەینەواوە هەیە.

لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پارتی 31 کورسی ئەنجومەنەکەی بەدەستهێنا، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی کەم ببێتەوە.

پارتی لە پارێزگای هەولێر 8 کورسی لەکۆی 15 کورسی مسۆگەرە و شەڕی بەدەستهێنانی کورسی نۆیەم دەکات، هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش 8 کورسی مسۆگەرە و شەڕی کورسی نۆیەم دەکات.

پارتی لە پارێزگای سلێمانی 2 کورسی مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی سێهەم دەدات و ئەم خواستە لەسەر ڕێژەی بەشداریکردن دەوەستێتەوە، بەڵام لە پارێزگای نەینەوا دۆخەکە بۆ پارتی خراپە و لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا 9 کورسی هێنا، لەکاتێکدا پێشبینی کەمبوونەوەی کورسییەکانی بۆ 5 کورسی دەکرێت.

پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بە سیستەمی فرەبازنەیی بەڕێوەچوو، کەرکوک بۆ سەر سێ بازنە دابەشکرا و پارتی بەسود وەرگرتن لەمە توانی لە بازنەی ناوەڕاست کورسییەک بباتەوە، بۆیە پارتی کورسییەکی لەو پارێزگایە مسۆگەرە و هەوڵەکانی بۆ کورسی دووەم چڕکردووەتەوە.

لەهیچ هەڵبژاردنێکدا پارتی لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین کورسی بەدەستنەهێناوە، بەڵام ئەمجارە دوو کاندیدی لەو دوو پارێزگایە لەنێو لیستی "عەزم"ـی موسەنا سامەرائیدا هەیە، هەوڵدەدات لەو پارێزگایانە قەرەبووی کەمکردنەوەی کورسییەکانی لە نەینەوا بکاتەوە.

سەرکەوتنی کاندیدەکەی پارتی لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەگەرێکی دوور و چاوەڕوان نەکراوە، بەڵام دەرچوونی کاندیدەکەی لە دیالە بە کۆتا و سود وەرگرتن لە دەنگەکانی عەزم ئەگەر و نەگەرە.

بەم پێییە پارتی لە هەولێر 8 کورسی، لە دهۆک 8 کورسی، لە نەینەوا 5 کورسی، لە سلێمانی 2 کورسی و لە کەرکوک کورسییەکی مسۆگەرە، تێکڕا 24 کورسی مسۆگەرە و لەسەر 5 کورسیش ململانێ دەکات.

پێشبینی دەکرێت پارتی 26 بۆ 29 کورسی بەدەستبهێنێت، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی 3 کورسی لەو 5 کورسییەی هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان؛ 18 بۆ 20 کورسی

ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی پێناچێت زۆر گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئێستا 17 کورسی لەو ئەنجومەنە هەیە.

یەکێتی لە پارێزگای نەینەوا 2 کورسی مسۆگەرە و هێنانی کورسی سێهەم قورسە، لە پارێزگای کەرکوک 3 کورسی بەدەستدەهێنێت و هەوڵی کورسی چوارەم دەدات، لە پارێزگای دیالە ژمارەی کاندیدەکانی زۆرە و چاوەڕوان دەکرێت کورسییەکەی بەدەست بهێنێتەوە.

هەروەها بەدەستهێنانەوەی کورسییەکەی لە پارێزگای سەڵاحەدین قورس و زەحمەتە، بەو پێیەی لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەجیاوازی دەنگێکی کەم لە ڕکابەرەکانی بردەوە، بە بچووکترین هەڵە ئەمجارە لەدەستی دەدات.

بەدەستهێنانی تەنها یەک کورسی لە پارێزگای دهۆک لەلایەن یەکێتییەوە ئەگەر و نەگەرە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر 2 کورسی مسۆگەرە و هەوڵی کورسی سێهەم دەدات، لە سلێمانیش 8 کورسی بەدەستدەهێنێت و کار بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر دەکات.

ئەوەی دەرفەتی بۆ یەکێتی ڕەخساندووە بۆ زیادکردنی کورسییەکانی لە سلێمانی، دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەگەری کەمی بەشداری خەڵکە لە هەڵبژاردن دا، ئەمە جگە لەوەی پارەیەکی زۆری بۆ پرۆسەکە تەرخان کردووە.

یەکێتی لە کەرکوک 3 کورسی، لە سلێمانی 8 کورسی، لە هەولێر 2 کورسی، لە نەینەوا 2 کورسی، لە دیالە کورسییەک، بەمپێیەش ژمارەی کورسییەکانی دەوەستێتەوە سەر ئەو 6 کورسییەکەی تر کە شەڕی بەدەستهێنانی دەکات.

بەپێی پێشبینییەکان، یەکێتی 18 بۆ 20 کورسی بەدەستدەهێنێت، ئەگەری پێکانی ئەم پێشبینییە بەندە بە ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرەوە، چونکە کەمی بەشداری خەڵک لە بەرژەوەندی ئەم هێزەدایە.

نەوەی نوێ؛ 5 بۆ 7 کورسی

 لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، نەوەی نوێ 9 کورسی بەدەستهێنا، لە سلێمانی 5 کورسی، لەهەولێر 3 کورسی و لە کەرکوک کورسییەکی بەدەستهێنا.

ئەگەر ڕێژەی دەنگەکانی نەوەی نوێ زۆر کەمیش بکات، سێ کورسی لە سلێمانی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەگەر بتوانێت پارێزگاری لە بەشێکی دەنگەکانی بکات ڕەنگە بیگەیەنێتە 4 کورسی.

لە هەولێر نەوەی نوێ دوو کورسی بەدەستدەهێنێت و ئەگەری هێنانی کورسی سێهەم قورسە، بەڵام هێنانەوەی کورسییەکەی لە کەرکوک ئەگەری بەدەستهێنانەوەی زیاترە وەک لە لەدەستدانی.

نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دا لە کەرکوک، نزیکەی 27 هەزار دەنگی هێنا و پێشبینی زیادکردنی دەنگەکانی دەکرێت، بەو پێیەی یەکگرتووی ئیسلامی کاندیدێکی لە نێو لیستەکەیدا هەیە و لایەنە ناڕازییەکانیش لیستیان لەو پارێزگایە نییە.

سەبارەت بە پارێزگای دهۆکیش، نەوەی نوێ لە باشترین حاڵدا تەنها کورسییەک بەدەستدەهێنێت، لەکاتێکدا پێشبینی ناکرێت لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە کورسی بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

نەوەی نوێ 5 بۆ 6 کورسی تا ئێستا گەرەنتییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی لە ئەنجومەنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، لەنێوان 5 بۆ 7 کورسیدا بێت.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان؛ 3 بۆ 5 کورسی

 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دا، 4 کورسی بەدەستهێنا، دوو کورسی لە ناوچەی سلێمانی و دوو کورسیش لە پارێزگای دهۆک، پێشبینی ناکرێت ژمارەی کورسییەکانی یەکگرتوو زۆر گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

بەدەستهێنانەوەی دوو کورسییەکەی پارێزگای دهۆک لەلایەن یەکگرتووەوە هەوڵی چڕی دەوێت، بەو پێیەی پارتی لە نەینەوا دەنگەکانی کەم دەکات و هەوڵدەدات لە دهۆک و دیالە قەرەبووی بکاتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت یەکگرتوو دوو کورسییەکەی لە ناوچەی سلێمانی بەدەست بهێنێتەوە، هەروەها بەدووریش نازانرێت کورسییەک لە هەولێر بەدەست بهێنێت، کە جاری پێشوو بەدەستی نەهێنا.

بۆیە ژمارەی کورسییەکانی یەکگرتوو دەوەستێتەوە سەر ئەوەی تاچەند پارێزگاری لە دوو کورسییەکەی دهۆکی دەکات و تا چ ئەندازەیەکیش سەرکەوتوو دەبێت لە بردنەوەی کورسییەک لە هەولێر.

پێشبینی دەکرێت ژمارەی کورسییەکانی یەکگرتوو بۆ ئەنجومەنی داهاتووی نوێنەران لە نێوان 3 بۆ 5 کورسیدا بێت.

ڕەوتی هەڵوێست؛ 2 بۆ 3 کورسی

 ڕەوتی هەڵوێست بەوپێیەی هێزێکی تازە دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران دا بەشداری نەکرد، بۆیە یەکەم هەڵبژاردنی عێراقە کە خۆی تاقی دەکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت ڕەوتی هەڵوێست 2 بۆ 3 کورسی بەدەست بهێنێت، کورسییەک لە سلێمانی و کورسییەک لە هەولێر، بەدەستهێنانی کورسی دووەم لە سلێمانی دەوەستێتەوە سەر ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن دا.

کۆمەڵی دادگەریی؛ 1 کورسی

 کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا 1 کورسی لە پارێزگای سلێمانی بەدەستهێنا، بەپێی پێشبینییەکان پێگەی وەکو خۆی دەمێنێتەوە و پێدەچێت ئەو کورسییە بەدەست بهێنێتەوە.

بەرەی گەل؛ سفر بۆ 1 کورسی

 بارودۆخی جەماوەری بەرەی گەل ڕوون نییە، بەوپێیەی دوای دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، دۆخی ئەم هێزە ڕووی لە ئاڵۆزی کردووە، لایەنگرانیان لە سنوری سلێمانی لە دۆخی ترس و بێدەنگیدان.

بەدەستهێنانی کورسی لەلایەن بەرەی گەلەوە قورسە، چونکە میدیایان لەدەستداوە و دۆخی داراییان وەک پێویست نییە، ئەمە جگە لەوەی جەماوەرەکەشیان لە دۆخی سڕبوون و کپیدان.

بەرەی گەل لەباشترین حاڵەتدا کورسییەک و لە خراپترین حاڵیشدا کورسی بەدەستناهێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن