382 کوردستان

وادەی بارانبارینی ئەم هەفتەیە دیاریکرا

04:10 - 18/10/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 کەشناسێک ئاشکرای دەکات، پێشبینی ده‌كرێت له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ شه‌پۆلێكی باران بارین به‌ڕێژه‌ی جیاجیا ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌و له‌ هه‌ندێ شوێنیش ئه‌گه‌ری دروستبونی لافاو هه‌یه‌.

 ئەمڕۆ شەممە، ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥،  ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگەیاند:  لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لە باشوری ئەوروپا و دەریای ناوەڕاستەوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیەوە، شەپۆلێکی بارانبارین بەڕێژەی جیا جیا ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەگشتی پێشبینی بارانی کەم و پچڕپچڕ ئەکەین بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەرین و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، لەهەندێ شوێنیشدا بڕی بارانەکە زیاتر ئەبێت لە نێوان دوو تا پێنج ملیممەتر.

ئەو کەشناسە دەشڵێت: لەسنوری پارێزگای دهۆک و بەتایبەت ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە کاریگەرییەکانی شه‌پۆله‌كه‌ بەهێز ئەبێت و لەو ناوچانەدا ئەگەری تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە و چالاکبونی هەورە بروسکەی بەهێز ئەبێت کە لەهەندێ شوێنیشدا ئەگەری ئەوە ئەبێت لافاو دروستببێت و بڕێکی زۆر باران ببارێت لەنێوان 20 تا 50 ملیممەتر.

ئاراس جه‌بار ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، پلەکانی گەرماش لەماوەی ئەم شەپۆلەدا بەجیاوازی ناوچەکان 5 تا 8 پلە نزمدەبنەوە و لەکۆتایی هەفتەوە بەرزبونەوە بەخۆیانەوە ئەبیننەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن