سلێمانی لە قەیراندا
11/15/2025 9:19:00 PM
وەلید عومەر
ئەمڕۆ سلێمانی بە قەیرانی خۆیدا تێدەپەڕێت، قەیرانی سیاسی نا بەتەنیا،
ئابورییش نا، کۆمەڵایەتی و کەلتورییش نا- بەڵکو هەموو ئەمانە پێکەوە: "قەیرانی
وێنە"، وێنەکەی خۆی، وێنەی سلێمانی.
ئێستا خەڵک کۆکن لەسەر ئەوەی کە سلێمانی هێند بێخزمەتە، بەرەو
"گوندێکی گەورە" ڕۆیشتووە. بەڵام ڕاڤەی پشت ئەم قسەیە، شتێکی تر هەڵدەگرێت:
ئەو "دەرهاوێژی-projection"یەی
بۆ سەر هەولێر هەیبوو، گەڕاوەتەوە بۆ سەر خۆی. تووشی "ناوهاوێژی-introjection"یەک بووە، هێنانەوەی ئەو وێنەیەی کە دابوویەدەرەوە.
بەڵام ئاخۆ ئەمە تەنیا سۆزێکی کاتییە، یان ڕامانێکی ستراتیژییە لە خۆ؟
یادی سلێمانی، عادەتەن یادێکی گەرمە؛ بەڵام ئەمساڵ خۆلۆمەکردن زۆرترە.
پێش هەموو شتێک پێویستە دوو ئاست لە یەکتر جیابکەینەوە. ئاستی دەروونی، و ئاستی کۆمەڵایەتی.
لە ئاستی دەروونی دا، یادکردنەوە سرووتێکی ئاساییە و بیرهێنانەوەی ڕووداوێکی ڕۆحی
و دەروونییە، بیرهێنانەوەی ڕیشە و زێد. ئاستی دووەم، ئاستە کۆمەڵایەتییەکە، مەودایەکە
لە ئاستی یەکەم. شتەکان سەرەتا زاتی و دەروونیین، دوایی کۆمەڵایەتیدەبنەوە: لە
ئاستی کۆمەڵایەتی دا دەچیتە پەیوەندییەوە لەگەڵ ئەویتر، دەرەوە، جیهان. ئێمەی کورد
لە زۆر حاڵەتدا ئەم دوو ئاستە تێکەڵ دەکەین. بۆ نمونە لە ئاستی فیکر و تیۆریزەدا،
بەهەڵە لە جێی یەکتر وەریاندەگرین. بۆ نمونە، لە دەروونشیکاری دا، باوککوژی لەبنەڕەتدا
حاڵەتێکی دەروونییە نەوەک کۆمەڵایەتی. سەرەتا لە نەستدایە، لەو شوێنە کرچ و بەراییە؛
و ئەوە دواترە دەشێت فۆرمێکی دیاری کۆمەڵایەتی وەربگرێت. بەڵام زەینی ئێمە، یەکسەر
لە پانتایی کۆمەڵایەتی دا بۆ باوککوژی دەگەڕێت. ئەمە بۆ هەموو چەمک و تێزەکانی تریش
درووستە (ساڵانێک پێمانوابوو باوککوژیی ناو –حەسار و سەگەکانی باوکم- باوککوژییەکی
دەروونشیکارانەیە؛ کەچی پتر عامیانە و کۆمەڵایەتییە). ئەم جیاوازییە بۆ یادەکانیش ڕاستە:
یادکردنەوەی زێد شتێکی ئاساییە، دەروونییە؛ بەڵام لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا هاوکێشەکە
دەگۆڕێت و تێکەڵ بە گوتار و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی دەبێت.
سلێمانی، لە دوای ڕووداوەکەی لالەزارەوە بەر قەیرانی جدیی وێنەکەی خۆی
کەوت. ئەو وێنە ڕۆشنبیرییەی کە پێدەچێت بتوانین بڵێین لە دوو قۆناغی پێشمۆدێرن (سێکوچکەی
کلاسیکی سۆرانی) و مۆدێرن (سەردەمی پیرەمێرد)دا ناوکی خۆی پێکهێناوە. هەر لەناو مۆدێرنەیەکی
سیاسیی درەنگتریشدا ناوێکی وەک "پایتەختی ڕۆشنبیری"ـی لێ دەنرێت کە
گوزارشت لە کۆمەڵێک بزاوتی گرنگی سیاسی و ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیریی سەدەی بیست دەکات.
بەڵام پارتی و یەکێتی، ئەمە وەک لۆژیکی فیفتی-بە-فیفتی بەکاردەهێنن و بەکاریشیانهێنا،
بۆیە زوو قەیران کەوتە ناو وێنەکەوە، کە وێنەکە خۆی هی زەمەنێکی کۆنترە لە حیزبی
کوردی. لالەزار، لە هەناوی ئەم وێنەیەوە تەقییەوە کە سلێمانی دەیویست یەکپارچەیی خۆی
بەرامبەر زۆنەکەی تر ڕابگرێت. ئەم وێنەیەش لە ئاستە سیاسییەکەیدا، ڕیشەی بۆ نیو سەدە
دەگەڕێتەوە، بۆ ململانێی جەلالی-مەلایی. کۆی وێنەکەش تا ڕووخانی بابان دەچێتەدواوە
کە تراومایەک (زەبرێکی دەروونی) بەر مناڵیی سلێمانی دەکەوێت و ساڕێژنابێت، تراومای
شێخ مەحمودیشی بەسەردا دێت. لالەزار، پاشەوپاش دەلکێت بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە کە
برینێکی تری ناو جەلالییە و "یەکێتیی نوێ"ش بۆ دوا تاکو دەگاتەوە بە
"شۆڕشی نوێ"، هەڵهاتنە لە پارچەبوون. گەر گۆڕان لقێکی تری جەلالی بووبێت
دژی تابۆی مەلایی، ئەوا لالەزار شکانی ئەم تابۆیە بوو. ئێستا وێنەی پارتی ئەوەندەش
نەگریس نیە، یەکێتیی نوێ ڕووی پارتیی سپیکردەوە، تەنانەت لەژێر پێستی کۆی زۆنی سلێمانییەوە
نەرمەستایش بۆ پارتی دەستیپێکردووە.
ڕەنگە شارەکان لەبنەڕەتدا دوو جۆر بن، دڵنیا و ڕاڕا. هەولێر، پتر شارێکی
دڵنیایە. بەڵام سلێمانی، شارێکی ڕاڕایە بەرامبەر وێنەی خۆی. بەگشتی دیاردەی شار هەروەکو
دیاردە جیۆلۆجییەکان، لە ناوەوە دەکوڵێت و پێکهاتەی نوێ وەردەگرێت و ناوکەکەی گۆڕانی
بەسەردا دێت. شاری تەواو ڕاڕا و تەواو دڵنیاش بوونی نیە. لەگەڵ شەپۆلەکانی سەرمایەداری
دا بۆ کوردستان، پارتی پەرە بە سەرمایەدارییەکی تایبەت دەدات و لەڕواڵەتیشدا پەرە
بە گوتارێکی ناسیۆنالیستی دەدات (کە زۆر بەجدیی نیە). شکستی ئازادیی سیاسی و ڕادەربڕین
لە سلێمانی، و ساردبوونەوەی دیاردە کەلتورییەکانی وەک پێشانگای کتێب و پرۆژەی بێلایەن،
و کۆپیکردنی میدیای پارتی و ئەمنیکردنەوەی شار تێکڕا تەڵخبوونی وێنەکەن. ئەمە بێ لەوەی
بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێت هەولێر شوێنی کەسابەت و نیشتەجێبوونە، و سلێمانی مایەی جێهێشتن.
نەوە تازەکان دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم بانگەشانەوە، جگە لەوەش مرۆی کورد تێکڕا
چاوی کراوەتەوە و پۆڵێن و درووشمی ڕووت زۆر بڕناکات.
ئیشی قەڵەمی ئازاد، بەرگرییە لە شوناسی کراوە، گوتاری یەکسانی، کۆمەڵگایەکی
بەردەوام خۆ-تێپەڕێن.