114 کوردستان

بەرزترین رێژەی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەولێرە

03:55 - 11/11/2025

زەمەن:-

 

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق زۆر باشە و زۆرترین ڕێژەش لە سنووری هەولێرە. دووپاتیشی کردەوە، ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت.

 ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، جەعفەر ئیمێنکی، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد، لە بەیانییەوە چاودێریی نزیکەی 14 هەزار وێستگەی دەنگدان دەکەن و بۆیان دەرکەوتووە، تا ئێستا رێژەی بەشداریی دەنگدەران "زۆر باشە". وەک خۆی گوتی، زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی لە سنووری پارێزگای هەولێرە، سلێمانی لە پلەی دووەم و دهۆکیش لە پلەی سێیەم دێت.

وتیشی:  "کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە و ئەمجارە دەنگی هیچ دەنگدەرێک نافەوتێت، چونکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کێشە تەکنییەکانی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی چارەسەر کردووە." دووپاتیشی کردەوە "بە شێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق."

ئەمە لە کاتێکدایە، کە بایانی ئەمڕۆ، کاتژمێر ٧:٠٠ لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن